یەكێتی زانایان ئیدانەی تەقاندنەوەی مەزاری حەزرەتی یونس دەكات‌و بە سوكایەتی بە بەها پیرۆزەكانی ئیسلامی دەزانێت

دوای ئەوەی لە دەزگاكانی راگەیاندن ئەوەمان بیست كە لە شاری موسڵ لە لایەن رێكخراوی تیرۆریستی داعشەوە مزگەوت‌و مەزارگەی پێغەمبەری خوا حەزرەتی یونس (سەلامی خوای لە سەر بێت) تەقێندرایەوە، ئێمە وەكو یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان ئیدانەی ئەو كارە قێزەونە دەكەین‌و پێمان وایە ئەو جۆرە كارانە بریتین لە سوكایەتی بە مەقامی پێغەمبەران‌و بەها پیرۆزەكانی شەریعەتی پیرۆزی ئیسلام، چونكە لە روانگەی شەریعەتی ئیسلامەوە پێغەمبەران پیرۆزو بەڕێزن سوكایەتی‌و بێڕێزی‌و ئازاردانیان بە زیندووی ‌و بە مردوویی وەكو یەكە لە مێژووی مرۆڤایەتیشدا شتێكی سەیرە كە خەڵكانێك هەبن‌و خۆیان بە موسڵمان بزانن‌و دەست درێژی بكەنە سەر گۆڕو مەزاری پێغەمبەران (سەلامی خوایان لە سەر بێت)، سەرباری هەموو ئەوانەش تێكدانی شوێنەواری ئیسلامیشە كە مێژوویی ئەو مەزارە بۆ زیاتر لە هەزار ساڵ لە مەوبەر دەگەڕێتەوە.

یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان

24/7/2014