قایمقامی سلێمانی: لەمانگی ڕەمەزان سەرجەم دوكان‌و یانەكان مەیفرۆشتن دادەخەین

ڕۆژی 9/ 6/ 2015 بەسەپەرشتی قایمقامی مەركەزی سلێمانی بە ختیار عبدالرحمن وسەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان لە بارەگای قایمقامیەتی سلێمانی بە مەبەستی خۆ ئامادەكردن بۆ پێشوازی مانگی ڕەمەزان كۆبونەوەیەكی فراوان بەڕێوەچوو.

سەرەتا قایمقامی سلێمانی باسی گرنگی مانگی ڕەمەزان و ڕێزگرتن لەو مانگە پیرۆزەی بۆ ئامادەبوان باس كرد كە پێویستە ڕێز لە هەستی ڕۆژوگران بگیرێت و سەرجەم ئامادەكاریەكانی بۆ ئامادەبوان ڕون كردەوەو باسی لە كردنەوەی چێشتخانە و خواردنگەكان و میوانخانەكان كردو بە پێویستی زانی مانگی ڕەمەزان نەكرێتە هۆكاری گران بونی شتومەكی بازار.

هەروەها رایگەیاند بۆ ڕێزگرتن لە موسڵمانان پێویستە گرنگی زیاتر بە كردنەوەی مزگەوتەكان بدرێت و پاك و خاوێنیان بپارێزرێت هەر لەوپێناوەشدا بڕیاردرا سەرجەم ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتە بەرو هەر سەرپێچیكارێكیش ڕوبەڕوی یاسا بكرێتەوە، هەروەها قایمقامی سلێمانی گوتی: دەبێت لە مانگی ڕەمەزاندا بۆ ڕێزگرتن لە پیرۆزی ئەو مانگە خواردنگە و كافتریاو چایخانەی سەرجەم فەرمانگە حكومیەكان دابخرێت لە هەمان كاتدا دەبێت سەرجەم دوكانی مەیفرۆشتن و یانەكانی مەیخواردنەوە لەو مانگە دابخرێن‌و هەر سەرپێچی كارێكیش ڕوبەڕوی سزای توندی یاسایی بكرێتەوە.

 دوا بەدوای كۆبونەكەش هەریەك لە قایمقامی سلێمانی‌و لێپرسراوی لقی سلێمانی یەكێتی زانایان و بەڕێوەبەری ئەوقاف بۆ كەناڵەكانی ڕاگەیاندن دوان و ناوەرۆكی كۆبونەوەكەیان بۆ سەرجەم ڕاگەیانەنەكان خستە ڕو.

 

راگەیاندنی لقی سلێمانی.

 

 

هـ.بـ