سه‌رۆكی زانایان سەردانی سەنتەری ئیمامی شافعی‌و موفتی گشتی ئوردن ده‌كات

لە میانەی سەردانەكەیدا دكتۆر عەبدوڵا مەلا سەعید سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان بۆ وڵاتی ئوردن رۆژی 8/6/2015 سەردانی سەنتەری پێشەوا شافیعیان كردو لە لایەن شێخ سەمیر شەوابكە دامەزرێنەرو سەرۆكی دەزگاكەو ئەندامانی بە گەرمی پێشوازی كران.

لە دوای بەخێرهێنانی وەفدی مێوان سەرۆكی سەنتەرەكە باسێكی سەنتەرەكەی كردو هەر لە گێرانی كۆڕو سیمینارو خولی زانستی‌و بلاوكردنەوەی بیری میانەڕەویو، ئاماژەشی بەو پەیوەندیە كرد كە لە نێوان ئەوان‌و یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستاندا هه‌یه‌ لە پێناو دژایەتی بیری كافركردن و توندڕەوی‌و ‌ بۆ بڵاوكردنەوەی بیرو هزری میانەڕەوو ناوەندگیر لە كۆمەڵگەی موسڵمانان.

لای خۆشیەوە سەرۆكی زانایان سوپاسگوزاری خۆی گەیاندە دامەزرێنەرو یارمەتیدەرەكانی لە سەنتەرەكە بۆ ئەو میوانداریەو پێشوازیە گەرمەی لێیان كراوە، سووربوونی یەكێتی زانایانیشی دووپات كردەوە بۆ هاوكاری لە گەڵ سەنتەری پێشەوا شافعیدا لە پێناو بڵاوكردنەوەی ئایینی پیرۆزی ئیسلام وەك خۆی بە بێ زیادەرەوی‌و لێ كەم كردن‌و راستكردنەوەی هەڵە تێگەیشتنەكان لە زاراوە ئیسلامیەكان كە لە لایەن كۆمەڵە توندڕەوەكان بە كار دەهێنرێن.

هەروەك دكتۆر عەبدوڵا راشیگەیاند زانایانی ئایینی لە كوردستان لە رێگەی وانەو وتارو وتاری هەینی بەردەوامن لە روبەڕوبونەوەو دژایەتی توندڕەوی‌و بیرە نامۆكانی رێكخراوە تیرۆریستیەكان‌،وە رایگەیاند ئەو كارانەی توندڕەوەكان لە بەرامبەر كوردستان ‌و موسڵ‌و شارەكانی تر دەیكەن پەیوەندیان بە ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە نیە.

هەروەك لە درێژەی وتەكەیدا سەرۆكی زانایان رۆڵی پێشمەرگە قارەمانی بە گەورە گرت‌و باسی لەو بەرگریە پیپرۆزە كرد كە پێشمەرگە قارەمان پێی هەڵدەستن بۆ روبەروبونەوەی ئەم گروپە تیرۆریستیانە.

لە لایەكی ترەوە رۆژی 9/6/2015 سەرۆكی یەكێتی زانایان سەردانی دكتور عبدالكریم خصاونە موفتی گشتی وڵاتی ئوردنی كردو بە گەرمی لەلایەن موفتی ئوردن‌و ئامادەبوان پێشوازی كران.

لە دیدارەكەدا دكتۆر عەبدوڵا سەرۆكی زانایان رایگەیاند كە زانایانی ئایینی لە كوردستان كەمتەرخەمی ناكەن لە دژایەتی بیرو توندڕەوی‌و تیرۆرو تۆقاندن لە رێگەی مزگەوت‌و وتاری رۆژانی هەینی‌و وانەكانی تریان بۆ رێگری كردن لە بڵاوبوونەوەی بیری ژەهراوی داعش‌و هاوبیرانیان.

هەروەك لە بەشێكی لە وتەكانیدا سەرۆكی زانایان رایگەیاند: وەك یەكێتی زانایان بەردەوام دەبین لە سەر برەو دان بە بیری میانەرەوو ناوەندو یەكڕێزی كۆمەڵگەی كوردستانی، لەوێشەوە رۆڵی پێشمەرگە قارەمانەكانی بەرز نرخاند كە روح‌و گیانیان دەكەنە فیدای پیرۆزیەكانی خەڵك‌و خاكی كوردستان.

لە كۆتاییشدا دكتۆر عەبدوڵا باسی لە گرنگی ئەو فەتوایانە كرد كە لە خانەی فەتوای ئوردنی دەردەچن‌و خزمەت بە بیری میانەڕەوو برایەتی‌و پێكەوەژیانی كۆمەڵگەی ئیسلامی دەكات‌و رێگەش دەگرێ لەو بیرە نامۆیانەی رێكخراوە تیرۆریستیەكان بڵاوی دەكەنەوە.

لە لای خۆشیەوە دكتور عبدالكریم خصاونە  موفتی گشتی وڵاتی ئوردن باسی لە رۆڵی زانایانی ئایینی كردو رایگەیاند ئەوانن كە دەتوانن رێگری بكەن لەو بیرەی نامۆیەی ئێستا لە وڵاتانی ئیسلامی سەری هەڵداوەو راشیگەیاند كە خانەی فەتوادان لە وڵاتی ئوردن رۆڵێكی باشی هەبووە لە دژایەتی‌و لە ناوبردنی ئەو بیرە نارێك‌و شازانەی هاتوونەتە ناو وڵاتی موسڵمانان‌و بۆ ئەم مەبەستە پێویستە پەیوەندی بەردەوام هەبێت لە نێوان دەزگا ئایینیەكان لە هەموو وڵاتە ئیسلامیەكان بە تایبەتی نێوان كوردستان‌و وڵاتی ئوردن.

لە چاوپێكەوتنەكەدا هەر یەك لە دكتور محمد أحمد خلایلە ئەمینداری گشتی دەزگای فەتوای ئوردنی‌و دكتور سمیر مراد شوابكە سەرۆكی سەنتەری پێشەوا شافیعی ئامادەی دانیشتنەكە بوون.

هەروەك لە سەردان‌و بە سەركردنەوەكاندا شێخ نیاز راغب بەرپرسی لقی هەولێری یەكێتی زانایان هاورێیەتی سەرۆكی زانایانی دەكرد.

 

 

هـ.بالیسانی