لقی سۆران مانگی رەمەزان لە موسڵمانان پیرۆز دەكات‌و هەر بەو بۆنەیەشەوە ئاهەنگێك بۆ پشتیوانیكردنی هێزی پێشمەرگە ساز دەكەن

بەمەبەستی خۆ ئامادەكردن‌و پێشوازیكردن لەمانگی رەمەزانی پیرۆزو دەربڕینی پشتیوانی بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان، لقی سۆرانی یەكێتی زانایان‌و بەرێوەبەرایەتی ئەوقافی سۆران بەهەماهەنگی نێوانیان لە هۆلی شەوكەت شێخ یەزدین ئاهەنگێكی ئاینیان سازكرد

ئەمەو لەئاهەنگەكەدا كەنوێنەرانی دام‌و دەزگا ئیداری‌و حكومیەكانی سۆران‌و مامۆستایانی ئاینی‌و جەماوەرێكی بەرچاوی ناوچەكە ئامادەی بوون، دوای خوێندنی چەند ئایەتێك لەقوڕئانی پیرۆز، گرنگی‌و پیرۆزی مانگی رەمەزان لەوتارێكدا لەلایەن بەرێوەبەری ئەوقافی سۆران بەرێز مەلاوەیسی مەلا سەعید بۆئامادەبوان شیكرایەوەو باسی لە پابەندبوونی گەلی كورد بەئاینی پیرۆزی ئیسلام‌و پیرۆزیەكانی كرد‌و بە پێویستی زانی كە رێزی تایبەت لەو مانگە پیرۆزە بگیرێ‌و، هەر لە میانەی وتارەكەیدا بەرێزیان پشتیوانی زانایانی بۆ برا پێشمەرگەكان لە سەنگەری پێشەوە دووپاتكردەوەو رایگەیاند كەبەشێك لە سازدانی ئەو ئاهەنگە راگەیاندنی پشتیوانی خۆمانە بۆسەركردایەتی سیاسیی كوردو هێزی پێشمەرگەی كوردستان كە ئەمرۆ لەسەنگەری پێشەوەیە بۆ پاراستنی خاك‌و نیشتمانی كوردستان‌و گێڕانەوەی مافە زەوتكراوەكان.

شایەنی باسە لەدوای كۆتای هاتنی وتارەكەی بەرێوەبەری ئەوقافی سۆران كەبوە مایەی خۆشحالی ئامادەبوان چەندین سروودی ئاینی پێشكەش بە ئامادەبوان كران‌و خۆشحاڵی خۆیان بۆ سازدانی ئاهەنگەكە دەربڕی.

 

 

لە لایەكی ترەوە بە بۆنەی هاتنەوەی مانگی رەمەزانی پیرۆز لقی سۆرانی یەكێتی زانایان پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی تەواوی موسولمَانانی جیهان‌و بەتایبەتی موسولمَانانی كوردستان دەكات، رایدەگەیەنن كە هیوادارین ئەو رەمەزانە ببێتە مانگی برایەتی‌و یەكدەستی موسولمانان‌و یەكخستنەوەی دڵەكان‌و وەلانانی دووبەرەكەی‌و ئاژاوە گێری‌و تێكدان‌و ماڵوێرانی، هەروەك داواكارن لەخوای دلۆڤان كە دەرگای خێریش لەگەلی كوردبكاتەوەو بەمافەكانی خۆی شادبكات لەگەڵ هەموو گەلە چەوساوەكان لە ژێر ستەم‌و زۆرداری رزگاربكات.

راگەیاندنی لقی سۆران