سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان داوا ده‌كات په‌یوه‌ندی نێوان زانایانی ئایینی‌و رۆشنبیرانی ئیمارات به‌رده‌وام بێت


رۆژی دووشه‌ممه‌ 2/6/2014 مامۆستا مه‌لاعه‌بدوڵا مه‌لا سه‌عید گرتكی‌ سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان‌و شاندێكی هاوڕێی سه‌ردانی به‌ڕێز راشد المنصوری  باڵیۆزی گشتی ئیماراتی عه‌ره‌بیان كرد له‌ شاری  هه‌ولێر.

له‌ سه‌ره‌تادا سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان سوپاسی باڵیۆزخانه‌ی ئیماراتی كردو، رایگه‌یاند كه‌ پێویسته‌ دیداری نێوان هه‌ردولامان به‌رده‌وام بێت‌ له‌ لایه‌ك بۆ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندی هه‌ردولامان‌و تا رێگایه‌كی گونجاویش بۆ په‌یوه‌ندی نێوان زانایانی ئایینی له‌ كوردستان‌و زانایانی ئایینی له‌ ئیماراتی یه‌كگرتوی عه‌ره‌بی بدۆزینه‌وه‌.

هه‌روه‌ك له‌ به‌شێكی تری وته‌كانیدا گوتی: ئێمه‌ به‌وه‌ دڵخۆشین كه‌ ئه‌و هاوڵاتیبونه‌و یه‌كتر قه‌بوڵكردنه‌ی نێوان چینه‌كانی كۆمه‌ڵگای ئیماراتی ده‌بینن‌و ئێمه‌ش له‌ كوردستان پێویسته‌ ته‌ماشای ئیمارات بكه‌ین تا زیاتر ئه‌و جۆره‌ پێكه‌وه‌ژیانه‌ له‌ ناوماندا ره‌نگ بداته‌وه‌و بیری میانه‌ره‌وی بیروباوه‌ڕی‌و شه‌ریعه‌ت‌و هه‌ڵسوكه‌وت له‌ وڵاتماندا به‌ره‌و پێش ببه‌ین به‌ تایبه‌ت لای ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌ كاری بانگه‌وازی دینی هه‌ڵئه‌ستن، تاكو دینی پیرۆزی ئیسلام وه‌كو خۆی بگاته‌ موسڵمانان‌و هێمنی‌و ئارامیش له‌ وڵاتماندا به‌رقه‌رارتربێت.

 له‌ لایه‌ن خۆشیه‌وه‌ به‌ڕێز راشد المنصوری دوپاتی دیدارو په‌یوه‌ندی زانستی‌و رۆشنبیری نێوان هه‌ردولای كرده‌وه‌و، راشیگه‌یاند: كه‌ كار بۆ ئه‌م په‌یوه‌ندی‌و هه‌ماهه‌نگیه‌ گرنگه‌ ده‌كات.

شایه‌نی باسه‌ هه‌ر یه‌ك له‌ مامۆستا جه‌لال خه‌یلانی جێگری سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان‌و مامۆستا جه‌عفه‌ر گوانی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی ته‌نفیزی‌و شێخ نیاز راغب به‌رپرسی لقی هه‌ولێری یه‌كێتی زانایان یاوه‌ری مامۆستا عه‌بدوڵا بوون له‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا.