په‌روه‌رده‌كردنی منداڵ له‌ روانگه‌ی قورئانه‌وه‌ سوره‌تی لوقمان وه‌ك نمونه‌

bradoste@gmail.com

یه‌كێك له‌و هه‌زاره‌ها نازو نیعمه‌تانه‌ی كه‌وا خوای مه‌زن به‌ مرۆڤی به‌خشیوه‌ نازو نیعمه‌تی منداڵه‌، وه‌ هه‌روه‌ها منداڵیش پێویستی به‌ په‌روه‌ده‌یه‌كی باش و جوان و پوخت هه‌یه‌، هه‌ر وه‌ك چۆن پێویستی به‌ خه‌وو خواردن و خواردنه‌وه‌یه‌كی باش هه‌یه‌ تاكو گه‌شه‌یه‌كی جوان بكات، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وه‌یه‌كی ته‌ندروست و ساخله‌م بۆ دوا رۆژی گه‌له‌كه‌مان به‌رهه‌م بێنینن پێویستمان به‌ په‌روه‌رده‌یه‌كی چاك هه‌یه‌ تاكو ووڵاتێكی ئارام و سوود به‌خش بنیات بنێن، به‌ تایبه‌تیش له‌و سه‌رده‌مه‌ی كه‌وا ئێمه‌ی تێدا ده‌ژین.

جا په‌روه‌رده‌كردنی منداڵ له‌ خانه‌واده‌یه‌كه‌وه‌ بۆ خانه‌واده‌یه‌كی تر ده‌گۆرێت خانه‌واده‌ هه‌یه‌ په‌روه‌رده‌یه‌كی جوان و ته‌ندروست ده‌كات، وه‌ خانه‌واده‌یه‌كی تر به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، وه‌هه‌روه‌ها په‌روه‌رده‌كردنی منداڵیش هونه‌ره‌، به‌ڵكو هونه‌رێكه‌ له‌و هونه‌رانه‌ی كه‌وا زۆر پێویسته‌ هه‌موو مرۆڤێك بزانێت به‌ گه‌وره‌و بچوك و به‌ نێرو مێیه‌وه‌، چونكه‌ زۆر جار منداڵ به‌ شێوه‌یه‌كی جوان په‌روه‌رده‌ ده‌كرێت له‌ لایه‌ن دایك و باوكیه‌وه‌ به‌ڵام چونكه‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ی كه‌وا له‌ ده‌ورو به‌ری له‌و هونه‌ره‌ باش نازانن ئه‌وا په‌روه‌رده‌ی دایك و باوكه‌كه‌ زۆر كاریگه‌ری نابێ.

وه‌ منداڵ و په‌روه‌رده‌كرنی منداڵ زۆر زۆر هه‌ستیاره‌ گه‌ر مرۆڤ به‌ شێوه‌یه‌كی جوان خوانه‌خواسته‌ جێ به‌جێ نه‌كات ئه‌وا له‌ دوا رۆژدا نه‌وه‌یه‌كی سه‌قه‌ت په‌یدا ده‌بێ.

وه‌ ئاینی پیرۆزی ئیسلامیش وه‌ك ئاینێكی ئاسمانی و به‌رنامه‌ی مرۆڤایه‌تی گرنگیه‌كی زۆر به‌ په‌روه‌رده‌كردنی مندال ده‌دات چه‌ندان ئایه‌ت له‌ قورئانی پیرۆز ئاماژه‌ به‌ په‌روه‌ر ده‌كردنی مندال ده‌كات، وه‌ ده‌یان له‌فه‌رمووده‌ی شیرین له‌ فه‌رمووده‌كانی پێغه‌مبه‌ری ئازیزمان و كار وكردوه‌ كانی شاهێدین.

وه‌ ئه‌گه‌ر بچینه‌ خزمه‌ت سوڕه‌تێك له‌ سوڕه‌ته‌كانی قورئانی پیرۆز به‌ ناوی سوره‌ِتی [ لوقمان ] ئه‌وا چه‌ند ڕه‌وشت و ئاكارێكی جوان و ئیجابی فێر ده‌بین، ئه‌و یش به‌باس كردن و گێرانه‌وه‌ی به‌سه‌ر هاتی ( لوقمانی حه‌كیم ) و له‌گه‌ڵ كوڕه‌كه‌ی كاتێك له‌گه‌ڵ كوره‌ِكه‌ی ده‌كه‌وێته‌ گفتوو گۆ و ئامۆژگاری كوڕه‌كه‌ی ده‌كات و به‌و په‌ری دلسۆزی و نه‌رم و نیانیه‌وه‌ ئامۆژگاری ئیجابی كوره‌كه‌ی ده‌كات كه‌وا ئیستا ئێمه‌ی مرۆڤ به‌ گشتی و موسڵمانان به‌ تایبه‌تی زۆر پێویستیمان به‌و جۆره‌ ئامۆژگاریانه‌ هه‌یه‌، كه‌وا به‌داخه‌وه‌ ئێمه‌ زۆر به‌ مان لێی بێ ئاگاین، زۆر به‌ مان تاكو ئێستا نازانین به‌ ته‌واوی منداله‌كانمان به‌ شێوه‌یه‌كی جوان په‌روه‌رده‌ بكه‌ین، جا هه‌ریه‌كه‌مان به‌شێوه‌یه‌ك مندال به‌خێو ده‌كه‌ین دواتر به‌رده‌وام گله‌یی له‌ منداله‌كان ده‌كه‌ین , منداله‌ كانمان به‌ هارو هاج ناوده‌به‌ین له‌گه‌ل ئه‌وه‌شدا ئه‌م سیفه‌ته‌ دوور له‌ روتان ته‌نها بۆ (سه‌گ ) به‌كار دێت یاخود منداله‌كانمان به‌ مندالی ئاخر زه‌مان ناو زه‌د ده‌كه‌ین، له‌گڵ ئه‌وه‌شدا مندال وه‌كو په‌ره‌ی گوڵ پاكه‌ به‌لام ئێمه‌ی گه‌وره‌ نازانین هه‌ڵسوو كه‌وتیان له‌گه‌لیاندا بكه‌ین، چونكه‌ سه‌رچاوه‌كانی فێر بوون لای مرۆڤ بریتین له‌ :
1- دایك و باوك
2- خێزان
3- كۆمه‌ڵگا
4- براده‌ر
5- قوتابخانه‌و مرگه‌وت و شوێنه‌ ئاینیه‌كان
6- خودی مرۆڤ
وه‌ ترسناك ترین وكاریگه‌رترین سه‌رچاوه‌ سه‌رچاوه‌ی براده‌ره‌، چونكه‌ ئه‌م سه‌رچاوه‌یه‌ به‌ یه‌كه‌م ده‌ستكه‌وتی مرۆڤ داده‌نرێ، جا پێویسته‌ دایك و باوك شاره‌زای سروشتی منداله‌كانیان بن.

وه‌ خوایگه‌وره‌ ده‌فه‌رمووێ :
(وإ ذ قال لقمان لابنه وهو يعظه يا بني لاتشرك بالله إن الشرك لظلم عظيم) ئایه‌تی (13)
واته‌ : ئه‌ی موحه‌ممه‌د باسی ئه‌و كاته‌ بكه‌ كه‌ لوقمان به‌ كوره‌كه‌ی ووت كه‌ ئامۆژگاری ده‌كرد ووتی : ئه‌ی كوره‌ شیرینه‌كه‌م هاوبه‌ش بۆ خوا دامه‌نێ چونكه‌ به‌راستی هاوبه‌ش دانان بۆ خوا سته‌مێكی زۆر گه‌وره‌یه‌.

ئه‌وه‌ ئامۆژگاری كردنه‌ له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌كردنی ئایینی و په‌روه‌رده‌كردنه‌ له‌سه‌ر پێشاندانی ئاینێكی راست و دروست ئاینێكی بێ خه‌وش، وه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر دایك و باوكه‌ به‌رێزه‌كان له‌ خه‌می منداڵه‌كانیان بن و فێری په‌روه‌رده‌ی ئاینیان بكه‌ن.
(يابني إنها إن تك مثقال حبة من خردل فتكن في صخرة أو في السموات او في الأرض يأت بها الله إن الله لطيف خبير) ئایه‌تی (16)
واته‌ : لقمان ووتی : ئه‌ی كوره‌ شیرینه‌كه‌م به‌راستی ئه‌و ( چاكه‌و تاوانه‌ ) ئه‌گه‌ر كێشی تۆوه‌ خه‌رته‌له‌یه‌ كیش بێت له‌ناو به‌ردێكدا یا له‌ناو ئاسمانه‌كان یا له‌ زه‌وی دا بێت ( خوا له‌ قیامه‌ت دا ) ده‌یهێنی به‌راستی خوا وردبین و ئاگاداره‌.
دیسان له‌و ئایه‌ته‌ش بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ كه‌وا لوقمانی حه‌كیم باس له‌ گه‌وره‌یی خوای گه‌وره‌ بۆ كوره‌كه‌ی ده‌كات به‌وه‌ی كه‌وا خوای گه‌وره‌ هیچ شتێكی له‌به‌ر بزر نابێ جا ئه‌و شته‌ چه‌ند گه‌وره‌ بێت یا چه‌ند بچوك بێت، وه‌ تێگه‌یاندنی كوره‌كه‌یه‌تی به‌جوانترین شێوه‌.

خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رمووێ : (يبني اقم الصلاة وامر بالمعروف وانه عن المنكر واصبر على ما اصابك إن ذلك من عزم الامور).(17)
واته‌: ئه‌ی كوری شیرینم : نوێژ به‌ جێ بێنه‌و فه‌رمان به‌ چاكه‌ بكه‌ و به‌گری له‌ خراپه‌ بكه‌ وه‌ هۆگر و ئارام به‌ له‌سه‌ر هه‌ر به‌لاو ناخۆشی یه‌ك تووشت دێ بێگومان ئه‌وه‌ له‌و كاره‌ گه‌ورانه‌یه‌ كه‌ خوا پێویستی كردوه‌.

وه‌ له‌و ئایه‌ته‌شدا لوقمانی حه‌كیم كوره‌كه‌ی فێری ئارامگرتن ده‌كات ، چونكه‌ له‌ نوێژ كردن و كردنی چاكه‌و نه‌كردنی خراپه‌ پێویستی به‌ ئارامگرتنێكی زۆر هه‌یه‌، وه‌ فیری ئه‌وه‌ی ده‌كات كه‌وا كه‌سێكی چاكه‌ خوازبێ خۆی دور بكاته‌وه‌ له‌ كاری خراپه‌ چونكه‌ به‌و شێوه‌یه‌ ده‌توانێ كه‌سێكی ئه‌كتیڤ و چالاك بێ له‌وناو كۆمه‌ڵگادا، وه‌ ئارامگرتنیش یه‌ كێكێه‌ له‌ خاله‌ هه‌ره‌ به‌ هێزه‌كانی سه‌ركه‌وتن به‌ سه‌ر ناخۆشیه‌كاندا.

(ولا تصعر خدك للناس ولا تمش في الارض مرحا ان الله لايحب كل مختال فخور). (18)
واته‌ : روو له‌ خه‌لك وه‌ر مه‌گێره‌ و به‌ كه‌شخه‌و فیزه‌وه‌ مه‌رۆ به‌ زه‌ویدا چونكه‌ به‌راستی خوا هیچ خۆ به‌زل زانێكی خۆش ناوێ.

له‌م ئایه‌ته‌شدا دیسان لوقمانی حه‌كیم كوره‌كه‌ی له‌سه‌ر ئیجابیات په‌روه‌رده‌ ده‌كات و پێی ده‌لێت ده‌بێت كه‌وا له‌گه‌ل خه‌لكدا باش هه‌ڵسوكه‌وت بكات و خۆی به‌ دوور بگرێت له‌ فیزو كه‌شخه‌یی كردن به‌سه‌ر خه‌لكیدا چونكه‌ ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ خوای گه‌وره‌ خۆشی ناوێن.

خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رمووێ : (واقصد في مشيك واغضض من صوتك إن أنكر الأصوات لصوت الحمير) (19)
واته‌ : له‌ رۆشتندا مام ناوه‌ندی به‌ ( نه‌ هێواش نه‌ به‌ په‌له‌ ) وه‌ ( له‌ قسه‌ كردندا ) ده‌نگت نزم بكه‌ره‌وه‌ به‌راستی نا خۆشترینی ده‌نگه‌كان ده‌نگی ( سه‌ره‌ی ) گوێدرێژه‌.
وه‌ له‌و ئایه‌ته‌شدا لوقمانی حه‌كیم كوره‌كه‌ی فێری هه‌ڵسووكه‌وتی جوان ده‌كات له‌ ناو كۆمه‌لگادا بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سێكی ئیجابی و سه‌ركه‌وتوو بێت له‌ ناو كۆمه‌لگادا وه‌ له‌ هه‌ڵسوكه‌وت كردنی له‌گه‌ل خه‌ڵكیدا بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له‌ كه‌مترین هه‌ڵه‌ش بپارێزیت،