یەكێتی زانایان سەردانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانی كرد

ئەمڕۆ چوارشەمە (1/4/2015) شاندێكی یەكێتی زانایان سەردانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیان كرد، شاندەكە پێكهاتبون لە سەرۆك‌و جێگری سەرۆكی زانایان‌و چەند ئەندامێكی ئەنجومەنی ناوەندی‌و بەرپرسی لقەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی ‌و گەرمیانی یەكێتی زانایان.

ئامانجی سەردانەكە دەربڕینی ناڕەزایی‌و گەیاندنی گلەیی زانایانی ئایینی بوو دەربارەی كۆنفرانسی دابران لە سلێمانی، كە یەكێتی زانایان بەیاننامەی لەسەر دەركردبوو.

لە بارەی سەردانەكەوە مامۆستا جەعفەر گوانی بەرپرسی راگەیاندنی یەكێتی زانایان دەربارەی ناوەڕۆكی سەردانەكە بە سایتی زانایان راگەیاند: سەرەتا سەردانی مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێری یەكێتیمان كرد.

مامۆستا مەلا عەبدولا سەرۆكی زانایان سەرەتای قسەكانی كردەوە‌و پێیراگەیاندن: ئێمە وەكو بەرپرسی دەستەی كارگێری قسە لەگەڵ جەنابت دەكەین‌و، بۆیە سەرەتا سوپاسی ئەم دەرفەتە دەكەین، هاتووین نیگەرانی سەرجەم زانایانی ئایینی بە جەنابتان بگەیەنین، چونكە زانایان لە كۆن‌و نوێوە هەمیشە پشتیوانی شۆڕشەكانی كورد بوینە، بەتایبەتی لە قۆناغی ئێستای بەرەنگاربوونەوەی داعش، چونكە پێمان وایە ئەوان مەترسین بۆ سەر نیشتیمان‌و ئایینمان‌و، بە رونی رامانگەیاندوە، شەركردن لەگەڵ تیرۆریستان ئەركێكی پیرۆزی ئایینی‌و نیشتیمانیە.

هەروەها سەرۆكی زانایان گوتی: مەلای كورد هەمیشە دژی توندرەوی بووە‌و، یەكێتی زانایان هەمیشە هەوڵی داوە بۆ قوڵكردنەوەی پێكەوەژیان‌و هێمنی نێو ئایینەكان لە هەرێمی كوردستاندا.

پاشان هاتە سەر باسەكە‌و، رایگەیاند: گلەییمان لە كۆنفراسنەكەتان هەیە، بەتایبەتی لە دوو وتارەكەی جەنابت، چونكە ئاساییە گلەییت لە حزبێكی ئیسلامی یان رەوتێكی ئیسلامی یان كەسێكی ئیسلامی هەبێت‌و پشتگیریشتان دەكەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی تووندرەوی، بەڵام دەستبردن بۆ لێدانی خودی ئایین ئەوە بۆ ئێمە‌و خەڵكی كوردستان‌و پێشمەرگە‌و خودی جەماوەری یەكێتی جێگەی قبوڵكردن نییە‌و، بەم وتارانە پشێویەكی زۆرتان نایەوە‌و، خەڵك ئێستا لە تۆرە كۆمەڵایەتیەكان داعشی بە بیر نەماوە هەر قسە لەسەر وتارەكەی ئێوە دەكات، كوردستان لە دۆخێكی خراپ‌و ناخۆش دەژیت ئەم كارانەت هیچ خزمەتی ئەمرۆی كوردستان ناكات.

دوای ئەوە مەلا بەختیار بەخێرهاتنی میوانەكانی كرد‌و، سوپاسی كردن كە هەموو قسەكان بە راشكاوی دەكەن‌و، گووتی: ئەوە وەكو خۆی بگەیەننە هەموو لایەك كە (خوا‌و پێغەمبەر‌و قورئان) هێڵی سوورن، بۆیە هەر كاتێك قسەمان لەو سێ‌ شتە كرد، ئەوا گلەییمان لێبكەن، نارەزایی دەرببرن خۆپیشاندان‌و مانیش بگرن، بەڵام قسەكردن لە فیكری تووندرەوی‌و مێژووی موسڵمانان ئەوە شتێكی دیكەیە، بەڵام دلنیابن لە داهاتوشدا ئەم سێ‌ شتە دەبنە هێڵی سوور‌و بە هیچ شێوەیەك لە راگەیاندن‌و گۆڤار‌و رۆژنامەكانیشمان رێگە بە بەزاندنی ئەم هێڵە سوورانە نادەین.

هەروەها مەلا بەختیار پێی وابوو ئایین بۆ خەڵك زەرورە، چونكە ئەگەر ئایین نەمێنێت ئەوا تاوان‌و جەریمە زیاد دەكات، هەروەها گوتی: ئێمە زۆر لە هەڵوێستی زانایان بە گشتی‌و یەكێتی زانایان بەتایبەتی رازین كە بە روونی‌و ئاشكرا دژی داعشن‌و، پشتیوانی لە هەرێمی كوردستان دەكەن.

بۆیە رایدەگەینین ئێمە دژی دین نین، دژی ئیلحادین، بەڵام ئێمە رێز لەو پیرۆزیەكان دەگرین‌و بە هەموو شێوەیەكیش دژی تووندرەوی دەوەستینەوە.

سەرۆكی یەكێتی زانایان سوپاسی مەلا بەختیاری كرد، كە بە راشكاوی رایگەیاند: (خوا، پێغەمبەر، قورئان) هێڵی سورن، ناكرێ‌ لە پەنای هەلسوكەوتی چەند كەسێك تانە‌و تەشەرە لە موسڵمانان‌و مامۆستایان بدرێت.

جارێكی دیكە مەلا بەختیار سوپاسی كردنەوە، كە لە هەڵوێستی مامۆستایان تێگەیشت، هەروەها لە موعانات‌و نیگەرانیەكانیشیان تێگەیشت، بۆیە جاری سێیەم دووبارەی كردەوە، دڵنیابن: (خوا، قورئان، پێغەمبەر) هێڵی سوورن.

دواتر شاندەكە سەردانی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد هاوسەری سەرۆك مام جەلال ‌و ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیان كرد، هەمان نیگەرانی زانایانیان بە بەرێزیان راگەیاند: ئەویش گووتی: ئێمەش بەراستی لەم كارە نیگەران بوین‌و، زۆریشمان پێناخۆش بوو، بۆیە داوای لێبووردن دەكەین، ئەمانە شتی زانستی نین، بەڵكو برینداركردنی هەستی خەڵكە، بۆیە عەلمانی نابێ‌ هەستی خەڵك بریندار بكات، هەروەها باسی لە رۆڵی زانایانی ئایینی كرد، كە هەمیشە لەگەڵ ئازارەكانی گەلەكەیان بوونە‌و، گووتی: رۆڵی ئێوە ئێستا‌و لە مێژوودا دیارە، دەبێ‌ رێزتان لێ‌ بگرێت‌و، ئێمە لەگەڵ لێدانی ئیسلام‌و هەستی موسڵمانان نینە، ئێمە كاتێ: رێز لە ئایینەكانی تر دەگرین، دەبێ‌ زیاتر رێز لە ئیسلام بگرین، كە زۆرینەی خەڵكی ئێمە پێك دێنێت.

 

 H Balesane