لە درێژەی بەسەركردنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەدا لقی گەرمیان هاوكاری گەیاندە بازگەی نەقشبەندی‌و شێخباوەی جەلەولا

لەپاش سەردانكردنی شاندی لقی گەرمیانی یەكێتی زانایان بۆ سەنگەرەكانی پێشەوەی بەرگری هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە ناوچەی حەلوانی نزیك جەلەولا، سەر لە بەیانی ڕۆژی دووشەممە 18/8/2014 لە سەردانێكی تری مەیدانیدا شاندێكی لقی گەرمیانی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان بە سەرپەرشتی مامۆستا مەلا حەمەئەمین كەلاری ئەندامی مەكتەبی تەنفیزی‌و لێپرسراوی لقی گەرمیان سەردانی سەنگەرەكانی پێشەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان كرد لە ناوچەكانی بازگەی نەقشبەندی‌و كەرتی شێخباوەی سنوری ناحیەی جەلەولا.

لە سەردانەكەیاندا شاندی یەكێتی زانایان پشتگیری‌و پشتیوانی زانایانی ئاینیان بۆ دووپاتكردنەوەو كۆمەكی دانشتوانی دەڤەرەكەیان گەیاندە هێزەكانی پیشمەرگەی كوردستان.

لەبارەی ئامانجی سەردانەكەیان مامۆستا مەلا حەمەئەمین كەلاری سەرۆكی شاندی یەكێتی زانایان لە لێدوانێكیدا تایبەت بەسایتی زانایانی گوتی: هەڵبەتە ئەم سەردانەشمان درێژكراوەو بەردەوامی پێدانی سەردانەكانی پێشومانە، ئەمرۆش بە نوێنەرایەتی زانایانی ئاینی دەڤەری گەرمیان ئیمە لە لقی گەرمیانی یەكێتی زانایان بەهاوكاری موسوڵمانانی شاری كەلار كۆمەك‌و كۆمەڵێك پێداویستیمان گەیاندە هێزەكانی بەرگری لە خاكی پیرۆزی كوردستان ‌و، هەروەها پشتگیری‌و پشتیوانی زانایانی ئایینیمان بۆ برا پێشمەرگەكانمان دووپاتكردەوە.

شایانی باسە كۆمەك‌و هاوكارییەكان لەهەردوو سەردانی مەیدانی شاندەكە بریتیبوون لە :

1180  هەزارو سەدو هەشتا سێت ئاوی كانزایی.

270   دووسەدو حەفتا كارتۆن بسكیت و كەز .

50 پەنجا كارتۆن خۆراكی لە قوتو نراو لە گۆشتی مریشك و ئاژەڵ .

240 دوو سەدو چل كیلۆ غرام نۆكی برژاو .

223 دووسەدو بیست و سێ‌ كیلۆغرام میوەی ترێ‌ .

220 دووسەدو بیست كیلۆ غرام میوەی مۆز .

20 بیست كیلۆ غرام نوقڵ و شیرینی .

25 بیست و پێنج قاڵب سەهۆڵ .

دانا مەلا حەمەئەمین _گەرمیان.