دکتۆر وەهبە زوحەیلی کۆچی دوایی کرد

شەوی رابردوو شەمە 8-8-2015 زانای گەورەو راڤەکاری قورئانی پیرۆز لە تەمەنی ٨٣ ساڵی لە سوریا کۆچی دوایی کرد.


دکتۆر وهبة زوحەیلی کەسایەتیەکی دیاری جیهانی ئیسلامییەو هەموو ئەوانەی ئاشنایەتیان لەگەڵ کتێبو خوێندنەوە هەیە ناوبراو دەناسن، کە کۆمەڵێك بەرهەمی زۆر ناوازی هەیە، بەتایبەتی کتێبی (الفقه الإسلامي وأدلته)و (التفسير المنير فی العقیدة والشریعة والمنهج)، ناوبراو ساڵی ١٩٣٢لە دایك بووەو، ساڵی ١٩٥٦ یەکەمی سەر ئاستی کۆلێژی شەریعەی ئەزهەر بوو، پاشان ماستەرو دکتۆرای وەرگرتووەو، لە چەندان وڵات لە باری فیقه و یاسا خەریکی وانەگووتنەوە بووەو، لەسەر ئاستی فیقهزانیش بەتایبەتی فیقهی بەراورد ناوبراو کەسێکی جێ متمانە بوو لە ناو موسڵمانان، کەم کتێب هەیە لەو بووارەی فیقه بەم شێوە زۆرە چاپ کرابێت.


هەروەها ناوبراو ئەندامی مەجامیعی فیقهی بووە وەك کەسێکی پسپۆڕو شارەزا لە مەککەو جددەو هیندستان و ئەمەریکاو سودان. وسەرۆکی بەشی فیقهی ئیسلامی و مەزەبەکانی بووە لە زانکۆی دیمەشق، كۆلێژی شەريعة، هەروەها سەرۆکی لێژنەی باڵای رۆشنبیری و سەرۆکی لێژنەی دەستنووسەکان بووە لە زانکی ئیمارات و، دامەزرێنەری گۆڤاری شەریعەو قانوونە لە زانکۆی ئیمارات.


هەروەها خەڵاتی کەسایەتی ساڵی ٢٠٠٨ی جیهانی ئیسلامی لەلایەن حکومەتی مالیزیا پێ بەخشرا.


بەردەوام بەرنامەی ئایینی و رۆشنبیری هەبوون لە راگەیاندنەکانی دیمەشق و ئیمارات و كوێت و سعوديةو چەندان وڵاتی تر، هەروەك وەکو پسپۆڕێکی شارەزا بۆ چەندان وڵات بانگهێش کراوە، سەرپەرشتی چەندان نامەی ماستەرو دکۆرای کردووە.


ناوبراو زۆر خەفەتی دەخوارد بەو دۆخەی سوریا پێی گەیشت... تا دواجار لە دیمەشقی پایتەختەوە کۆچی دوایی کرد، بەمەش چرایەکی گەش لە جیهانی موسڵمانان بەتایبەتی ئەوانەی گرنگی بە بواری خوێندن و بەدواداچوون دەدەن کوژایەوە، بەڵام کۆڵێك بەرهەمی ناوازەی مرۆڤانەی وەك خێری بەردەوام لە دوای خۆی بەجێ هێشتووە.