میسر: ئەزهەری شەریف بۆ دژایەتی بیری توندرەوی هەندێ لە پەیڕەوی خوێندن دەگۆڕێت


سەرچاوەیەكی ئاگادار لە ئەزهەرەوە ئاشكرایكرد، كە ئەزهەری شەریف دەیەوێ ئەو بابەتانە لە بەرنامەی خوێندن لاببات  كە بە بۆچونی هەندێك كەس جیاوازی‌و دژایەتی‌و توندڕەوی لە ناو موسڵمانان زیاد دەكەن،  ئەوەش بۆ ئەوەیە تاكو بیری توندڕەوی بنەبڕ بكەین‌و كەسیش نەتوانێ قسە لە سەر ئەزهەر بكات.

سەرچاوەكە رایگەیاند: دكتۆر ئەحمەد تەیب شێخی ئەزهەر لیژنەیەكی راسپاردووە تاكو لە  پەیڕەوو پرۆگرامی ئەزهەردا ئەو ماددانە لابدات كە دەبنە هۆكارێك بۆ رەخنە گرتن لە مەشیەخەی ئەزهەر.

لە لایەكی ترەوە چەند زانایەكی ئەزهەری شەریف رایانگەیاند: پاككردنەوەی پرۆگرامی خوێندنی پێش قۆناغی زانكۆیی دەبێتە هۆكارێكی باش بۆ تێگەیشتنی قوتابیەكان بە بیرێكی میانڕەوی نێوەندگیری‌و دووریش دەبن لە بیری توندڕەوی‌و توندوتیژی لە قۆناغی زانكۆدا. 

سەرچاوەكان رایانگەیاند: ئەم لیژنەیە كارە سەرەكیەكەی بریتیە لە دانانی پەیڕەوو پڕۆگرامێكە كە لە گەڵ سەردەمی ئێستادا بگونجێ‌و كێشەكانی سەردەم چارەسەر بكاو، قوتابیەكانیش بپارێزێت لە بیری خوارو ناڕێك‌و، پارێزگاریش بكات لە سەر كەلەپوری ئیسلامی، تاكو موسڵمانان بێ كێشە بمێننەوەو زانیاری تەواویش بدرێ بە قوتابیەكان.