لقی گەرمیان بەرەكانی پێشەوەی هێزەكانی پیشمەرگە بەسەردەكاتەوەو هاوكاریش دەگەیەنێتە برا پێشمەرگەكان


سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە 16/ 8/ 2014 شاندێكی لقی گەرمیانی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان بەیاوەری كۆمەڵێك زانای ئاینی شاری كەلارو خانەقین سەردانی سەنگەرەكانی پێشەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان كرد لە شارۆچكەی جەلەولاو كۆمەك‌و هاوكاریان گەیاندە ئەو پێشمەرگانەی لەسەنگەرەكانی پێشەوە پاریزەرو بەرگریكاری خاك و خەلكی كوردستانن.

مامۆستا مەلا حەمەئەمین كەلاری سەرۆكی شاندی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان لەبارەی ئامانجی سەردانەكەیان ڕایگەیاند: كە ئەوان وەكو مەلای كوردەواری و وەك ئەركێكی ئاینی‌و نیشتمانی‌و مرۆڤایەتی لەسەردانێكی مەیدانیدا بەرەكانی جەنگ بەسەردەكەنەوە بۆ ئەوەی بۆ هەموولایەكی دووپات بكەنەوە كە زانایانی ئاینی وەكو پیشەی هەمیشەییان درێغی‌و كەمتەرخەمیان نەكردووە لە پشتیوانی كردنی هیزەكانی پێشمەرگەی كوردستان‌و بۆ ئەوەی ئەو وێنەیە پیشانی هەموولایەك بدەن  كە ئەو ڕەفتارانەی تیرۆریستانی داعش بەناوی دینەوە دەیكەنە سەر مرۆڤە بێگوناهەكان سەر لەبەری رەتكراوەیە لە ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا بۆ ئەو مەبەستەش ئیمڕۆ هاوكاری مادی‌و خۆراكمان گەیاندە سەنگەرەكانی پیشەوەی پاریزگاری لە خاكی پیرۆزی كوردستان.

شایانی باسە ئەوە دووەمین كاروانی هاوكارییەكانی لقی گەرمیانی یەكێتی زانایان بوو بۆ هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان‌و  بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا هاوكاریی‌و پشتیوانیەكانی زانایانی ئاینی بەردەوام بێت بۆ هیزەكانی پێشمەرگە

لە لایەكی ترەوە مامۆستا مەلا حەمەئەمین كەلاری سوپاسی جەماوەری ئاینپەروەرو مرۆڤدۆستی دەڤەری گەرمیانی كرد كە پەرۆشانە لە هەوڵی پشتیوانی كردنی برا پێشمەرگەكانیاندا بوونە.

دانا مەلا حەمەئەمین – گەرمیان.