سه‌رۆكی زانایان: ده‌وڵه‌تی كوردی مافێكی ره‌وای گه‌لی كورده‌‌و به‌ هیچ پاساوێك رێگیری لێناكرێت

دوای هاتنه‌پێشی رووداوه‌كانی موسڵ‌و شاره‌كانی دیكه‌‌و، ئه‌و ره‌وشه‌ی به‌ گشتی عێراق تێیكه‌وتووه‌، ئێستا زیاتر له‌ جاران قسه‌ ده‌رباره‌ی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان‌و، بڕیاری چاره‌نووسی گه‌لی كورد ده‌كرێت، له‌م ناوه‌شدا كۆمه‌ڵێك وڵات‌و گه‌ل‌و نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كان قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌م مافه‌ ره‌وایه‌ی گه‌لی كورد ده‌كه‌ن.

مه‌لا عه‌بدوڵا مه‌لا سه‌عید سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان له‌ لێداونێكی ماڵپه‌ڕی زانایاندا له‌م باره‌وه‌ ده‌ڵێت: قسه‌ كردن له‌سه‌ر شه‌رعیبوونی مافی چاره‌نووسی گه‌لی كورد ته‌واو سه‌لمێندراوه‌‌و، شتێك نییه‌ جێگه‌ی قسه‌‌و باس لێ‌ كردن بێت، چونكه‌ پێشتریش ئێمه‌ له‌ یه‌كێتی زانایان چه‌ندین روونكردنه‌وه‌ی پشتئه‌ستوور به‌ به‌ڵگه‌ی شه‌رعیمان خستۆته‌ روو، كه‌ كورد وه‌ك سته‌ملێكراوترین گه‌لانی دونیا ماف‌و هه‌قێكی شه‌رعی خۆیه‌تی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیان هه‌بێت.

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌ ئیسرائیل پشتگیری له‌ دروستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردی ده‌كات، سه‌رۆكی زانایان ده‌ڵێت: كامه‌ ده‌وڵه‌ت پشتگیری ده‌كات یان نا، ئه‌وه‌ هیچ له‌ باسه‌كه‌ ناگۆڕێت،  وه‌ك ئه‌وه‌ی چوونه‌ حه‌جی موسڵمانانه‌ ئه‌ركێكی ئایینی پیرۆزی ئیسلامه‌، ئه‌گه‌ر ئیسرائیل پشتگیری له‌ حه‌جی موسڵمانان بكات یان نه‌كات هیچ له‌ ره‌وشه‌كه‌ ناگۆڕێت، چونكه‌ ئه‌م مافه‌ هیچ په‌یوه‌ندی به‌ پشتگیری ده‌وڵه‌تانه‌وه‌ نییه‌‌و، پشتیوانی وڵاتان ته‌نها به‌ چه‌سپاندنی مافه‌كه‌، نه‌ك بۆ ره‌وایی‌و ناڕه‌وایی، خۆزگه‌ له‌ بری ئیسرائیل هه‌موو وڵاتانی ئیسلامی‌و عه‌ره‌بی ئه‌م پشتگیریه‌ی كوردیان كردبایه‌، بۆیه‌ له‌و كاته‌ی قسه‌ له‌سه‌ر ئیسرائیل ده‌كرێت وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی ناموسڵمانی داگیركه‌ر بێت بۆ خاكی فه‌له‌ستین، كه‌ هه‌موو لایه‌ك ئه‌و هه‌قیقه‌ته‌ ده‌زانێت، خۆزگه‌ قسه‌یه‌كیش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكرابایه‌، كه‌ پێویسته‌ وڵاته‌ موسڵمانه‌كان خاكی داگیركراوی كوردستان ئازاد بكه‌ن، له‌ بیریشمان نه‌چێت ته‌واوی وڵاته‌ زلهێزه‌كانی دونیا ناموسڵمانانن، كه‌ هه‌موو هه‌وڵێكمان ئه‌وه‌یه‌ پشتگیریمان بكه‌ن، كه‌واته‌ ئه‌م باسه‌ هیچ له‌و شه‌رعیبوونی ره‌وشه‌كه‌ ناگۆڕێت‌و، هیوادارین ئه‌مجاره‌ ببینین له‌ بری ئیسرائیل وڵاته‌ ئیسلامی‌و عه‌ره‌بیه‌كان باشتر پشتیوانمان بن.