كەلار : یادی لە دایكبوونی پێشەوای مرۆڤایەتی حەزرەتی موحەممەد بەرزو پیرۆز ڕاگیرا

سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە 3/1/2015 وەكو نەریتی ساڵانەو لە یادی لە دایكبوونی حەزرەتی فەخری عالەم محمد ئەلموستەفا درودی خوای لەسەر بێ‌ لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستاندا مەراسیمی فراوان و شایستە ڕێكدەخرێت و لەو میانەیەشدا لە كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان لقی گەرمیانی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقافی گەرمیان لە مزگەوتی گەورەی شارەكە مەراسیمێكی شایستەو شكۆداریان ڕێكخست.

لەو مەراسیمەدا كە سەلاح كوێخا سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و شێخ محمد شاكەلی ڕاوێژكاری ئاینی سەرۆكی هەرێم و ژمارەیەكی بەرچاو لە زانایانی ئاینی و بەرپرسانی حزبی و حكومی و ڕێكخراوەیی و كەسایەتی و پیاوماقوڵان و شێخانی تەریقەت و گەنجان و لاوان و ئافرەتان ئامادەی بوون بەخوێندنەوەی چەند ئایەتێك لە قورئانی پیرۆز دەستی پێ‌ كردو پاشان ووتاری یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان لەلایەن مامۆستا مەلا حەمەئەمین كەلاری ئەندامی مەكتەبی تەنفیزی یەوە خوێنرایەوە و پەیامی پیرۆزبایی سەرۆكایەتی زانایانی بە ئامادەبوان و موسوڵمانانی دەڤەرەكە گیاند ، پاشان وتاری وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی لەلایەن مامۆستا حەمەغریب توفیق بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی گەرمیان خوێنرایەوەو دواتریش وتاری لقی گەرمیانی یەكێتی زانایان لەلاەین مامۆستا مەلا ئیدریس ژاڵەیی بەپرسی ڕاگەیاندنی لقەوە خوێنرایەوە ،پاشان مامۆستا مەلا تارق هەمەوەندی بەرپرسی ناوچەی كفری یەكێتی زانایان بە ووتارێك بەشداری ئاهەنگەكەی كرد و هەرلەو مەراسیمەدا مامۆستا عەبدولحەمید بێلولەیی زانای ئاینی و هۆنەر پارچە هۆنراوەیەكی پیچشكەشی ئامادەبوان كردو پاشان چەندین سرود و مەدیح بۆ وەصف و سەنای پێغەمبەری خۆشەویست خوێنرایەوەو بەدابەشكردنی شیرینی كۆتایی بە مەراسیمەكە هێنرا ،

شایانی باسە لەپاش مەراسیمەكەو لە بارەگای لقی گەرمیانی یەكێتی زانایان دیاری تایبەت بە زانایانی ئاینی بەشداربوی مەراسیمەكە بەخشرا كە لە لایەن لقی گەرمیانی یەكێتی زانایان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقافەوە ئامادە كرابوو .

دانا مەلا حەمەئەمین – گەرمیان.

هـ بالیسانی