زانایان قەزای شنگال بەسەر دەکەنەوە

زانایان قەزای شنگال بەسەر دەکەنەوە


بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە رەوشی شەنگال و دەربڕینی پشتیوانی رەوایەتی ئەرکی پیرۆزی پێشمەرگە، رۆژی چوارشەمە 2/12/2015 شاندێکی زانایانی ئاینی ئیسلامی لە کوردستان قەزای شنگالیان بەسەر کردەوە، شاندەکە پێکهاتبوون لە سەرۆک و جێگری سەرۆکی زانایان و بەرپرسو کارگێڕانی لقەکانی دهۆك و سۆرانی زانایان و بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی پارێزگای دهۆك و ژمارەیەکی زۆر لە زانایانی ئاینی.


لە سەردانەکەدا شاندی زانایان لە نزیکەوە ئاگاداری رەوشی شەنگال بوون بەتایبەتی ورەی بەرزی پێشمەرگە، هەروەها لە نزیکەوە ئاگاداری ئەو کاولکارییە بوون کە رێکخراوی تیرۆریستی داعش بەسەر ئەم شارەی هێناوە، کە پێچەوانەی پەیامی ئیسلام،لە بری ئاوەدانی خەریکی تێکدان و خاپوورکردن بوونە.


شاندەکە هەر یەك لە مەحما خەلیل قائیمقامی شەنگال و میحوەری هێزی پێشمەرگە لە شەنگال و لقی ١٧ی پارتی دیموکراتی کوردستانیان بەسەر کردنەوە، دەستخۆشی خۆیان گەیاندە هێزی پێشمەرگە کە بە گیانیان پارێزگاری لە خەڵکی مەزڵوم و ستەملێکراو دەکەن، هیوای پاراستن و سەرکەوتنیان بۆ خواستن و دوعای خێریان بۆ کردن لە ئەرکە پیرۆزەکەیان، هەروەها خوازیاربوون ئەم شارە وێران بووە سەرلەنوێ ئاوەدان بکرێتەوەو ژیان تێیدا ئاسایی ببێتەوە، ئەوەش ئەرکێکی ئایینی و مرۆیی پیرۆزە بۆ هەر کەسێك بەشداری تێدا بکات.


جێگەی باسە هەموو لایەنەکان خۆشحاڵی خۆیان بە سەردانەکەی زانایان دەربڕی.