كۆمه‌ڵه‌ی فیقهی عیراقی: كارە تیرۆریستیەكەی هەولێر شەرمەزار دەكەن

كۆمه‌ڵه‌ی فیقهی عیراقی گەورە زانایان: ئەو كردەوە تیرۆریستیە هیچ پەیوەندی بە ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە نیە.

لە گەڵ براكانمان لە كوردستان ده‌بین بە خەڵك‌و حكومەتەوە.

كۆمه‌ڵه‌ی فیقهی عیراقی گەورە زانایان بۆ بانگەوازو فەتوا كارە تیرۆریستیەكەی هەولێر شەرمەزار دەكەن، كە لە سەر لە بەیانی رۆژی چوارشەممە 19/11/2014 لە بەردەم پارێزگای هەولێر روویدا.

لە نامەیەكدا كە بەو بۆنەیەوە كۆمەڵەكە بۆ یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستانیان ناردووە هاتووە:

دڵگران بووین بەو كارەساتە ناخۆشەی تووشی كەسوكارو براكانمان بوو لە شاری هەولێری پایتەختی كوردستان، كە ئەو كارە تیرۆریستی‌و ستەمكاریە هۆكارێك بوو بۆ بوونە قوربانی زیاتر لە (20) شەهیدو بریندار لە هاوڵاتیان لە نزیك پارێزگای هەولێر.

ئێمە لە كۆمەڵەی فیقهی عیراقی گەورە زانایان بۆ هەموو ناخۆشی‌و كارەساتێك وەك برایەتی ئیسلام‌و باوەر لە گەڵ براكانمان دەوەستینەوە بە خەڵك‌و حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، وەك وەفایەكیش بۆ ئەو بە هاناوەهاتنە جوانەی برا كوردەكانمان بۆ خەڵكی لێقەوماوی پارێزگا لێقەوماوەكانی عیراق، دووبارە ئەو كردەوە تیرۆریستیەو تاوانباریە رەدد دەكەینەوەو شەرمەزاری دەكەین‌و تەنها خاوەنی لێی بەرپرسیارەو پەیوەندی بە ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە نیە.

لە كۆتاییدا داوا لە خوای پەروەردیگار دەكەین كە شەهیدەكان بەر رەحمەتی فراوانی خۆی بخات‌و سەبرو ئارامیش بە كەس‌و كاریان ببەخشێت‌و شیفای بە پەلەش بۆ برینداران بنێرێت.  

 

هــ.بالیسانی