لقی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقاف سەردانی محمدی حاجی محمود دەكەن

ڕۆژی 8 / 12 /2014 شاندێكی هاوبەشی لقی سلێمانی یەكێتی زانایان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقافی سلێمانی بە سەرۆكایەتی مامۆستا نجم الدین قادر لێپرسراوی لق و حاجی عەتا عبدالله بەڕێوەبەری گشتی ئەوقاف و شاندێكی یاوەریان سەردانی بەڕێزمحمدی حاجی محمود سكرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانیان كرد.

سەرەتا دوای بەخێرهاتن لێپرسراوی لقی سلێمانی یەكێتی زانایان بە ناوی زانایانی ئاینیەوە جارێكی تریش پرسەو سەرەخۆشی لە هەڤاڵ محمدی حاجی محمود كردەوە بە بۆنەی شەهیدبونی كاك عگای كوڕیەوە، كە لە ناوچەی تەلوەردی سنوری كەركوك لە ڕوبەڕونەوەی تیرۆریستانی (داعش)دا شەهیدبوو.

لێپرسراوی لق ڕایگەیاند هەمومان خۆمان بە هاوبەشی خەمتان دەزانین‌و بەڕێزتان بەو شەهیدبونەی جگەرگۆشەكەتان سەروەریەكی ترتان بۆ گەلی كورد بە گشتی و حیزبی سۆسیالیست و بنەماڵەكەتان تۆماركردو جەنابتان بەو سەروەریە گەورە تر بون ،

هەروەها هیوای خواست ئەمە دواین ناخۆشی بنەماڵەكەیان بێت و پەروەردگار ئارامی بە دڵی بەڕێزیان ببەخشێت.

دواترحاجی عەتا عبدالله بە ناوی ئەوقافەكانی سلێمانیەوە لە وتەیەكداپرسەو سەرەخۆشی ئاراستەی بەڕێزیان كردو هیوای خواست ئەمە دواین كۆستی خانەوادەكەیان بێت .

پاشان هەڤال محمدی حاجی محمود سوپاسی شاندە هاوبەشەكەی كرد بۆ ئەو دڵسۆزی و بە خەمەوە بونەیان و ڕایگەیاند ئەم دەستكەوتانەی بە دەست هاتون بۆ گەلی كورد كە ئێستا هەموو جیهان پشتگیری لە كورد ئەكات و ئەو سەركەوتنانەی بە دەست هاتون بە خوێنی هەزاران شەهیدی ئەم  گەلە ستەم  دیدەیە بە دەست هاتوە، شەهید عەتاش یەكێكە لەو شەهیدانەو مایەی شانازیمانە كە لەپێناو ئازادی گەلەكەیداو بۆ بەرگری كردن لە خاكی كوردستان گیانی خۆی لەو پێناوەدا بەخشیوە.

 

هـ بالیسانی