یەكێتی زانایان لە قەزای كفری یادی لە دایكبوونی پێغەمبەر دەكاتەوە

ڕۆژی هەینی 9/1/2015 بە سەرپەرشتی ناوچەی كفری سەر بەلقی گەرمیانی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان و بەبەشداری  مامۆستا مەلا حەمەئەمین كەلاری ئەندامی مەكتەبی تەنفیزی و لێپرسراوی لقی گەرمیانی یەكێتی زانایان و شاندێكی یاوەری و ژمارەیەك لە زانایانی ئاینی كفری و كەلارو خانەقین و سەرقەڵا و بەرپرسانی حزبی و حكومی و كەسایەتی  و پیاوماقوڵان و شێخانی تەریقەت مەراسیمێكی شایستەو شكۆدار بۆ یادی لە دایكبوونی پێغەمبەر دروی خوای لەسەربێت لە مزگەوتی حاجی مەدحەتی قەزای كفری بەڕێوە چوو.

سەرەتای مەراسیمەكە بە خوێندنەوەی چەند ئایەتێك لە قورئانی پیرۆز دەستی پێكردو، پاشان وتەی لێژنەی ئامادەكاری مەراسیم لەلایەن مامۆستا تارق هەمەوەندی بەرپرسی ناوچەی كفری یەكێتی زانایانەوە خوێندرایەوە و پاشان مامۆستا مەلا حەمەئەمین كەلاری لە وتەیەكدا پەیامی پیرۆزبایی سەرۆكایەتی زانایانی گەیاندە ئامادەبوانی مەراسیمەكەو هاوڵاتیانی قەزاكە پاشان چەندین وتاری ئاینی لە لایەن زانایانی ئاینی بەشداربووی مەراسیمەكەوە خوێنرایەوە.

 شایانی باسە مەراسیمەكە بە خوێندنەوەی سرودی ئاینی لەلایەن تیپی شەپۆلەوە ناو  بەناو ئەڕازینرایەوەو بە دابەشكردنی شیرینی كۆتایی بە مەراسیمەكە هێنرا.

دانا مەلا حەمەئەمین – گەرمیان.

 

هـ بالیسانی