دکتۆر قەرەداغی جەغت لەسەر روونکردنەوەی یەكێتی زانایان دەکاتەوە

دوای ئەوەی پەرلەمانی کوردستان پڕۆژە یاسای (راكێشانی مایە)ی پەسەند کرد، یەکێتی زانایان روونکردنەوەیەکیان بڵاوکردەوە، تێیدا گلەییان لە سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد، کە دەبوو پێشتر پرسیان بە زانایان کردبا بۆ روونکردنەوەی لایەنی شەرعی، دواجار روونکردنەوەکە دەڵێت: ئەم جۆرە مامەڵەیە ریبایە، بەڵام ئەگەر بووە ناچاری ئەوا رێگەی تێدەچێت بە قەد پێویستی، بۆ ئەمەش چەند دەقێکی قورئانی و چەند قاعیدەیەکی شەرعیان کردە بەڵگەی قسەکانیان، کە پوختەکەی دەڵێت: (ئه‌گه‌ر  هه‌رێمی كوردستان هه‌موو ده‌رگا درووسته‌كانی به‌ روو داخران و، ژیان و گوزه‌رانی خه‌لكیش كه‌وته‌ ناخۆشی و پشێویه‌وه‌، درووسته‌ به‌ ئه‌ندازه‌ی پێویستی ئه‌م قه‌رزه‌ بكات و بژێوی ژیانی خه‌لكی پێ‌ دابین بكات...).

دوابەدوای روونکەردنەوەکەی یەکێتی زانایان ھەندێك لە راگەیاندنەکان ھەڵمەتێکی سیاسیان دژی ئەم روونکردنەوە شەرعیەی زانایان دەستپێکرد، بۆ قسەکانیشیان پشتیان بە قسەکانی دکتۆر عەلی قەرەداغی دەبەستی، گوایە دکتۆر قەرەداغی گووتوویەتی: روونکردنەوەکەی یەکێتی زانایان لاوازە، بەڵام ئێستا دوای گەڕانەوەمان بۆ ماڵپەڕی تایبەتی دکتۆر قەرەداغی رێك پێچەوانەکەیمان بینی، دکتۆر قەرەداغی وێڕای ئەوەی بەڵگەکانی روونکردنەوەکەی یەکێتی زانایان زۆر بەھێزترن و دکتۆر قەرەداغی تەنھا یەك لە بەڵگەکانی ئەوانی باس کردووە، ئەنجامیش ھەمان قسەی یەکێتی زانایان دەکات و پێی وایە باشتر وابوو پێشتر پرس بکرێت تا رێگەچارەی دیکە بدۆزنەوە، ھەروەھا دەڵێت: (ئەوەی گومانی تێدا نییە كە لە حاڵەتی ناچاریدا ئەوە لەسەر ئاستی تاك بێت یان دەوڵەت، كە دەقە حەرامەكان حەڵال دەكات، لەم بارەیەشەوە دەقی زۆرمان هەیە لەوانەش ئەو ئایەتەی كە دەفەرموێت (فَمَنِ اضْطُرَّ غَيْرَ بَاغٍ ؤلَا عَادٍ فَلَا إِثْمَ عَلَيْهِ إِنَّ اللَّهَ غَفُورٌ رَحِيم) البقره ‌ 173، بەڵام لەهەمانكاتدا دەبێت ئەم حاڵەتە لەسەر بنەمای توێژینەوەو داتای راستەقینەو كەسایەتی باوەڕپێكراوبن لەهەمانكاتدا پێداویستیەكانیش رێژەیین و هەریەكە بەڕێژەی خۆی مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت).

بە کورتی ئەوەی زانستیانە تەماشا بکات بۆی دەردەکەوێت، کە دکتۆر عەلی قەرەداغی جەخت لەسەر ھەمان روونکردنەوەکەی یەکێتی زانایان دەکاتەوە، تەنھا جیاوازیەکە ئەوەیە روونکردنەوەکەی یەکێتی زانایان بەڵگەی روونتری تێدایەو، ئەوەی دکتۆر قەرەداغیش ھەندێك زاراوەی ئابووری بەکارھێناون بەبێ ئەوەی کەمترین جیاوازی لە ناوەڕۆکیان ھەبێت.

دەقی روونکردنەوەی یەکێتی زانایان

http://zanayan.org/t_detail.php?section=1&id=4563

 

دەقی روونکردنەوەی دکتۆر عەلی قەرەداغی لەم وێنانەی خوارەوە بخوێنەوە