لێپرسراوی لقی گەرمیان لە قەرەتەپە پێشمەرگە پارێزەری هەموو پێكهاتەكانی سنورەكەیەو پێویستە ئێمەش هاوكار و پشتیوانیان بین

سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممە بەرواری 27/4/2015 شاندێكی لقی گەرمیانی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان بەسەرۆكایەتی مامۆستا مەلا حەمەئەمین كەلاری ئەندامی مەكتەبی تەنفیزی و لێپرسراوی لقی گەرمیان و هاوڕییەتی ناوچەی خانەقینی یەكێتی زانایان و نوێنەری ئیداری ناحیەی قەرەتەپەو لێپرسراوی كۆمیتەی ڕێكخستنی قەرەتەپەی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان سەردانی ناحیەی قەرەتەپەی كردو لەگەڵ زانایانی ئاینی سەرجەم پێكهاتەكانی سنورەكە كۆبویەوە.

سەرەتای كۆبونەوەكە بەخوێندنەوەی چەند ئایەتێك لە قورئانی پیرۆز دەستی پێكردو پاشان مامۆستا مەلا حەمەئەمین كەلاری لێپرسراوی لقی گەرمیانی یەكێتی زانایان لە وتەیەكدا تیشكی خستە سەر ڕۆڵی زانایانی ئاینی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرو بیری توندڕەوی و لەو بارەیەوە داوای لە زانایانی ئاینی سنورەكە كرد كە سەربەرزانە كەم تەرخەمی نەكەن لە بەجێهێنانی ئەركە ئاینی و نیشتمانیەكانیان بۆ پارێزگاری كردن لە خاك و هۆشیاركردنەوەی هاوڵاتیان وەكو ڕێگریەك لە دروست بوونی هەر مەترسیەك لەوبارەیەوە

پاشان لێپرسراوی لقی گەرمیان تیشكی خستە سەر ڕۆڵی گیانفیداكارانەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەپارێزگاری كردن لە هاوڵاتیانی دەڤەرەكەو ئەوەی بیری ئامادەبوان هێنایەوە كە هێزی نەبەزیوی پێشمەرگە لە سنورەكەو تەواوی ئەو ناوچانەی كە بونیان هەیە بەبێ‌ جیاوازی پارێزەری سەرجەم پێكهاتەكان بوەو پێویستیشە هەموومان هاوكارو پشتیوانیان بین ... هەروەكو داوای ئەوەشی ئاراستەی زانایانی ئامادەبوی كۆبونەوەكە كرد كە چاوكراوەبن و هاوكاری هێز و لایەنەكانی سنورەكە بن لە پێناو پاراستنی كەرامەتی ئینسانیان .

دواتر هەریەكە لە نوێنەری ناحیەی قەرەتەپەو لێپرسراوی كۆمیتەی یەكێتی لە ناحیەكە وتەیان پێشكەش كردو لە وتەكانیاندا ڕۆڵی یەكێتی زانایانیان بەرز نرخاند لە پشتیوانی كردنی ئیدارەو هێزەكانی پێشمەرگە لە سنورەكەو هەروەكو پشتگیری تەواوی خۆیان بۆ پەیامەكانی لێپرسراوی لقی زانایان دەربڕی و جێبەجێ‌ كردنیان بە پێویست زانی پاشان بەشداربوانی كۆبونەوەكە زەرورەتی پشتیوانی و هاوكاری ئیداری و ئەمنی دەڤەرەكەیان بە پێویست زانی و لەوبارەیەوە بەڵێنی هەموو جۆرە هاوكاری و هەماهەنگیەكیان دا .