سۆران: كردنه‌وه‌ی خولێكی رێنمایی بۆ حاجیان

شه‌ماڵ عه‌بدوڵڵا، راگه‌یاندنی ئه‌وقافی سۆران: به‌مه‌به‌ستی كارئاسانی و ئاشناكردن و روونكردنه‌وه‌ی رێنماییه‌كانی تایبه‌ت به‌ به‌جێگه‌یاندنی فه‌ریزه‌ی حه‌ج له‌ بواری كارگێڕی و شه‌رعییه‌وه‌ به‌ چاودێری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی حه‌ج و عومره‌ خولێكی فێربوونی رێنماییه‌كان بۆ ئه‌و هاوڵاتییانه‌ی له‌ سنوری ده‌ڤه‌ری سۆران ناویان بۆ سه‌فه‌ری حه‌جی ئه‌م ساڵ ده‌رچووه‌ سازكرا.

دای خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند ئایه‌تێك له‌ قورئانی پیرۆز، له‌ وته‌یه‌كی دا وه‌یسی سه‌عید وه‌یسی به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌وقافی سۆران باسی له‌ گرنگی كردنه‌وه‌ی ئه‌و جۆره‌ خولانه‌ كرده‌وه‌ و داواشی له‌ به‌شداربووانی خوله‌كه‌ كرد پابه‌ندبن به‌ رێنماییه‌كان و راشی گه‌یاند كه‌ هاوڵاتییانی كوردستان دوای به‌ڕێوه‌چوونی سه‌رژمێری گشتی سه‌فه‌ری حه‌ج ده‌كه‌ن له‌ رێگای فرۆكه‌خانه‌ی نێزوده‌وڵه‌تی هه‌ولێره‌وه‌ سه‌فه‌ری حه‌ج ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

ئینجا هه‌ره‌یه‌ك له‌ به‌ڕێزان سید عوزێر به‌ڕێوه‌به‌ری حه‌جی هه‌ولێر و مه‌لا خدر مسته‌فا سه‌رۆكی لێژنه‌ی فتوای سۆران له‌ دوو بابه‌تی جیادا رێنماییه‌كانیان له‌ بواری كارگێڕی و شه‌رعیه‌وه‌ خستیانه‌ روو و به‌ شێوازی كرداریش چه‌ندین دیمه‌نیان بۆ هاوڵاتییان ئه‌نجام دا.

به‌شداربووانی خوله‌كه‌ش خۆشحاڵی خۆیان ده‌ربڕی به‌ سازكردنی خوله‌كه‌ و به‌ فاكته‌رێكی باشیشیان ئه‌ژماركرد بۆ شاره‌زابوونیان له‌ ئه‌رك و واجیباته‌كانی سه‌فه‌ری حه‌ج.

ئه‌م ساڵ دوای راكێشانی تیروپشكی سه‌فری حه‌ج، 200 هاوڵاتی سنوری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئه‌وقافی سۆران ناویان ده‌رچووه‌ و بڕیاروایه‌ سه‌فه‌ری حه‌ج ئه‌نجام بده‌ن.