زانایانی ئایینی شاره‌زوور خوێن ده‌به‌خشنه‌ پێشمه‌رگه‌


سەرلەبەیانی رۆژی یەکشەممە   2014/8/10 وەک هاوکاری بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان و پشتگیری لەخەباتی ڕەوایان بە ئامادەبوونی بەرپرس‌و جێگرو کارگێڕانی لق و بەرپرسی ناوچەکان‌و ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایانی ئایینی لقی شاره‌زووری یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان هەڵسا بە ئەنجامدانی هەڵمەتی خوێن بەخشین بۆ هێزی پێشمەرگەی پارێزەری خاكی كوردستان.

ئەمەو خوێن بەخشینەكە لە نەخۆشخانەی شەهید شەوکەت لە قەزای سیدسادق بە ئامادە بوونی چەند کەناڵێکی ئاسمانی ئەنجامدرا، ئەوەش بۆ ئەوەی تاكو بیسەلمێنین کە مامۆستایانی ئاینی هەمیشە پاڵپشت‌و پشتیوانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان‌و مافی ڕەوای گەلەکەمانن.

بەرپرسی لقی شارەزوور مامۆستا غازی لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی زانایان رایگەیاند: ئێمە لە  سێ هەفتەی  رابردوو لە وتاری هەینی پشتگیری خۆمان بۆ پێشمەرگە راگەیاند بە دوعاو پارانەوەو روونكردنەوەی پلەو پایەی پێشمەرگە لەو جیهادو بەرگریەی دەیكەن لە كوردستان‌و خەڵكەكەی‌و، ئێستاش هاتووین خوێن ببەخشینە پێشمەرگە قارەمانەكانمان گەر هەر كاتێكیش پێویست بكات ئامادەین بۆ گیان بەخشین.

هەروەها پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەمان رۆژ شاندێکی لق کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان م.شێخ غازی و م.عبدالرحیم و م.ملا محمود ئامادەی کردنەوەی مزگەوتی خولەفای ڕاشیدین بوون لە سیدسادق.

بەڕێز م.غازی لە وتارێکیدا بەناوی بەڕێوەبەرێتی ئەوقافی شارەزوور و لقی شارەزوور دەست خۆشی لەوانەکرد کە هاوکاری دروست بونی ئەم مزگەوتە بوون و پاشان باسی لە گرنگی مزگەوت کرد لە ئیسلامدا و وەلەلای کورد و پاش خوێندنەوەی چەند وتارێک کۆتایی بە مەڕاسیمەکە هات.