لقی سلێمانی زانایان پێشوازی لە بەرپرسی ڕۆشنبیری كونسولخانەی ئێران و نوینەری زانكۆی مسته‌فا دەكات

بەرپرسی لقی سلێمانی: سوپاسی كۆماری ئیسلامی ئێران دەكەین  كە لە ڕۆژگارە سەختەكاندا بە هانای خەڵكی لێقەوماوی كوردستانەوەهاتوون.

بەرپرسی ڕۆشنبیری كونسولگەری كۆماری ئیسلامی ئێران: باسی لە گرنگی ڕۆڵی زانایانی ئایینی لە كوردستان كرد، كە هەمیشە كاریان بۆ تەبایی و یەكڕیزی نێوان سەرجەم پێكهاتەكان كردوە و بەرەنگاری هەر جۆرە توندوتیژیەك وەستاونەتەوە كە بەناوی ئیسلامەوە كرابێت.

ڕۆژی 3/ 3/2015 شاندێكی كۆماری ئیسلامی ئێران كە پێك هاتبون لە ئاغای ئەحمدی بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری كونسوڵگەری كۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی ئاغای ئازەری جێگری سەرۆكی زانكۆی مستەفاو شاندێكی یاوەریان سەردانی بارەگای لقی سلێمانی  زانایانیان كردو، لەلایەن مامۆستا نجم الدین قادر لێپرسراوی لق و مامۆستا احمد شافیعی ئەندامی مەكتەبی تەنفیزی و مامۆستا اسماعیل دێرێی ئەندامی دەستەی سەركردایەتی یەكێتی زانایان و كارگێڕانی لقەوە پێشوازی كران.

سەرەتا شاندی میوان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بە سەردانیان بۆ لای زانایانی ئایینی و سوپاسی ئەو پێشوازیە گەرمەیان كرد، كە لێیان كراوە لە وتەیەكدا ئاغای ئازەری باسی لە پەیوەندی نێوان زانایانی ئایینی كرد لە هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران و باسی لە گرنگی ڕۆڵی زانایانی ئایینی لە كوردستان كرد، كە هەمیشە كاریان بۆ تەبایی و یەكڕیزی نێوان سەرجەم پێكهاتەكان كردوە و بەرەنگاری هەر جۆرە توندوتیژیەك وەستاونەتەوە كە بەناوی ئیسلامەوە كرابێت.

لە بەشێكی تری وتەكەیدا ئاغای ئازەری بەڵێنیدا هەر جۆرە هاوكاری و هەماهەنگیەكیدا كە خزمەت بە یەكریزی نێوان موسوڵمانان بكات‌و بانگهێشتی زانایانی سلێمانی كرد بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران و هەتا زیاتر گیانی یەكڕیزی و برایەتی نێوان زانایانی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران بەر جەستە تربێت.

پاشان مامۆستا نجم الدین قادر لە وتەیەكدا بە ناوی سەرجەم زانایانی ئایینیەوە بەخێرهاتنی شاندی میوانی كردو خۆشحاڵی زانایانی ئاینی بەو سەردانە بۆ شاندی میوان دوپات كردەوەو، لە بەشێكی تری وتەكەیدا سوپاسی كۆماری ئیسلامی ئێرانی كرد كە لە ڕۆژگارە سەختەكاندا دەروازەكانی بەڕوی خەڵكی لێقەوماوی كوردستاندا كردوەتەوەو هاوكاروپشتیوانێكی باشی ستەم لێكراوانی كورد بوەو ئێستاش لەم قۆناغەی گەلی كوردی پێدا تێدەپەڕێت لە ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆرو گروپی تیرۆریستی داعشدا هاوكاروپشتیوانمان بوەو چاوەڕوانی زیاتر لەوەش لە بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران دەكەین.

لە بەشێكی تری وتەكەیدا بەرپرسی لق ئاماژەی بە دەوری گرنگی هەرێمی كوردستان كرد كە بە درێژایی مێژو خاكی كوردستان نەوەكانی پێغەمبەری پێشەوای لە خۆگرتوە لە كاتێكدا لە جێگاكانی تردا لەدەست ئەشكەنجەو ئازار هەڵهاتون‌و خاكی كوردستان لە ئامێزی گرتون.

دواتر هەر یەك لە مامۆستا ئەحمدی شافیعی و نوێنەری زانكۆی مستەفا لە عیراق بە چەند وتەیەك بەشداریان كرد و پاشان شاندی میوان بە ڕیزەوە بەڕێخران.

راگەیاندنی لقی سلێمانی.

 

هـ بالیسانی.