پێشنیوه‌ڕۆی رۆژی 9/9/2014 شاندێكی كلێسای لوسه‌ری ئه‌ڵمانیا سه‌ردانی مه‌كته‌بی ته‌نفیزی یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستانیان كرد. مه‌لا عه‌بدوڵا مه‌لا سه‌عید سه‌رۆكی زانایان وێڕای به‌خێرهێنان، باسی له رۆڵی زانایانی ئایینی هه‌رێمی كوردستان كرد بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر‌و به‌پیره‌وه‌چوونی ئاواره‌كان به‌بێ جیاوازی ئایینی‌و نه‌ته‌وه‌یی‌و مه‌زه‌بی، چونكه تیرۆر به یه‌ك چاو ته‌ماشای هه‌موویان ده‌كات، بۆیه ده‌بێ هه‌موو پێكهاته‌كانیش به‌بێ جیاوازی به‌ره‌نگاری تیرۆر ببنه‌وه، هه‌روه‌ها باسی له رۆڵی زانایانی كوردستان كرد له پێدانی هاوكاری‌و به پیره‌وه‌چوون. له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا سه‌رۆكی زانایان گووتی: كاری بنه‌ڕه‌تی ئێمه له‌م قۆناغه‌دا گێڕانه‌وه‌ی متمانه‌ی نێوان هه‌ڵگرانی ئایینه جیاوازه‌كان‌و نه‌ته‌وه جیاوازه‌كانه، چونكه رووداوه‌كان ئه‌م متمانه‌یان لاواز كردووه. داواشی كرد شاندی مێوان به‌وه‌ی له توانایاندا هه‌یه واقیعی كوردستان وه‌كو خۆی بگه‌یه‌نن، به‌تایبه‌تی له‌م ره‌وشه‌ی عێراقی تێدا تێده‌په‌ڕێت، كه وه‌ك دیاره پێشمه‌رگه‌و حكومه‌تی هه‌رێم به یه‌ك چاو پارێزگاری له هه‌موویان ده‌كات. له‌لای خۆیه‌وه مه‌تران هانیریش بیدڤۆرد سه‌رۆكی ئه‌سقه‌فه‌كانی ئه‌لمانیای كڵێسای لۆسه‌ری وێڕای سوپاس كردن هه‌ڵوێستی خه‌ڵكی كوردستان‌و زانایانی ئایینی به گرنگ وه‌سفكرد‌و، گووتی: زۆر خۆشحاڵ بووم كه لێره رای فه‌رمیی زانایانی ئایینی ئیسلامی ده‌رباره‌ی تیرۆر ده‌بیستم، ئه‌وه هه‌نگاوێكی گرنگه چونكه تیرۆریستان وێنه‌ی ئیسلام‌و قورئانیان ناشیرین كردووه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێوه ئیسلامی ره‌حمه‌ت‌و میهره‌بانی پیشان ده‌دات. شاندی میوان پێكهاتبوون له قه‌شه مارتن رێشیل، قه‌شه تۆماس پیترده‌بیل، قه‌شه عه‌مانوئیل، ئالن به‌رپرسی راگه‌یاندنی كاروباری مه‌سیحیه‌كان له وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف. هه‌روه‌ها هه‌ر یه‌ك له مه‌لا جه‌لال خه‌یلانی جێگری سه‌رۆكی زانایان‌و مه‌لا جه‌عفه‌ر گوانی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی ته‌نفیزی‌و مه‌لا دڵشاد گه‌ڵاڵی به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌كانی زانایان ئاماده‌ی دانیشتنه‌كه بوون. |