رۆژو په‌یامێكی گرنگی ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌

به‌ پێی رێنمایه‌كانی فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبه‌ر(درودی خوای له‌سه‌ر بێت) ده‌ره‌كه‌وێت، كه‌ رۆژوو په‌یامێكی گرنگه‌ له‌ دروستكردنی رایه‌ڵه‌ی ئاشته‌وایی‌و سه‌قامگیری كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌.

 

به‌ پێی چوارچێوه‌ یاسایی‌و مرۆییه‌كانه‌وه‌، هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك دوور بێ له‌ رق‌و كینه‌‌و شه‌ڕو ئیره‌یی‌و ناخۆشی‌و سته‌م‌و پێشێل كردنی مافه‌كان، ئه‌وه‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئارام‌و ته‌ندروسته‌‌و تێیدا تاكه‌كانی هه‌ست به‌ ته‌بایی‌و ئاشتی ده‌كه‌ن.

 

ئایینی پیرۆزی ئیسلام چه‌ندین رێنمایی گرنی سه‌باره‌ت به‌ دیارده‌‌و حاڵه‌ته‌ نه‌خوازراوانه‌ ده‌ركردوه‌، یه‌كێ‌ له‌و فه‌رمودانه‌ی ئه‌و په‌یامه‌ گرنگه‌ پڕ له‌ ئاشته‌واییه‌ ده‌رده‌خا ئه‌وه‌یه‌، كه‌ پێغه‌مبه‌ر (درودی خوای له‌سه‌ر بێت) ده‌فه‌رموێ‌: (وإِنْ امْرُؤٌ قَاتَلَهُ أو شَاتَمَهُ فَلْيَقُلْ إني صَائِمٌ)، واته‌: ئه‌گه‌ر كه‌سێك جنێوی پێدا یان شه‌ڕی له‌گه‌ڵ بكا با بڵێ‌: من وڵامت ناده‌مه‌وه‌‌و به‌رۆژووم.

 

ئه‌و فه‌رموده‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگه‌ بۆ كه‌سی رۆژوه‌وان، كه‌ هه‌وڵ بدات بۆ دروستكردنی كه‌ش‌و هه‌وای ئاشتی‌و ته‌بایی‌و ریشه‌كێش كردنی شه‌ڕه‌نگێزی، ئه‌ویش له‌ رێی جنێو نه‌دان گوتنی وشه‌ی (إنی صَائِمٌ)، بۆ ئه‌وه‌ی هۆكاری وڵام نه‌دانه‌وه‌ به‌ به‌رامبه‌ر بدات، كه‌ به‌رۆژوو بوونه‌، نه‌ ترس‌و شتی تر.

 

چه‌ندین كه‌س هه‌بووه‌ به‌هۆی ئه‌و ره‌وشته‌ جوانه‌وه‌ وازیان له‌ خراپه‌‌و كاری شه‌ڕو گێژاو‌و هێناوه‌، كه‌واته‌ مانگی ره‌مه‌زان وانه‌یه‌كی گه‌وره‌ ده‌داته‌ كۆمه‌ڵگه‌ به‌وه‌ی خۆیان رابێنن له‌ سه‌ر په‌یامی ئاشته‌وایی‌و برایه‌تی‌و خۆیان به‌دوور بگرن له‌ نانه‌وه‌ی فیتنه‌‌و ئاشووب.