یه‌كێتی زانایان سه‌ردانی وه‌زیری نوێی ئه‌وقاف ده‌كات

به‌بۆنه‌ی ده‌ست به‌كاربوونی وه‌ك وه‌زیری ئه‌وقاف‌و كاروباری ئایینی له‌ كابینه‌ی هه‌شته‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رۆژی دووشه‌مه‌ 23/6/2014 شاندێكی یه‌كێتی زانایان سه‌ردانی وه‌زیری ئه‌وقافيان كرد.

له‌ دیداره‌كه‌دا مه‌لا عه‌بدوڵا مه‌لا سه‌عید سه‌رۆكی زانایانی كوردستان پیرۆزبایی دسه‌تبه‌كاربوونی لێكرد‌و، هیوای ئایینده‌یه‌كی سه‌ركه‌تووی پڕ چالاكی بۆ خواست، به‌تایبه‌تی سه‌رۆكی زانایان تیشكی خسته‌ سه‌ر  ئه‌و هه‌ماهه‌نگی‌و په‌یوه‌ندیانه‌ی له‌ نێوان وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف‌و یه‌كێتی زانایان هه‌بووه‌، كه‌ هه‌میشه‌ باشترین په‌یوه‌ندیان هه‌بووه‌ بۆ زیاتر خزمه‌تكردن به‌ ئایین‌و وڵات‌و نیشتیمان، به‌تایبه‌تی له‌و چالاكیانه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ زانایانی ئایینیه‌وه‌ هه‌بووه‌، به‌ڵێنیشیدا له‌ ئایینده‌دا به‌ هه‌مان رۆحی هارریكاری له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف به‌رده‌وام بن، تا دواجار بتوانن جوانترین خزمه‌ت پێشكه‌ش بكه‌ن، هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا تیشكی خسته‌ سه‌ر چه‌ند كه‌م‌و كوڕییه‌كی په‌یوه‌ست به‌م بابه‌تانه‌ تا بتوانن  چاكسازی تێدا بكه‌ن.

له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا سه‌رۆكی زانایان روونی كرده‌وه‌، كه‌ به‌ڕێزیان له‌ شوێنێك‌و ناو چینێكی گرنگ ئه‌ركی وه‌زاره‌تی پێ سپێردراوه‌، متمانه‌مان به‌ تواناكانی هه‌یه‌، به‌تایبه‌تی كه‌ له‌ خانه‌واده‌یه‌كه‌ شانازی به‌ زانایانی ئایینیه‌وه‌ ده‌كه‌ن.

له‌لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز كه‌مال موسلیم وه‌زیری ئه‌وقاف وێڕای به‌خێرهاتن، ته‌ئكیدی كرده‌وه‌، كه‌ ئه‌وان زۆر به‌ گرنگیه‌وه‌ ده‌ڕواننه‌ كاره‌كانی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف‌و، پێیان وابووه‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف ده‌رگایه‌كی كاریگه‌ره‌ بۆ قوڵكردنه‌وه‌ی چاكسازی له‌ ناو كۆمه‌ڵگه‌ به‌تایبه‌تی له‌گەڵ مامۆستایانی ئایینی، كه‌ هه‌فتانه‌ خه‌ڵكێكی زۆر له‌ هه‌رێمی كوردستان گوێ‌ له‌ وتاره‌كانیان ده‌گرێت‌و، ده‌توانن وشیاریه‌كی زۆری دروست بڵاوبكه‌نه‌وه‌.

هه‌ر له‌ قسه‌كانیدا وه‌زیری ئه‌وقاف دووپاتی كرده‌وه‌ پێویسته‌ مامۆستایانی ئاینی له‌ بواری نه‌ته‌وه‌ییشدا درێژه‌ به‌ خه‌باتی رابردوویان بده‌ن‌و، وه‌ك هه‌میشه‌ جێگه‌ی سه‌روه‌ری‌و شانازی گه‌لی كورد بن.

وه‌زیری ئه‌وقاف پێی وابوو ئه‌وان رێزێكی زۆر له‌ مامۆستایانی ئایینی ده‌گرن‌و، هیواخوازن بتوانن خزمه‌تیان بكه‌ن، هه‌روه‌ك هه‌موو پشتیوانی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی ده‌ربڕی بۆ چاكترین هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی زانایان‌و، هه‌ردووكیانی به‌ ته‌واوكه‌ری یه‌ك دانا.

ئه‌مه‌‌و مه‌لا جه‌لال خه‌یلانی جێگری سه‌رۆكی زانایان‌و چه‌ند ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی ته‌نفیزی‌و ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی زانایان یاوه‌ری سه‌رۆكی زانایان بوون.