یه‌كێتی زانایان داوا ده‌كات بێرێزی به‌ هه‌ستی موسڵمانان نه‌كرێت

به‌ناوی خوای گه‌وره‌‌و میهره‌بان

بێگومان ئێستا كوردستان به‌ یه‌كێك له‌ كات‌و قۆناغه‌ هه‌ره‌ هه‌ستیاره‌كان تێده‌په‌ڕێت‌و، كاتی ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو لایه‌ك به‌وپه‌ڕی هه‌ستكردن به‌ به‌رپرسیارێتییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ قۆناغه‌کە بكه‌ن، ئه‌م قۆناغه‌ش لێمان ده‌خوازێت به‌ وریاییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی هیچ ده‌رفه‌تێك نه‌درێته‌ نه‌یارانی كوردستان له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌زموونه‌كه‌مان.

ئا له‌م كات‌و ساته‌ هه‌ستیاره‌دا كه‌ هه‌موو لایه‌ك به‌ پشتیوانی مادی‌و مه‌عنه‌وی پشتگیری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ده‌كه‌ن‌و، رۆژانه‌ له‌ مزگه‌وته‌كان ده‌نگی دوعا‌و پاڕانه‌وه‌ به‌رز ده‌بێته‌وه‌ بۆ پاراستنی هێزی پێشمه‌رگه‌‌و گه‌یشتنی گه‌لی كورد به‌ ته‌واوی مافه‌كانیه‌وه‌‌و، سیاسه‌تمه‌داره‌كان هه‌موو هه‌وڵ‌و قسه‌كانیان له‌م چوارچێوه‌یه‌ ده‌سووڕێنه‌وه‌، جێگه‌ی نیگه‌رانییه‌ كه‌سانێك هه‌بن به‌ ناوی (ساتیر‌و ره‌خنه‌‌و توێژینه‌وه‌) له‌ تیڤی‌و رۆژنامه‌‌و رادیۆ‌و ئه‌نته‌رنێت‌و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان وشه‌ی بێ رێزی به‌كار بێنن‌و هه‌ستی خه‌ڵكی رۆژووه‌وان بریندار بكه‌ن، ئه‌م كاره‌ نه‌ ته‌نها بێڕێزییه‌ به‌ڵكو ده‌رفه‌تدانه‌ به‌ نه‌یارانی ئه‌م كوردستانه‌ تا هه‌ر تۆمه‌ت‌و قسه‌یه‌كی ناڕه‌وا‌و نادروست له‌ رێگه‌ی ئه‌م قسانه‌وه‌ بۆ كوردستان‌و گه‌له‌كه‌ی بهۆننه‌وه‌.

بۆیه‌ داوا ده‌كه‌ین له‌ ئاست مه‌سئولیه‌ت دابن‌و، ده‌ست بۆ ئه‌م جۆره‌ هه‌ڵوێستانه‌ نه‌برێت، هه‌ركه‌سێكیش ئه‌م كارانه‌ بكات پێویسته‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان تووندرین لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكه‌ن.

 

یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان

19/ره‌مه‌زان/1435

17/7/2014