ئە‌زهه‌ر لێكۆڵینەوە لە هۆكار‌و چارەسەرەكانی توندڕەوی دەكات


زانایانی دەرچووی زانكۆی ئەزهەری میسری لە ژێر ناونیشانی (توندڕەوی ... هۆكا رو مەترسی‌و چارەسەرەكانی)‌و بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆر لە زانایان‌و پێشنوێژو وتارخوێنان‌و رۆشنبیران كۆبونەوەیەكی لە رۆژی سێشەممە  15/9/2014 لە هۆڵی كۆبونەوەكان ئەنجامدا.

ئەمەو دكتۆر محمد عبدالفضیل القوصی جێگری سەرۆكی دەستەی كۆڕبەندی زانایانی ئەزهەر رایگەیاند: كۆمەڵە توندڕەوەكان كە بە ناوی ئیسلام كار دەكەن وێنەو جوانیەكەی شەریعەتی پیرۆزی ئیسلام ناشیرین دەكەن‌و، ئیسلام وا نیشانی خەڵك دەدەن كە تەنها بریتییە لە توندو تیژییە‌و، تەئكیدیشی لە سەر ئەوە كردەوە ئەو كۆمەڵە توند ڕەوانە  چۆن هێرش دەكەنە خەڵك‌و وڵاتەكان ئاواش هێرش دەكەنە سەر ئایینەكان‌و لە ناویشیان ئایینی ئیسلام‌و ئەوەشی بە خاڵێكی رەش وەسف كرد.

گوتیشی پێویستە لە سەر زانایانی ئایینی بەردەوام بن لە سەر كۆششەكانیان بۆ  بنە بڕكردنی ئەو بیرە شازو لادەرانەو، ئەزهەریش بە هەموو شێوەیەك دژایەتی ئەم جۆرە بیرو فیكرانە دەكات‌. 

لە كۆتاییدا ئەو ئەندامەی دەستەی گەورە زانایانی ئەزهەر رایگەیاند: مەترسیەكی گەورە لە سەر موسڵمانان هەیە‌و ئیسلامیان بە نارێكی نیشان دراوە پێویستە ئیسلام‌و لێبوردەییەكەی ئیسلامی سەردەمی پێغەمبەرمان (درودی خوای لە سەر بێت) بڵاوبكەینەوەو بە خەڵكی رابگەیەنین.

لە لای خۆشیەوە دكتۆر قصبی زلط ئەندامی دەستەی گەورە زانایان لە ئەزهەری شەریف گوتی : خوای گەورە ویستویەتی هەموو خەڵك لە سەر یەك دین كۆببنەوە، بەڵام راشیگەیاندووە كە برایەتیەك لە نێوان مرۆڤەكان هەیە كە بە یەكتریان دەبەستێتەوە‌و، قورئانی پیرۆزیش بانگەواز دەكات بۆ ئاشتی‌و ئارامی‌و سوود گەیاندن بە مرۆڤەكان نەوەك ئازاردانیان، چونكە ئازار گەیاندن بە موسڵمانێك یا  ئاماژە بۆ كردنی بە ئامێرێكی مەترسیدارو ئاسن ئەو كەسە دەخاتە ژێر لە عنەتی خوداو مەلائیكەتەكان.

هەروەكو  زلط  سەرسوڕمانی خۆی لە هەڵە تێگەیشتنی هەندێ كەس راگەیاند كە وا تێگەیشتوون پەیوەندی نێوان موسڵمان‌و غەیرە موسڵمان برتییە لە دوژمنایەتی ‌و شەر، كەچی جودایی لە بیروباوەڕدا خوای گەورە وای دروست كردوین‌و فەرمانیشی  پێنەكردوین بە لادانی شیرك‌و لە ناوبردنی كافرەكان‌و لە بیركردنی هاوپەیمانی لە گەڵ غەیرە موسڵمانەكان‌و، گوتی: بە غەریبی دەبینم لە لایەن ئەم گروپانەوە ئایەتی ئاشتی‌و سلم رەش كراونەتەوەو لادراون‌و، دەبێ لە مەودوا هەڵە تێگەیشتنەكان راست بكەینەوە‌و،ئیسلام‌و ئاشتیەكەشی بڵاوبكەینەوە.

بەرپرسی پێشوو لە كۆمەڵی ئیسلامی دكتور ناجح إبراهیم رایگەیاند: كافركردن‌و تەقاندنەوەو كاولكردنی وڵاتی موسڵمانان رووی یەك دراون ‌و، ئەو كافركردنە هۆكار بوو بۆ لە ناوبردنی خیلافەتی ئیسلامی‌و شەهید كردنی خەلیفەی چوارەم (عەلی كوری ئەبی تالب).

هەروەك گوتی: لە هەر جێگایەك كافركردن‌و ئەو جۆرە بیركردنەوە هەڵانە سەریان هەڵدا ئەوە تەقینەوەو كوشت‌و كوشتارو تێكچوونی وڵات بە دوای خۆی دادەهێنێ‌و، هەر بەم شێوەیەی ئێستاش خەواریجەكان بە  كافركردن كۆتاییان بە خیلافەتی ئیسلامی هێنا، ئەمڕۆش بە هەمان شێوە خەڵكی موسڵمان‌و پارێزەرانی پیرۆزیەكانی موسڵمانان تووشی هەمان بەڵا بونەتەوە‌و، بە درێژایی مێژووی ئیسلاميش هیچ كۆمەڵەیەك لە  كافركردن‌و كوشت‌و كوشتار بە شێوەی كۆمەڵەی توندڕەوی –داعش- پەیدانەبوونەو ئەوان مرۆڤ  تەنها لە سەر رەگەزنامەكەی دەكوژن‌و كاری رۆژانەی بۆتە كوشتن، كەچی بنەچەی ئایینی پیرۆزی ئیسلام بریتییە لە رەحم‌و سۆزو لێبوردەیی.

لە كۆتاییدا ناجح ابراهیم ئاماژەی بەوە كرد: كە خوای میهرەبان پرسیار لە مرۆڤ  ناكا چەند خەڵكت كافركرد، بەڵام پرسیاری لێدەكاو پاداشتی دەداتەوە لە سەر ژمارەی ئەو كەسانەی بانگی كردوون بۆ لای رێنمونی‌و خۆشەویستی پەروەردگار.