یەكێتی زانایان لە جیاكاری ئایینی‌و مەزهەبی نیگەرانە


بەناوی خوای گەورەو میهرەبان

دوای رووداوەكانی ئەم دواییەی عێڕاق، خەڵكێكی زۆری موسڵ‌و شارەكانی تری عیراق ئاوارەو دەربەدەر كران، كە هەموو پێكهاتە نەتەوەیی‌و ئایینی‌و مەزهەبی تێدابوون، لە ناویشیاندا دەركردنی ناچاری مەسیحیەكان بە بیانووی جیاكاری ئایینی، ئێمە لە یەكێتی زانایان وێڕای نیگەرانیمان لەم هەڵسوكەوتانە، بە تایبەتی بیانوو هێنانەوە بە پاساوی ئایینی، لە كاتێكدا زیاتر لە هەزار ساڵە دەسەڵاتی موسڵمانان حوكمڕانی ئەم دەڤەرەیان كردووەو، هەموو نەتەوەو ئایین‌و مەزهەبە جیاوازەكانیشی لە خۆگرتووە، مانەوەی ئەو رێژە لە دینە جیاوازەكان‌و ئەم هەموو پەرستگایە دیارترین بەڵگەی ئەم راستیەن.

هەر لێرەشەوە داوا لە سەرجەم پێكهاتەكانی كوردستان دەكەین بە تایبەتی مامۆستایانی ئایینی زیاتر پەرە بە گیانی پێكەوە ژیان بدەن‌و بە هیچ شێوەیەك ریگە نەدەن درز بكەوێتە ناو ریزەكانی پێكهاتەكانی كوردستان، چونكە ئایینی پیرۆزی ئیسلام هەمیشە جەخت لە شارستانێتی پێكەوە ژیان‌و برایەتی‌و تەبایی دەكات.

 یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان

21/7/2014