ئایەتوڵاجەعفەرحەكیم‌و شاندێكی یاوەری سەردانی لقی سلێمانی یەكێتی زانایان دەكەن

ڕۆژی 21/10/2015  سەماحەتی ئایەتوڵا جعفرالحكیم كەسایەتی ئایینی و دیاری بنەماڵەی شێخ محسن الحكیم بە یاوەری شاندێكی باڵا لەحەوزەی عیلمی نەجەف سەردانی بارەگای لقی سلێمانی یەكێتی زانایانی ئیسلامی كوردستانی كردو لەلایەن بەرپرس‌و ئەندامانی لقی سلێمانی یەكێتی زانایان و بەڕێوەبەرگشتی ئەوقافی سلێمانی و شاندێكی لقی گەرمیانی یەكێتی زانایانەوە پێشوازیان لیكرا.


  لەپاش بەخێرهێنانیان لە وتەیەكدا سەماحەتی جعفرالحكیم سوپاسی لقی سلێمانی یەكێتی زانایانی ئایینی كرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی لێیان كردون.دواتر باسی ڕۆڵی كاریگەرانەی كەسایەتیە ئاینیەكانی لە ناو سەرجەم مەزهەبەكاندا باسكردو ئەوەی باسكرد كەپێویستە سەرجەم زاناو كەسایتیە ئاینیەكان ڕۆڵی ئاشتیخوازانەو دڵسۆزانەی خۆیان ببین و برەو بە بیری میانەڕەوی بدەن لە ئاراستە كردنی نەوەی نوێدا هەتا چیتر بیری توندڕەویی و تەكفیری لە وڵاتدا سەرهەڵنەدات و بەهەموان بتوانین پەیامی جوانی ئیسلام وەك خۆیی بگەیەنین. لەو بارەوە دەوری مامۆستایانی ئایینی كوردی بەرز نرخاند.


دواتر مامۆستا نجم الدین قادر لێپرسراوی لق لە وتەیەكدا دوبارە بەخێرهاتنی شاندی میوانی كردو سەردانی بەرێزیانی لەم قۆناغە هەستیارەدا بەرز نرخاندو، پاشان ڕۆڵی بنەماڵەی شێخ محسن الحكیم لە ڕابردودا لەسەر مەزڵومیەتی گەلی كورد بەرز نرخاندو هیواشی خواست نەوەكانی الحكیم لە سەر هەمان ڕێباز بەردەوام بن بە تایبەت لە ئێستادا كە مەرجەعیەت لە خواروی عیراق دەورێكی كاریگەریان هەیە لە حكومەتی ناوەند هیوای خواست ئەوەی بە وتن دەوترێت بكرێتە كردارو جێ بەجێ بكرێت.


 دواتر لێپرسراوی لق باسی لەڕۆڵی زانایان و شێخانی تەریقەتەكان كرد كە لە ڕابردودا سەركردایەتی شۆڕشەكانی كوردیان كردوەو ئێمەی زانایانی ئایینیش لەگەڵ ئازارو ناخۆشیەكانی گەلەكەمان دابوین بە وێنەی وڵاتانی تر نەبوین لەڕێگای كەناڵەكانەوە و بە قەمەر صناعی سەیری میللەتەكەیان بكەن. بەشێكی تری ووتەكەی لێپرسراوی لقی سلێمانی  باس  كردن بوو لە مێژوی گەلی كورد كە هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی سەردەمی ئەمەویی و ئاوارە بونی نەوەكانی پێغەمبەری ئیسلام خاكی كوردستان باوەشی بۆگرتونەوە و لەئامێزی گرتون ولێرەوە بەرەو  وڵاتانی تر ڕۆشتون نمونەی بە مەزاری ئیمام حەمزەی كوڕی ئیمام موسای كازم هێنایەوە كەئێستا لە ناوچەی قەرەداغە . دواتر هەریەك لەبەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی سلێمانی و  لێپرسراوی لقی گەرمیانی یەكێتی زانایان وتەی خۆیان پێشكەش كردو ڕاو سەرنجەكانی خۆیان بۆشاندی میوان خستە ڕوو . پاشان سەردانەكە بۆ لای یەكێتی زانایان كۆتایی هات و شاندی میوان بەڕێزەوە بەڕێكرانو، دواتر  شاندی میوان بە یاوەری شاندێكی زانایانی لقی سلێمانی سەردانی بەڕێز [ دكتۆر بەرهەم صاڵح ] جێگری سكرتێری گشتی [یەكێتی نیشتیمانی كوردستان] یان كرد.


راگەیاندنی لقی سلێمانی.


 


هـ.بـ