زانایانی ئایینی له‌ به‌رامبه‌ر بێڕێزیه‌كان گردبونه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجام ده‌ده‌ن


سه‌ر له‌ به‌یانی رۆژی پێنجشه‌ممه‌ 5/6/2014 له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و بێڕێزیانه‌ی له‌ لایه‌ن هه‌ندێ رێكخراوی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی‌و كه‌ناڵی راگه‌یاندنه‌وه‌ به‌رامبه‌ر زانایانی ئایینی‌و ئایینی پیرۆزی ئیسلام ئه‌نجامدرا زانایانی ئایینی به‌ سه‌رپه‌رشتی مه‌كته‌بی ته‌نفیزی یه‌كێتی زانایان گردبونه‌وه‌یه‌كی ناره‌زاییان له‌ مزگه‌وتی سه‌وافی شاری هه‌ولێر ئه‌نجامدا كه‌ تیایدا ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ مامۆستایانی ئایینی ناو شاری هه‌ولێرو شاره‌كانی تری كوردستان‌و لیژنه‌ی ئه‌وقافی په‌ڕله‌مانی كوردستان ئاماده‌ی گردبونه‌وه‌كه‌ بوون.

سه‌ره‌تای مه‌راسیمه‌كه‌ به‌ چه‌ند ئایه‌تێك له‌ قورئانی پیرۆز ده‌ستی پێكردو، پاشان وته‌ی به‌خێرهاتن‌و رونكردنه‌وه‌ی مه‌به‌ستی گردبونه‌وه‌كه‌ له‌ لایه‌ن شێخ نیاز راغب به‌رپرسی لقی هه‌ولێری یه‌كێتی زانایان خوێندرایه‌وه‌.

 دواتر ده‌قی یاداشتنامه‌ی زانایانی ئایینی كه‌ ئاراسته‌ی  هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تی كوردستان كرا بوو له‌ لایه‌ن مه‌لا عه‌بدوڵا مه‌لا سه‌عید سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان خوێندرایه‌وه‌‌و، پاشان یاداشتنامه‌كه‌ راده‌ستی لیژنه‌ی ئه‌وقافی په‌رله‌مان كرا تاكو بیگه‌یه‌ننه‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان.

یه‌كێكی تر له‌ وتاره‌كان كه‌ له‌ مه‌راسیمه‌كه‌ پێشكه‌ش كرا وتاری شێخ سیراج خه‌یلانی سه‌رۆكی  لیژنه‌ی ئه‌وقافی په‌رله‌مان كوردستان بوو كه‌ تیایدا جه‌ختی له‌ داواكاریه‌كی مامۆستایانی ئایینی كرده‌وه‌و پشتگیری لیژنه‌ی ئه‌وقافیشی بۆ دوپات كردنه‌وه‌.

له‌ كۆتاییدا مامۆستا عوسمان كانی كورده‌یی وه‌ك هه‌ڵسوڕێنه‌ری گردبونه‌وه‌كه‌ داوای له‌ مامۆستایانی ئایینی كرد له‌ وتاری هه‌ینی تیشك بخه‌نه‌ سه‌ر خاڵه‌كانی یاداشتنامه‌كه‌.

ده‌قی یاداشتنامه‌كه‌ له‌م لینكه‌ بخوێنه‌وه‌

http://www.zanayan.org/t_detail.php?section=1&id=4138