ئیمام و خەتیبی مزگەوتەكانی كوردستان تەئكید لەسەر پەروەردە و پاراستنی مافەكانی منداڵ دەكەنەوە.

مەریوان نەقشبەندی – راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف
بەشێكی زۆر لەئیمام و خەتیبی مزگەوتەكانی كوردستان وتاری رۆژی هەینی 24/9/2010یان بۆ تەئكیدكردنەوە لەسەر پەروەردەی دروست و مافەكانی منداڵ تەرخانكردبوو.

لەم چوارچێوەیەدا (مامۆستا مەلا ئیدریس كەریم )ئیمام و خەتیبی (مزگەوتی رەحمە)لەگەرەكی 94ی شاری هەولێر لەوتارەكەیدا مێژووی بەڵێننامەی نێونەتەوەیی بۆ مافەكانی منداڵ كرد كە هەموو وڵاتانی جیهان(جگە لەكەمبۆدیا)ساڵی 1959ئیمزایان لەسەر كردوە و رایگەیاند كەوا ئەركی حكومەتە هەتا تەمەنی 15ساڵی منداڵانی وڵاتەكەی پەروەردە و خوێندنی بۆ دابین بكات بەبێ‌ بەرامبەر، لەبەشێكی دیكەی وتارەكەیدا مامۆستا مەلا ئیدریس لەروانگەی ئاینی ئیسلام و قورئانی پیرۆزەوە باسی لەگرنگی منداڵ و فێركردن و پەروەردەی منداڵان كرد و لەمبارەیەوە چەندین ئایەتی قورئانی پیرۆز و فەرمودەی پێغەمبەری مەزن(د.خ)هێنایەوە، هەر لەوتارەكەدا كە چەند كەناڵێكی ئاسمانی كوردستان گواستیانەوە مامۆستا مەلا ئیدریس داوای لەخەڵكی كوردستان و حكومەتیش كرد زۆر بەگرنگیەوە منداڵەكانیان پەروەردە بكەن و لەسەر بنەمایەكی تەندروست فێری زانست و هەڵسوكەوتی رۆژانەیان بكەن چونكە چارەنووسی هەر میللەتێك لەدەست منداڵاندا دەبێت.

شایانی باسە پێش چەند رۆژێك وەزارەتی ئەوقاف بەنوسراوێكی فەرمی و بەئیمزای بەرێز كامیل حاجی عەلی وەزیری ئەوقاف داوای لەبەرێوەبەرایەتیەكانی ئەوقاف لەسەرتاسەری هەرێم كردبوو كە لەرێگای مینبەری مزگەوتەكانی سنورەكانیانەوە مامۆستایانی ئاینی باس لەزەرورەتی پاراستنی مافەكانی منداڵ و دابینكردنی ژیانێكی شایستە بۆیان،بكەن.