سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پیرۆزبایی ئاراسته‌ی یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی ‌ كوردستان كرد

بە ناوی خوای مەزن و دلۆڤان

بەرێزان سەرۆك و ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان

سڵاوی خواتان لێ‌ بێت

بە بۆنەی 40 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتییەكەتان ، گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوە و لە ڕێگەی ئێوەشەوە لە سەرجەم زانایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە تەواوی كوردستان دەكەم.

زانایانی ئایینی لە كۆمەڵگەی كوردستانیدا هەمیشە رۆڵێكی نەتەوەیی كاریگەریان هەبووە ، بە تایبەتی لە كات و رۆژە تەنگەكان و پاڵپشتێكی پتەو بووینە لە بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستاندا بە رابەرایەتی بارزانیی نەمر كە یەكەم كەس بوو دڕكی بە بایەخی ئەو توێژە كاریگەرە كرد، بۆیە هەر لە دوای مۆركردنی بەیاننامەی 11ی ئاداری مێژوویی بە چەند مانگێك بە پێویستی زانی گشت زانایانی ئایینی لە كوردستاندا لەو یەكێتییەدا كۆبكاتەوە بۆ ئەوەی بە رۆڵی مێژوویی خۆیان لە بوارەكانی پەروەردەو ئامۆژگاری و ئاشتەوایی و هاندانی میللەتەكەمان لە داكۆكیكردن لە مافەكانی هەڵبستن.

هیوادارم لەم یادە مێژووییەدا ، یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان لەسەر ئەو رێبازەی خۆی بەردەوام بێت و هەمیشە دروشمی كاركردنەكەی پاراستنی یەكریزی و پێكەوە ژیان و تەبایی میللەتەكەمان و خزمەتكردن بە ئایینی ئیسلام و گەلی كوردستان و وەستان دژ بە دیاردەی تیرۆر و پشتگیریكردن بێت لە ئەزموونی هەرێمی كوردستان كە بەرهەمی خوێنی شەهیدان و تێكۆشانی گشت پێكهاتەكانی گەلی كوردستانە.

سڵاو بۆ گیانی دامەزرێنەری یەكێتی زانایان و سەرجەم شەهیدانی كوردستان ، بە تایبەتی شەهیدانی یەكێتی زانایان.

خوای مەزن پشت و پەنای هەموولایەكمان بێت

مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
20/9/2010