خاتوو فه‌ره‌ح: هه‌وڵ ده‌ده‌م ده‌زگا ئیسلامیه‌كانی ئه‌مه‌ریكا باشترین په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی زانایان ببه‌ستن.

خاتوو فه‌ره‌ح: هه‌وڵ ده‌ده‌م ده‌زگا ئیسلامیه‌كانی ئه‌مه‌ریكا باشترین په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی زانایان ببه‌ستن.
رۆژی چوارشه‌مه‌ (9/ حوزه‌ریران) خاتوو (فه‌ره‌ح ئه‌نوه‌ر پاندیس) راوێژكاری وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ شاندی یاوه‌ری سه‌ردانی مه‌كته‌بی ته‌نفیزی یه‌كێتی زانایانیان كرد‌و، له‌ دانیشتنێكدا، كه‌ به‌رپرسی لقی هه‌ولێریش ئاماده‌ی بوو، مه‌لا عه‌بدوڵا سه‌عید سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان باسی له‌ كار‌و ئه‌رك‌و پڕۆژه‌كانی یه‌كێتی زانایان كرد، له‌ خزمه‌تكردن به‌ زانایان‌و، چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان‌و، باسی له‌وه‌ش كرد، كه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ست به‌كاربوونمان دروشمی هاوكاری‌و هه‌ماهه‌نگیمان بۆ هه‌موو لایه‌ك به‌رز كردۆته‌وه‌، به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ راگه‌یاندنه‌كان‌و، رێكخراوه‌كانی ئافره‌تان‌و، سه‌رجه‌م رێكخراو‌و دام‌و ده‌زگا مه‌ده‌نی‌و پیشه‌ییه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین به‌ڕاستی خزمه‌ت بكه‌ین‌و، له‌ نزیكترین كاتیشدا هه‌وڵ ده‌ده‌ین سه‌ردانی زۆربه‌ی ئه‌و رێكخراوانه‌ بكه‌ین‌و، ده‌شخوازین ئه‌وانیش بێن هامووشۆمان له‌گه‌ڵ بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بزانن یه‌كێتی زانایان پشتیوانی پێكه‌وه‌ژیان‌و، نه‌رمڕۆیی‌و، پارێزه‌ری مافه‌كانی ئافره‌تانیش ده‌بێت، ئێمه‌ پێڕه‌وی ئیسلام ده‌كه‌ین وه‌كو خۆی، بۆیه‌ فێرمان ده‌كات، كه‌ هه‌میشه‌ له‌ ئاست به‌رپرسیارێتی دابین، به‌تایبه‌تی، كه‌ مامۆستایانی ئایینی هه‌فتانه‌ نزیكه‌ی ملیۆنێك كه‌س گوێیان بۆ ده‌گرێت، بۆیه‌ ده‌مانه‌وێت خه‌ڵكمان له‌سه‌ر هێواشی‌و خۆشه‌ویستی‌و ته‌بایی په‌روه‌رده‌ بكه‌ین.
راوێژكاری وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا خۆشحاڵی خۆی به‌و سه‌ردانه‌ ده‌ربڕی‌و، گووتی: سه‌ردانی ئێوه‌ یه‌كێكه‌ له‌و شوێنانه‌ی، كه‌ به‌ سه‌ردانیكردنی زۆر دڵخۆش بووم، ئێوه‌ به‌ گفتوگۆیه‌كی زۆر كراوه‌ قسه‌ ده‌كه‌ن‌و، ئه‌وپه‌ڕی شه‌فافیه‌ت له‌ قسه‌كانتان هه‌یه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ له‌ به‌رنامه‌ی كارمان ده‌بێت، كه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئێوه‌ نه‌پچڕێنین‌و، بتوانین به‌ چاكی خزمه‌ت بكه‌ین، به‌تایبه‌تی، كه‌ ئێوه‌ كاریگه‌ریتان به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگاوه‌ هه‌یه‌‌و، ده‌زگایه‌كی زیندوون، هه‌ر بۆیه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌م سه‌رجه‌م په‌یامه‌كانی ئێوه‌ له‌ شێوه‌ی راپۆرتێك بده‌مه‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا‌و، له‌ به‌رنامه‌ی كاریشمان ده‌بێت، كه‌ بتوانین په‌یوه‌ندییه‌كی تووند‌و تۆڵ له‌نێوان ئێوه‌‌و سه‌رجه‌م ده‌زگاكانی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا دروست بكه‌ین، به‌تایبه‌تی دام‌و ده‌زگا ئیسلامیه‌كان‌و، هه‌وڵ ده‌ده‌ین سه‌ردان‌و هامووشۆ له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تی‌و زاناكانی ئه‌و وڵاته‌ دروست بكه‌ن.
دواتر به‌ چه‌ند پرسیار‌و سه‌رنج‌و تێبینییه‌ك، مامۆستایانی ئایینی دانیشتنه‌كه‌یان ده‌وڵه‌مه‌ندتر كرد.