له‌سه‌ر بارودۆخی ئێستای كوردستان یه‌كێتی زانایان به‌شداری كۆبونه‌وه‌ی رێكخراوه‌كان ده‌كات


رۆژی دووشه‌ممه‌ 23/6/2014 شاندێكی یه‌كێتی زانایان به‌ سه‌رۆكایه‌تی مامۆستا جه‌لال خه‌یلانی جێگری سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان‌و هاورێیه‌تی مامۆستا دلشاد گه‌ڵاڵی به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌كان به‌شداریان كرد له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌ك كه‌ مه‌كته‌بی سكرتاریه‌تی یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان هه‌ڵسابوو  به‌ گرێدانی به‌ به‌شداری سه‌ندیكاو ریكخراوه‌كانی تر. كۆبونه‌وه‌كه‌ش په‌یوه‌ست بوو به‌‌و بارودۆخه‌ی ئێستا كه‌ له‌ عیراق‌و كوردستان هاتۆته‌ ئاراوه‌‌و، هه‌روه‌ها گفتوگۆ كرا له‌ باره‌ی ئه‌و ئه‌ركانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌ پێشمه‌رگه‌ی كوردستان‌و له‌ به‌رامبه‌ریشدا رێكخراوه‌كان چ ئه‌ركێكیان ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر به‌رامبه‌ر به‌ بارودۆخی ئێستای كوردستان‌و پێشمه‌رگه‌كانمان.

مامۆستا جه‌لال خه‌یلانی جێگری سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان وتارێكی پێشكه‌ش به‌ ئاماده‌بوان كردو گوتی: كوشتن‌و تیرۆركردنی خه‌ڵكی بێ تاوان له‌ ئایینی پیرۆزی ئیسلام به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك جێگای نابێته‌وه‌‌و، پارێزگاری كردنیش له‌ خاك‌و وڵات‌و نیشتیمان ئه‌ركی سه‌ر شانی هه‌موو تاكێكی موسڵمانه‌‌و، هه‌ر كه‌سێكیش بیه‌وێ سه‌روه‌ری‌و ئازادیمان پێشێل بكات‌و خاكمان داگیر بكات واجبه‌ له‌ سه‌ر هه‌موومان گیانی خۆمان فیدای كوردو كوردستان بكه‌ین.

هه‌ر له‌ میانه‌ی وتاره‌كه‌یدا رایگه‌یاند له‌م كاته‌ هه‌ستیاره‌دا زیاتر پێویستمان به‌ یه‌كڕیزی‌و یه‌ك هه‌ڵوێستی زیاتره‌ له‌ ناو ماڵی كوردیدا‌و پێویسته‌ هه‌موو بیروڕاو جیاوازیه‌كانمان وه‌لا بنێین.

هه‌روه‌ها گوتی: ئێمه‌ وه‌كو یه‌كیتی زانایان ئاماده‌ین بۆ هه‌موو كارو هه‌ڵوێستێكی نه‌ته‌وه‌یی‌و خزمه‌تكردن به‌ گه‌لی كورد‌و، ئاماده‌شین له‌ كاتی پێویست بچینه‌ سه‌نگه‌ره‌كان بۆ به‌رگریكردن له‌ وڵاته‌كه‌مان‌و له‌ دژی دوژمنه‌كانمان بجه‌نگین هه‌روه‌كو له‌ رابردووش به‌شدار بووینه‌ له‌ به‌رگری كردن له‌ وڵاته‌كه‌مان.

دواتر مامۆستا دلشاد گه‌ڵاڵی به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌كان له‌ وتارێكدا گوتی: پێویسته‌ له‌م قۆناغه‌دا حكومه‌ت به‌ داهاتی خۆی هاوكاری پێشمه‌رگه‌ بكات‌و، ئاماژه‌شی به‌وه‌ كرد گه‌ر بێت‌و كوردستان تێك بچێته‌وه‌ زۆر ئه‌سته‌مه‌ جارێكی تر ئه‌م دۆخه‌ بۆ كورد بێته‌وه‌ پێش بۆیه‌ واجبه‌ له‌ سه‌ر هه‌موومان گیانی خۆمان‌و ماڵمان ببه‌خشین له‌ پێناو ئه‌م خاك‌و وڵات‌و نیشتیمانه‌.

له‌ كۆتایی كۆبونه‌وه‌كه‌دا بڕیاردرا به‌یاننامه‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌ سه‌ر ئه‌م دۆخه‌ی كوردستان بڵاو بكرێته‌وه‌.