مامۆستا فتح الله گولەن: تیرۆریست موسوڵمان نییە، موسوڵمانیش نابێتە تیرۆریست

بەڕێز مامۆستا فتح الله گولەن لە کۆتا وتارەکانیدا لەسەر ئەو ڕووداوە تیرۆریستیانە ڕاوەستا کە بەناوی دینەوە ئەنجام دەدرێن، هەروەها ئەوەی دووپات کردەوە کە ئەگەر کەسێک لە دڵەوە ئایینی پیرۆزی ئیسلامی قبوڵ کردبێت، هەرگیز بەدەستی ئەنقەست بەشداری لە تیرۆردا ناکات.

هەروەها ئەوەشی وەبیر هێنایەوە کە، ئەو ڕووداوە تیرۆریستییانەی تا ئەمڕۆ ئەنجام دراون و بوون بە ماڵ بەسەر موسوڵمانانەوە، هەندێ جار بە پێشەنگیی ئەو خاوەن ڕۆحە کرچ و پێنەگەیشتووانە هاتوونەتە کایەوە، کە ئیسلامیان بەجەوهەر و کاکڵە و ناوەڕۆکی خۆیەوە دەرک پێ نەکردووە و هەندێ جاریش بە هاندانی لەڕادەبەدەری هەستەکانی گەنجێتی و هەندێ جاری تریش بە کارامەیی هەڵسوڕاوانی هێزە دەرەکییەکان بووە کە تەنها بەناو و شێوە موسوڵمانن و هەندێ جاریش لەڕێی ئەو بکووژە خوێنڕێژانەوە بووە کە بەهۆی بەکارهێنانی چەندین دەرمانی جیاوازەوە هەستە ئینسانییەکانیان و هەستەکانی ترس لەلایان دەخرێنە ژێر فشارێکی ئەوتۆوە. مامۆستا فتح الله گولەن باسی لەوەکرد کە ئەگەر تاکەکانی کۆمەڵگە لە ئاشتەوایدا بن ئەوا هیچ کاتێک لە خۆیانەوە بڕیاڕی کوشتنی کەسێک دەرناکەن، تەنانەت لەکاتی جەنگی زۆر سەختیشدا منداڵ و پیر و ئافرەت لەبەرەی بەرامبەر ناکوژن و هەرگیز دەست درێژی ناکەنە سەر پەرستگاکان. هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە، گونجانی موسوڵمانێتی لەگەڵ پەلامارە خۆکوژی و کردە تیرۆریستییەکانی هاوشێوەیاندا کارێکی مەحاڵە.

مامۆستا وەڵامی ئەو پرسیارانەشی دایەوە کە دەربارەی ئەو هێرش و کوشتارگانە لێیکرابوو کە بەم دواییانە لە پاکستان و کێنیا ئەنجام دران. ئێستەو لە جوگرافیایەکی بەرفراواندا هەر لە سوریاوە بۆ پاکستان و لەوێشەوە هەتا کێنیا، دڕندەترینی دیمەنەکان بەناوی ئیسلامەوە پیشاندەدرێن. کەسانێک هەڵدەستن بە سەربەڕینی خەڵک و بانگەشەی ئەوەدەکەن کە ئەمری قورئانە و دەچن مزگەوت و کەنیسەکان دەتەقێننەوە. ئایا دەکرێت تاوان و تیرۆر و تۆقاندنی چەند کۆمەڵ و گروپێک کە لەتەواوی دنیادا بەربڵاوبن، تەنها بەچەند تیشکۆیەکی دەرەکی و بەڕێوەبردنی بیانی ڕوون بکرێتەوە؟

هەروەها لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە لەمامۆستا کرا سەبارەت بەو هۆکارانەی لە نێوان موسوڵماناندا زەمینەیان بۆ کردە تیرۆرستییەکانی وەک خۆکوژی خۆشکردووە، وتی:"ئەو دیمەنەی کێشاتان لەجێی خۆیەتی؛ بەڵام دەبێت شتێکی بۆ زیاد بکرێت ئەویش ئەوەیە کە: ئەم دیمەنانە لەهەمان کاتدا مایەی شەرمەزاریمانن!.. وەک پەڵەیەکی ڕەش وان بەناوچەوانی موسوڵمانێتی ڕاستەقینەوە."

هەروەها باسی ئەوەشی کرد کە تیرۆر یەکێکە لەو گوناهە هەرە گەورانەی کە قورئانی پیرۆز، بە مانەوەی هەمیشەیی لە ئاگری دۆزەخدا سزای بۆ داناوە. وتیشی پێغەمبەری خوا (صلی الله علیە و سلم) هەمیشە هەوڵیداوە ڕووداوەکان بەبێ ڕژانی خوێن و دڵ شکان و بەبێ بواردان بەچەندان ‌هێندەبوونی دوژمنایەتی چارەسەر بکات و ئەوەی لەم پێناوەدا لەدەستی بهاتایە دەیکرد. هەر لە ئەنجامی ئەمەشەوە بوو کە سەرسەخت ترینی دوژمنەکانی یاخود کەسە نزیکەکانی ئەوان موسوڵمان بوونی خۆیان ڕاگەیاند. ئەو خۆشەویستە بە جوانترین شێوە پیشانی هەموو دنیای دا کە یەکەمین ڕێگەیەک کە لە چارەسەری کێشەکاندا بگیرێتەبەر، بریتییە لە ئاشتەوایی. مامۆستا فتح الله گولەن لەگەڵ ئەوەدا کە دەڵێت "تیرۆریست موسوڵمان نییە، موسوڵمانیش نابێتە تیرۆریست" ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ئەگەر کەسێک پڕ بەپێستی خۆی لە ئیسلام گەیشتبێت و بەدڵی بێت، مەحاڵە هەرگیزا و هەرگیز ببێتە تیرۆریست، هیچ کاتێکیش موسوڵمانان بە ویستی خۆیان ناچنە ناو تیرۆرەوە و تیرۆریستیش موسوڵمانی ڕاستەقینە نییە. بەڕێز گولەن ئەوەی وەبیر هێنایەوە کە سەرەڕای هەموو ئەو مامەڵە نەشیاوانەی لەگەڵ پێشەوای مرۆڤایەتیدا کران، کەچی وەڵامی هەمیشەیی ئەو بۆ ڕووداوەکان بریتی بوو لە نەرم و نیانی و ئاشتەوایی. بەڕێز گولەن هۆشیاری ئەوەی دا کە "شانازیی مرۆڤاتی (صلی الله علیە و سلم)، لە فەتح کردنی دڵ و دەروونەکاندا و نەرم کردنیان و لە ئاراستەکردنی مرۆڤەکان بەرەو مرۆڤایەتی ڕاستەقینە و پێکشاد کردنەوەی مرۆڤ لەگەڵ مرۆڤایەتی ناخیدا، هەرگیز پەنای بۆ هیچ کام لەم کارە نزم و قێزەونانە نەبردووە."

وەڵامی ئەو پرسیارەی کە لە مامۆستا فتح الله گولەن کرا بەم شێوەیە بوو:

 

پەلامارە تیرۆریستیەکان و بۆمبە خۆکوژییەکان لەگەڵ قورئان و سونەتدا یەکانگیر نابن

پرسیار: لە جوگرافیایەکی بەرفراواندا هەر لە سوریاوە بۆ پاکستان و لەوێشەوە هەتا کێنیا، دڕندەترینی دیمەنەکان بەناوی ئیسلامەوە پیشاندەدرێن. کەسانێک هەڵدەستن بە سەربەڕینی خەڵک و بانگەشەی ئەوەدەکەن کە ئەمری قورئانە و دەچن مزگەوت و کەنیسەکان دەتەقێننەوە. ئەو هۆکارانە چین کە لە نێوان موسوڵماناندا زەمینەیان بۆ ئەم کردە تیرۆرستییانە خۆشکردووە؟

وەڵام: ئەو دیمەنەی کێشاتان دیمەنێکی ڕاستە و تەواو پێکەویەتی ئەمە لەهەمان کاتدا دیمەنێکە کە مایەی شەرمەزاریمانە!. وەک پەڵەیەکی ڕەش وایە بەناوچەوانی موسوڵمانێتی ڕاستەقینەوە. وای بۆ دەچم کە هەڵە تێگەیشتن و لێکدانەوەی هەڵە بۆ ئیسلام زۆر خراپتربێت لە هێرشی خاچ پەرستەکان و گومڕایی مەغۆلەکان کە تەخت و تەراجی دنیای ئیسلامیان هێنایە خوارەوە. ئیتر بەدەستی کۆمەڵە کەسانێک کە تەنها بەناو موسوڵمانن وا پیشان دەدەن کە لەپێناوی خوادا کارێک ئەنجامدەدەن جا ئیتر و خۆکوژی و خۆتەقاندنەوەیان لەناو کەسی بێتاواندا و، پڕکردنی ئوتۆمبێلەکانیان لە تەقینەوە و دووبارە تەقاندنەوەی لەناو کەسانی بێتاواندا کە بێئاگان لەهەموو شتێک و بەتایبەتی بەکارهێنانی ئەمانە بۆ ڕووخاندنی پەرستگاکان، بەهیچ شێوەیەک نە لەگەڵ قورئان و نە لەگەڵ سونەتیشدا یەک ناگرنەوە. شتێکیش کە لەگەڵ قورئان و سونەتدا یەک نەبێت، لەگەڵ موسوڵمانێتیشدا یەک ناگرێتەوە.

 

حەزرەتی محمد (صلی الله علیە و سلم)، تەنانەت دوعای هاتنە سەر ڕێی ڕاستی (هیدایەتی) بۆ ئەو کەسانەش کردووە کە بەرد بارانیان دەکرد

پێکهاتنەوەی، ئەو کارە نەشیاوانەی ئەمڕۆ دەکرێن، لەگەڵ ڕۆح و کاکڵەی قورئانی پیرۆز و فەرمودەدا تابڵێی ئەستەم و مەحاڵە. شانازی مرۆڤایەتی حەزرەتی محمد المصطفی ١٣ ساڵی ڕەبەق لە مەککەی پیرۆز شانی دابوویە بەر شتانێک کە مەحاڵە مرۆڤ بتوانێت بەرگەیان بگرێت. زۆرجار هاوەڵە بەڕێزەکان چاویان پڕ بووە لە فرمێسک و گریان بۆی. جا ئەمان لەلایەکەوە ڕوانیویانەتە هێز و دەستەڵاتی ناکۆتای خوای باڵادەست و لەلایەکی تریشەوە نیگایان خستووەتە سەر ئەو خۆشەویستی خوایەی کە بۆ فریادڕەسی مرۆڤایەتی ناردبووی و ئەو کارانەش کە بە شوێنکەوتوانی دەکرا. لە بەرامبەر سەرسوڕمان و حەپەسانیان لەو شتانەی لێی تێنەدەگەشتن، دەیانوت: چەندە نەرمو نیان و میهرەبانی ئەی پەروەردگارا، ئەوەتا شانازی مرۆڤایەتی کە لەبەردەم کەعبەدا سەری لە سوجدە دانا، ڕیخۆڵەی وشتریان کرد بەسەریدا. بەرد بارانیشیان کرد... بەڵام ئەو سەروەرە لەبەرامبەر ئەوانەدا کە بەردیان تێگرت و ددانی موبارەکیان شکاند و ڕوومەتی ئاڵیان بریندار کرد و سەریان شکاند، دەستەکانی بەرەو ئاسمان بەرزکردووەتەوە و فەرمووی "خوایەگیان هیدایەتی قەومەکەم بدە، چونکە ئەوان من ناناسن."

 

پێغەمبەرمان (صلی الله علیە و سلم) گرفت و کێشەکانی بە ئاسانی و نەرمونیانی چارەسەر کردووە، جەنگەکانیشی جەنگی بەرگری بوون

هەروەکو عبدالرحمن عزام کە نووسەرێکی سیرەیە ئاماژەی پێدەدا، سەرجەم جەنگەکانی ئیسلام کە ڕوویانداوە، جەنگی بەرگری کردن بوون. هەروەها لە ڕووی تایبەتمەندێتیشەوە هەرکامیان بگریتە دەست و لێی ووردبیتەوە، دەڵێیت کە بەڕاستی ئەمە جەنگی خۆ پاراستن بووە. گەر تەماشای بەدر و ئوحود و خەندەق و فەتحی مەککە بکەن، دەبینن کە بەبێ خوێن ڕشتن و دڵ بریندارکردن و بوارنەدان بە چەندان هێندەبوونی دوژمنایەتی، گشت ئەو کارانەی نەرمونیانی جێبەجێ کردووە کە پێویست بووە بۆ چارەسەری ئەو کێشە و گرفتانە. ئەبوجەهل ١٥ساڵ دوژمنایەتی سەروەرمانی کرد، ١٥ ساڵ، دەی تەنانەت جارێکیش ئەو خۆشەویستە پێی نەووتووە "دەک خوا بتبات بە ناخی زەویدا". هەر لەبەر ئەوەی جارێکیش وای بە ئەبوجەهل نەوت، کچەکەی و عیکریمەی کوڕی موسوڵمان بوون. یەکەمین موسوڵمانەکانی مەککەی پیرۆز، ئامادەبوون بە تەنها ئاماژەیەکی بچوک، تا دوا دڵۆپی خوێنیان بجەنگن بێ ئەوەی هەرگیز بێزار ببن. بەڵام دەنگیان نەکرد. موسوڵمانان کۆت و زنجیر کراون، ئەشکەنجە دراون، بەڵام لە هیچ سەردەمێک لە سەردەمەکانی ئیسلامدا هەوڵ نەدراوە بەم شێوە هەڵەیە شێوازی تێڕوانین و مامەڵە و ستراتێژیەکانی شانازیی مرۆڤایەتی و، تێگەیشتن لە قورئان و سونەت هەڵبسەنگێندرێت و، ئەوەنەی ئەمڕۆمان دڕەندەیی بە مرۆڤایەتی ببینرێت. پێدەچێت لە سەردەمێکدا مووەحیدینی و قەڕمیتییەکان توشی تەوژمی باطنییە بووبن و ئەو کەسانەی کە حەق و حەقیقەتیان نەزانیوە و هەواڵی ئەو ڕاستە ڕێیەیان نەبووە، هەوڵی دڕەندەیی لەمجۆرەیان دابێت. بەڵام بۆ کوشتنی کەسانی دی کردەی خۆکوژییان ئەنجام نەداوە و هەتاهەتایە خۆیان بەرەو دۆزەخ تلێر نەکردووەتەوە. بەڵام ئەو کەسەی خۆی دەتەقێنێتەوە بە هەمیشەیی دەچێتە دۆزەخەوە و لەوێ مافی ئەو کەسە بێتاوانانەشی لێدەسێنرێتەوە کە ئەم کوشتونی.

ڕێک وەک ڕۆژگاری ئەمڕۆمان، لەسەردەمی حەزرەتی عەلیشدا (رضی اللە عنە) فیتنەو ئاشوب هەتا بڵێی تەشەنەی سەندبوو. یەکێک هاتە لای و وتی: "ئەی ئیمام لە فڵانە شوێن نەخشەیان بۆ کێشاون و بەسوپاکەیانەوە دەدەن بەسەرتاندا. باشتر وایە کە پێش ئەوەی ئەوان بگەنە سەرت، تۆ بدەیت بەسەریاندا و هەمویان لەناو بەریت!.. ئیمامی گەورەش لەوێدا وا وەڵامی ئەو کەسە دەداتەوە کە وەڵامی لەو جۆرە هەر لە خۆی دەوەشێتەوە و دەڵێ: "کێ دەڵێت و بە چ پێوەرێک ئەمان لە هەوڵی ئەوەدان کە بدەن بەسەرماندا ؟!" جا ئایا ئێوە ئەم وورد بینییە ناسکە دەبینن؟ بەڕای من، حەزرەتی عەلی کە بووەتە سەرمەشقی پاڵەوانان، لە بەرزکردنەوەی دەرگای خەیبەر و دوولەتکردنی عەمری کوڕی عبدالودود دا نییە بە شمشێرێک کە بۆی داهێنایەوە، بەڵکو لەوەدایە کاتێک ئەنانیەت وەک دەهۆڵی ڕەمەزان دەنگی "من، من"ی لێدەردەچێت، زاڵ دەبێت بەسەر خۆیدا و دەیداتە دەست ئیرادەی خۆی و دەڵیت: " "کێ دەڵێت و بە چ پێوەرێک ئەمان لە هەوڵی ئەوەدان کە بدەن بەسەرماندا ؟!" شانازی مرۆڤایەتی بەبێ خوێن ڕشتن دەچێتە ئەو مەککەیەی کە لەسەدا ٩٩،٩ موشریک بوون. بەڵام دەزانن چی ڕوودەدات، ئەو لەسەدا ٩٩،٩یە ڕۆژێ دوو ڕۆژ دواتر دێن و بەدەوریدا خەرمانە دەکێشن. لە دەوروبەری ئەو مانگی تابانە دەبنە خەرمانەیەکی درەوشاوە. تەنانەت گومڕاترین کەسەکانیش دەیانوت چیمان لێ چاوەڕوان دەکەن. ئەو سەروەرە ئەوەندە لە ڕۆحەکاندا وێنای دابووەوە کە ئەو کەسانەی بەجێیان دەهێشت، لەماڵەکانیانداگۆڕانکاری بەسەر بیرکردنەوەکانیاندا دەهات. دەزانن تا ئەمە تا چ کەسێک ڕۆی؟ تا بەرچاوترین کەس وسەرانی بەنی ئوممەیە کە، بە ژن و پیاویانەوە دەیانوت "ئاخ چەندە لەسەر ڕێیەکی هەڵەبووین، چۆن تا ئێستا ئێمە لە گومڕاییدا ژیاوین.

 

دوژمنانی ئیسلام سادە و ساکاری موسوڵمانان بەکار دەهێنن

من ئەم مەسەلەیە یەکلا نابینم. پێدەچێت ئەو دوژمنانەی دەرەوە کە نایانەوێت موسوڵمانان کۆک بن و پێک بێن و نایانەوێت جوانی و خۆشیی پێکەوەبوونمان ببینرێت و هەستی پێبکرێت، دێن و ئەم سادە و ساکارییەی ئێمە بەهەند وەردەگرن. خۆ ئەم ساویلکەیی و کرچ و کاڵییە بەشاراوەیی بوونی هەیە. ئەوەتا لە عالەمی ئیسلامیدا هەر لە پاش ڕوخان و لێک هەڵوەشانی دەوڵەتی عوسمانی، چەندین لێکترازان و هەڵوەشانەوەی یەک لەدوای یەک هاتنە کایەوە. تازە بە تازە هەوڵێک لە ئارادایە بۆ خۆکۆکردنەوە و دووبارە گەڕانەوە بۆ خودی خۆمان، هەوڵێک بۆ ئەوەی هەرکەسەو ڕۆحی خۆی ببینێتەوە. ئەوە نەبێت کەسانی دی ئەمە نەبینن، بەڵکو دەبینرێت. تەنانەت ئەگەر ئێوە تەنها لە ڕوانگەی تورکیاشەوە بۆ بابەتەکە بڕوانن، ئەوا زۆر شت وەکو دوێنێ نەماوە. لەماوەی نێوان ئەم ٥٠-٦٠ ساڵەدا زۆر شت گۆڕاوە. گۆڕانکاری لە زۆر شتدا کراوە. خۆ ئەگەر هەموو پێکەوە بە عەقڵ و هەست و دڵێکی ساغ و تەندروستەوە بجوڵاینایەتەوە، ئەوا ئەو دەستکەوتانەی ئێستا لە ئارادان دە هێندە دەبوون. بەڵام لە کۆتاییدا هەموومان مرۆڤین. بەهەڵەدادەچین و هەڵدەخەڵەتێین، دەکرێت هەنێ جار بەناوی چاکەوە خراپەش ئەنجام بدەین. هەنێ نەفامی ناومان هەن کە چاولەڕێی کەسانی دین و هیچ لە بەها و پێوەرەکانی خۆیان نازانن و بەهیچ چەشنێ ئاگاداری پایە بنەڕەتییەکانی دینیش نین. کۆمەڵە کەسانێکی زۆر هەن کە بەخێرایی دەخەڵەتێنرێن. جا ئیتر کەسانی وامان زۆرە کە سروشتی بۆ ئەمە لەبارە. هەر لەبەر ئەوەشە کە کەسانی تر سەرقاڵی ئامادەکردنی سیناریۆگەلێکی ئاوان. خۆ ڕۆڵبینەکانی لای خۆیشمان حازرن. ئیدی ئەم سیناریۆیانەش لەڕێی ئەم ڕۆڵبینانەوە نمایش دەکرێت. بۆیە دەکرێت هەموو کاتێک کۆمەڵ و لایەنەکان فریو بدرێن.

تەنها شتێک کە فەتحی دڵەکان دەکات، مرۆڤ بوونە. کاتێک کە حەزرەتی عومەر (رضی اللە عنە) لە قودس دەبێت، وەختی نوێژ دێتە پێشەوە و دەڵێت "دەبێت من نوێژەکەم بکەم." بەنوئیسرائیلیەکان کە لە نەوەی حەزرەتی ئیبراهیمن، چەندین جار بەرامبەر نەبوخوزنەسڕ و فەرماندەکانی ئەو کاتە جەنگاون. لە سەردەمێکدا قودس لەلایەن حەزرەتی داودەوە فەتح کراوە. ماوەیەکی دوور و درێژ لەوێ ماونەتەوە و حوکمڕانییان کردووە. بۆیە بەشێوەیەک لە شێوەکان زەوی و زارەکانی ئەوێیان بە موڵک و نیشتیمان یوسف خۆیان و باو و باپیرانیان زانیوە و وتویانەئەمە موڵک و نیشتیمانی ئێمەیە. جا بۆیە بە حەزرەتی عومەر دەڵێن: "ئەی پێشەوای ئیمانداران! دەتوانن لەهەر جێیەکدا بێت نوێژەکەتان بکەن." ئەویش دەفەرموێت: "خۆ ئەگەر پێشەوای باوەڕداران لێرە لە جێیەکدا نوێژ بکات، ئەوا ئەوانەی لە پاشاندا دێن، هەر بۆ تەبەڕوک ئەوشوێنە دەکەن بە مزگەوت. ئەمەش دەبێتە دەسدرێژی بۆ سەر مافی ئێوە." بۆیە دەچێت لەدەرەوە لەسەر تاشەبەردێک نوێژەکەی دەکات. جا هەر لە شانازی مرۆڤایەتیەوە( صلی الله علیە و سلم) هەتا حەزرەتی ئەبوبەکر و حەزرەتی عومەر و حەزرەتی عوسمان و حەزرەتی عەلی هەموو وەک ئاوێنەی یەکتر بوون. ئەمان تەنها پاڵەوانی ڕەهەندی ماددی نەبوون، بەڵکو هەریەک لەمانە قارەمانی دڵ و ڕۆحەکان و نموونەی ڕۆح بڵندی بوون. بەڵێ ئێمە ئاوا بووین. بمانەوێت و نەمانەوێت کەسانێک لە دەرەوە یان لە ناوەوە ئێمەیان تێکدا. بۆهێڵەکانمانیان تێکدا. ئێمەیان گۆڕی و کردیانین بە دڕندە.

 

تیرۆریست، سەرجەم تایبەتمەندییەکانی موسوڵمانێتی لەدەست دەدات

ئایا لەناو موسوڵماناندا تیرۆریست پەیدا نابێت؟ بەڵێ پەیدا دەبێت، بەڵام سەرجەم تایبەتمەندییەکانی موسوڵمانێتی لەدەست دەدات. بۆیە پێی ناوترێت موسوڵمانی تەواو. ئاخر چۆن دەکرێت پێیان بڵێن موسوڵمانی تەواو؟ لەکاتێکدا تەنانەت جەنگیش یاسا و ڕێسای خۆی هەیە. ئەگەر جەنگت لەگەڵدا کرا، دەجەنگیت. شەڕ لەگەڵ کەسانێکدا ناکرێت کە ناجەنگن. لە سەروبەندی ئەوەی شانازی مرۆڤایەتی (صلی الله علیە و سلم) مەجبور بووبووەوە کە سوپایەک بۆ بەرگری کردن لە دژی ئەو کەسانە ئامادە بکات کە بڕیاربوو بدەن بەسەریاندا و لەو کاتەدا کە سوپاکەی بەڕێ دەکرد پێی فەرموون: "دەست بۆ ئەو کەسان مەبەن کە پەنا دەبەنە بەر پەرستگاکان. هەروەها ئازاری ئافرەت و منداڵیش مەدەن ..."جا ئیتر یەکگرتنەوەی ئەم کارە قێزەونانەی تیرۆریستان لەگەڵ فەرمودەکانی شانازی مرۆڤایەتی کە لە باوەڕپێکراوترین کتێبەکانی فەرموودەدا بوونیان هەیە و ئەو ڕێسا و بنچینانەی کە لە قورئانی پیرۆزەوە سەرچاوەیان گرتووە شتێکی مەحاڵ و ئەستەمە. خۆ لە ڕاستیدا پێناسەی دین بریتییە لە: کۆمەڵە یاسا و ڕێسایەکی ئیلاهی کە مرۆڤەکان تەنها بەرەو کاری چاکە دەدەنەبەر و مرۆڤەکان بە ویست و ئیرادەی خۆیان هەڵیدەبژێرن.جا ئیتر ئەمانە کۆمەڵە سیستەمێکی وا ڕێک و ناوازەن کە لەلایەن خوای باڵادەستەوە دانراون تا مرۆڤەکان بە ویستی سەربەخۆی خۆیان هەڵی (دەبژێرن)بژێرن." جا ئیتر ئەگەر هاتو تەمسیلێکی جوان کرا و لەلای مرۆڤەکان واتایەکی گەیاند و کۆمەڵە بەڵێنێکی بۆ داهاتوو پێدان، ئەوا مرۆڤ قەدرشوناسە و لەو مەسەلەیەدا لەوانەیە بڕیاری هەڵبژاردنێکی جیاواز بدات. ئیتر ئەو کاتە مرۆڤ لەگەڵ ئیرادەی سەربەخۆی خۆیدا تەنیا جێبێڵە. وا دەزانم کە ئەمە بۆچونێکی زۆر پێشکەوتوترە لە پێشکەوتوترین ڕێبازە دیموکراسییەکان. چونکە شتێک نییە بەناوی ئەوەی کە بچیت فڵان شوێن و فیسار شوێن داگیر بکەیت و سیستەمی خۆتیان بەسەردا بسەپێنیت. جا ئا ئەمەیە پێناسی دین! هەموو موسوڵمانێکیش پێویستە لەسەری کە پابەندبێت بەم پێناسەوە. داواکارین لە خوای گەورە کە دووبارە لوتفی ئەوەمان لەگەڵدا بکات کە ئەو خۆشەویستە نازدارە (صلی الله علیە وسلم) لە دڵەکانماندا تەخت دابمەزرێنێتەوە. دەبێت بەرامبەر هەمووکەسێک بەڕێزبین و بەڕێزەوە پێشوازی لە هەموو بۆچونێک بکەین. هێرش کردنە سەر مرۆڤەکان بە شێوازێکی وەحشی گەرانە و بە تۆپ و تفەنگ و چەکی بکوژ هیچ لایەنێکی لەگەڵ موسوڵمانێتیدا ناگونجێت و یەکناگرێتەوە. خوای گەورە دڵەکانمان پڕ لە حیکمەت بکات و بمانپارێزێت لە هەموو لادان و ڕۆچوونێک کە پێچەوانی ویستی سوبحانی خۆیەتی. هەروەها ژیانێکی پێغەمبەر ئاسا و ژیانێک لەسەر ڕێچکەی پێغەمبەر و ئەوکەسانەشی کە لەسەر هەمان ڕێچکەی ئەو ژیاون، بە نسیبی ئێمە بکات و بۆمان ئاسان کات.

 

دەقی دیمانەکە لەم لینکەیە:

http://www.fgulen.com/iq/rageyandn/rojname/37066-islamic-scholar-gulen-rejects-bombings-in-the-name-of-islam