لقی گەرمیان سەردانی رابەری بزوتنەوەی ئیسلامی دەكات‌و لە ئاشتەوایەكیشدا بەشدار دەبن

لە میانەی سەردانێكیدا بۆ دەڤەری گەرمیان لە ڕۆژی شەممە 30/5/2015 بەڕێز مامۆستا عرفان عەلی عەبدول عەزیز ڕابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان لە بارەگای مەڵبەندی شەشی گەرمیانی حزبەكەی پێشوازی كرد لە شاندێكی فراوانی لقی گەرمیانی یەكێتی زانایان

سەرەتا مامۆستا مەلا حەمەئەمین كەلاری ئەندامی مەكتەبی تەنفیزی و لێپرسراوی لقی گەرمیانی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان لە وتەیەكی كورتدا تیشكی خستە سەر ڕۆل و چالاكیەكانی زانایانی ئاینی لە كوردستان و پێویستی هۆشیاری ئاینی بەئەركی هەر تاكێكی موسوڵمان وەصف كردو پاشان مامۆستا مەلا عرفان عەلی ڕابەری بزوتنەوەی ئیسلامی بەخێرهاتنی شاندی زانایانی كردو ڕۆڵی زانایانی ئاینی لە كۆمەڵگەی كوردەواریدا بەرز نرخاند

لە لایەكی ترەوە ئێواری ڕۆژی هەینی بەرواری 29/5/2015 لە مزگەوتی خێرخوازانی شارۆچكەی ڕزگاری سەربە قەزای كەلار بە بەشداری شاندێكی لقی گەرمیانی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان و ژمارەیەكی بەرچاو لە بەرپرسان و كەسایەتی و پیاوماقوڵان و شێخانی تەریقەت لە سنورەكە ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی نێوان دوو بنەماڵە بەڕێوە چوو .

سەرەتای مەراسیمەكە بە خوێندنەوەی چەند ئایەتێك لە قورئانی پیرۆز دەستی پێكردو پاشان كۆمەڵێك وتار لە ئاشتەواییەكەدا خوێنرایەوە لەو نێوەندەشدا مامۆستا مەلا حەمەئەمین كەلاری ئەندامی مەكتەبی تەنفیزی و لێپرسراوی لقی گەرمیانی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان لە وتەیەكدا تیشكی خستە سەر ئاشتی و ئاشتەوایی و لێبوردەیی و برایەتی لە ڕوانگەی ئاینی پیرۆزی ئیسلامەوە

دانا مەلا حەمەئەمین – گەرمیان.

 

هـ.بـ