تەوێڵە... یەکێتی زانایان بەشداری سمینارێکی تایبەت بە ڕابەری تەریقەتی نەقشبەندی شێخی سیراجەدینی تەویڵە دەکات

سەرۆكی زانایان: تاكە چارەیەك بۆ لە ناو بردنی بیری تەكفیرو توندڕەوی گەڕانەوە یە بۆ ئەو پەیامەی شێخانی بیارە و هەورامان لە سەری بون‌و، بۆ برەودان بە حوجرەو خانەقاكان و ئەو بیری میانەڕەوییەی هەبوە لای پەیڕەوكارانی تصوف.

رۆژی 14 / 3 / 2015 بە ئامادەبونی شێخ محمد شاكەلی ڕاوێژكاری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری ئایینی و مامۆستا مەلاعبدالله ملاسعید سەرۆكی یەكێتی زانایان و نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسیەكان و ژمارەیەكی بەرچاو  لە زانایانی ئایینی و پەیڕەوكارانی سەرجەم تەریقەتەكان لە ژێر دروشمی [سەروەریەكانی خزمەتگوزارانی زانایان و هەژاران بەرز دەنرخێنین] زنجیرە پانێلێك بۆ كەسایەتی ئایینی و ڕابەری تەریقەتی پیرۆزی نەقشبەندی شیخ عوسمانی سیراجەدینی یەكەمی تەوێڵە بەڕێوەچوو.

 سەرەتای مەراسیمەكە بە خوێندنی چەند ئایەتێك لە قورئانی پیرۆز دەستی پێكردوپاشان وتەی بەخێرهاتن لەلایەن بنەماڵەی نەقشبەندیەوە خویندرایەوە، دواتر وتاری بەڕێز شیخ محمد شاكەلی ڕاوێژكاری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری ئایینی خویندرایەوە، پاشان بەڕێز مامۆستا ملا عبدالله ملاسعید سەرۆكی یەكێتی زانایان وتاری زانایانی ئایینی خوێندەوە سەرەتا سوپاسی خانەوادەی نەقشبەندی كرد لە سازدانی ئەم زنجیرە كۆڕەو كە لە هەلومەرجێكی تایبەت و هەستیاردا سازكراوە و لە كاتێكدایە كەسانێك لە ژێر ناوی ئایینی پیرۆزی ئیسلام كوشت و بڕی گەلەكەمان دەكەن و خوێنی ڕۆڵەكانمان بە ناڕەوا دەڕێژن .

لەبەشێكی تری وتارەكەیدا باسی لەڕۆڵ و پێگەی تصوف كرد لە كوردستاندا كە ڕابەرایەتی شۆڕشەكانی كوردیان لە مێژوی شۆڕشەكانی كوردا كردوە هەردو جەمسەری زانست خوازی وخزمەت كردن بە ئاینی پیرۆزی ئیسلام و خزمەت كردن بەخاك و نیشتیمان یان پیكەوە گرێداوەو، لەبەشێكی تری وتارەكەیدا سەرۆكی یەكێتی زانایان جەختی لەوە كردەوە كەپێویستە هەموان بگەڕێینەوە بۆ برەودان بە ڕێبازی ئەو كەڵەپیاوانەی كە جێگا دەستیان لە مێژوی ئیسلام خوازی گەلی كوردا دیارە ئەوەشی دوپات كردەوە كەپێویستە لایەنە پەیوەندی دارەكان كار بكەن بۆ برەودان بە حوجرەو خانەقاكان و ئەوبیری میانەڕەوییەی هەبوە لای پەیڕە وكارانی تصوف زیاتر برەوی پێ بدرێت، چونكە تاكە چارەیەك بۆ لە ناو بردنی بیری تەكفیرو توندڕەوی گەڕانەوە یە بۆ ئەو پەیامەی شێخانی بیارە و هەورامان لە سەری بون .

پاشان بە خوێندنەوە چەندین وتاری لایەنەكان كە سەرجەمیان جەخت كردنەوەبوو لە برەودان بە ڕێبازی شێخانی هەورامان و برەودان بەبیری میانەڕەوی لە كوردستان و بە سازدانی چەندپانێڵێك كۆڕەكە كۆتایی هات.

راگەیاندنی لقی سلێمانی.

 

هـ بالیسانی