عەبدورەحمان سودەیس: رێكخراوی "داعش" خەواریجی ئەو سەردەمەن

 شێخ عەبدورەحمان سودەیس وتاربێژی مزگەوتی حەرام لە شاری مەککەی پیرۆز لە وتاری هەینی 16/8/2014 بە توڕەییەوە باسی لە رێكخراوی داعش كردو بە خەواریجی ئەم سەردەمە وەسفی كردن‌و رایگەیاند: كۆمەڵێك هەن وەكو فیرقەی خەواریجی سەردەمی ئیمامی عەلی وان‌و بە هەڵە لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام‌و مەبەستەكانی‌و جیهاد گەیشتوون.

لە بەشێكی وتارەكەیدا روونی كردەوە كە رێكخراوی "داعش" شێوەو رەفتارە جوانەكانی ئایینی ئیسلامیان لە پاكی‌و مرۆڤدۆستایەتیەكەی لە پێش چاوی جیهان‌و مرۆڤایەتی ناشیرین كردوەو، بە كردارەكانیان لێبوردەیی ئیسلام‌و نێوەندگیریەكەیان شێواندووە.

هەروەها رایگەیاند ئەوەی لە بەها پیرۆزوەكانی ئایینی ئیسلام شارەزا نەبێت كردەوەكانی ئەم رێكخراوە لە سەر ئایینی ئیسلام ئەژمار دەكات، بەڵام كردەوەكانیان هیچ پەیوەندیان بە ئیسلامەوە نیەو ئایینی ئیسلام دوورە لەم جۆرە كردەوانە.

سودەیس گەنجانیشی ئاگاداركردەوە لەوەی ئاگادار بن بە گوفتارو درووشمە بریقاویەكانی ئەم رێكخراوە هەڵنەخەڵەتێن، كە مەبەستیان لەم دروشمانە هەڵوەشاندنەوە‌و تێكدانی كۆمەڵگەیە‌و، گوتیشی: ئەو زاراوانەی ئەو رێكخراوە بە كاریان دەهێنی بۆ لە خشتە بردنی گەنجان هەڵەكانیان لای هەموومان روون‌و ئاشكران.