روونکردنەوەی لێژنەی فەتوا دەربارەی لاشەی مردوو

روونکردنەوەی لێژنەی فەتوا دەربارەی لاشەی مردوو

بەناوی خوای گەورەو میهرەبان

لەگەڵ هاتنەپێشی ئەو شەرەی بەرۆکی هەرێمی کوردستانو خەڵکە ئاشتیخوازەکەی گرتووە، کۆمەڵێك بابەتی نوێ هاتوونەتە پێش کە پێویستی بە بەدواداچونو لێکدانەوەی شەرعی هەیە... یەکێك لەو پرسیارانەی ئاراستەی لێژنەی باڵای فەتوا کراوە چۆنیەتی مامەڵەکردنە لەگەڵ لاشەی مردوو یان کوژراو.

لێژنه‌ی باڵای فه‌توا پاش لێكۆڵینه‌وه‌و تاوتوێ‌ كردنی ئه‌م بابه‌ته‌  و به‌ سوود  وه‌رگرتن له‌ ڕای زانایانی فیقهی ئیسلامی، ئەم روونکردنەوەی دا:

درووست نییە سوکایەتی بە لاشەی مردوو بکرێت، وەك ئەوەی بسووتێندرێت یان گوێو لووتی ببڕدرێت یان چاوی دەربهێندرێت یان سووکایەتی پێ بکرێت، چونکە:

1/ لە هەموو کاتێکی ئاشتی و شەردا پێویستە رەچاوی رێزگرتن لە مرۆڤ بکرێت، چونکە خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا بنەمای: (وَلَقَدْ كَرَّمْنَا بَنِي آدَمَ)ی بە هیچ شتێك نەبەستۆتەوە.

2/ پێغەمبەر دروودی خوای لەسەر بێت تاڵانکردنی ماڵی خەڵکو هەتککردنی لاشەی مردووی قەدەغەی کردووە، وەك لە عەبدوڵای کوری زەید دەگێردرێتەوە کە پێغەمبەر دروودی خوای لەسەر بێت: (نَهَى عَنِ النُّهْبَةِ وَالمُثْلَةِ) رواه البخاری. واتە: تاڵانکردن و هەتککردنی لێ قەدەغەکردبووین.

3/ عیمرانی کوری حصین دەگێرێتەوە، پێغەمبەری خوا فەرمانی صەدەقەی پێدەکردینو، هەتکردنیشی لێ قەدەغە دەکردین: (أَمَرَنَا بِالصَّدَقَةِ، وَنَهَانَا عَنِ الْمُثْلَةِ) رواه النسائی واحمد.

4/ لە هیچ سەرچاوەیەکی دروست نەهاتووە کە پێغەمبەرو هاوەلانی پەنایان بۆ هەتککردنی مردوو بردبێت یان رێگەیان پێدابێت.

لێرەوە داوا لە برایانمان لە پێشمەرگە قارەمانەکانمان و فەرماندەکانیان دەکەین لە هیچ حاڵەتێکدا پەنا بۆ سووکایەتی کردن بە لاشەی کوژراوان نەبەن، بێگومان هەر ئەوەش لەو هێزە رەوشبەرزە چاوەرێ دەکرێت، کە بەدرێژایی مێژوو جوامێرانەترین و بەرزترین رەوشتی شەرکردنیان پیشان داوە. بۆیە لە هەر حاڵ و رەوشێکدا، نابێ هیچ پەرچەکردارێکی نادرووست لەلای بەرێزتانەوە دروست بێت، بە پێچەوانەوە دەست بە شەریعەت و یاسا نێودەوڵەتیەکان و ئەخلاقی رەسەنتانەوە بگرن.

 

یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان

لێژنەی باڵای فەتوا

4/4/1436

3/1/2015