سەرۆكی یەكێتی زانایان بۆ سه‌ید عەممار حەكیم: هیوادارین چۆن لەندەن گوێی لە سكوتلەندا گرت ئاواش بەغدا گوێ لە كوردستان بگرێت

رۆژی دووشەممە 22/9/2014 مامۆستا عەبدوڵا مەلا سەعید گرتكی سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان بە یاوەری شاندێك كە پێكهاتبوون لە مامۆستا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆك‌و كۆمەڵێك مامۆستای ئایینی تر بەشداری كرد لە دیدارو كۆبونەوەیەك لە نێوان زانایانی ئایینی‌و سەید عەممار حەكیم سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی لە عێڕاق كە لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا رێكخرابوو.

لە سەرەتای كۆبونەوەكەدا سەرۆكی یەكێتی زانایان وتەیەكی پێشكەش كردو دوای بەخێرهێنانی میوانەكان ئاماژەی كرد بەوەی كە لە هەموو سەردانەكانی سەید عەممار حەكیم بۆ كوردستان لەگەڵ زانایانی ئایینی كۆبۆتەوەو ویستویەتی لە نزیكەوە گوێ بگرێت لە بیرو بۆچونەكانیان‌و ئەمەش مایەی رێزە بۆ جەنابیان.

 هەروەها لە وتەكەیدا سەرۆكی یەكێتی زانایان باسی لە رۆڵی بنەماڵەی بەڕێز حەكیم كرد لە خزمەتكردنی خەڵكی عێڕاق‌و هەڵوێستە جوانەكانیان بەرامبەر بە خەڵكی كوردستان‌و هیواداربوو لە داهاتووش ئەو رۆڵە گرنگەی خۆیان لە دەست نەدەن‌و هۆكارێكی گرنگ بن بۆ لابردنی ئەو ستەمەی لە لایەن حكومەتی عێڕاقیەوە بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان ئەنجامدراوە.

پاشان گوتی: ئەو جارەش سیاسیەكانمان بەشداریان كردەوە لە حكومەتی عێراقی‌و خەڵكی كوردستانیش بەم بەشداری كردنە خۆشحاڵ نەبوون بەڵام رێزیان لە رای سیاسیەكان گرت‌و هیوادارین حكومەتی عێڕاقیش رێزی رای سیاسیەكانی ئێمە بگرێت‌و هەروەكو چۆن لەندەن گوێی گرت لە سكۆتلەندیەكان ئاواش بەغدا گوێ لە هەرێمی كوردستان بگرێت.

پاشان بەڕێز عەممار حەكیم وتەیەكی پێشكەش كردو تیشكی خستە سەر هەڵ‌و مەرجی ئێستای عێڕاق‌و كوردستان‌و تەئكیدی لە سەر برایەتی‌و هاوبەشی سیاسی كردەوەو بەڵێنیدا بەردەوام بێت لە سەر رۆڵگیرانی باش بۆ خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان.

دانیشتنەكە بە بەشداری راوو بۆچوونی ئامادەبوان كۆتایی پێهات.