لقی سلێمانی یەكێتی زانایان بەشداری كردنەوەی مزگەوتی حاجی علی خراجیانی دەكات

ڕۆژی 8 _ 1_ 2016 شاندێكی لقی سلێمانی یەكێتی زانایان بە سەرۆكایەتی مامۆستا عەتا محمدپێنجوێنی جێگری لێپرسراوی لق بەشداری كرد لە ئاهەنگی كردنەوەی مزگەوتی حاجی علی خراجیانی لە شارۆچكەی عەربەت .
سەرەتای ئاهەنگە بە چەندئایەتێك لە قورئانی پیرۆز دەستی پێكردو دواتر وتەی بەخێرهاتن لەلایەن پێشنوێژو وتارخوێنی مزگەوتەكەوە خوێندرایەوە.
پاشان وتاری هاوبەشی لقی سلێمانی یەكێتی زانایان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقافی سلێمانی لەلایەن مامۆستا عەتا محمد پێنجوێنی جێگری لێپرسراوی لق خوێندرایە، لە وتارەكەیدا پیرۆزبایی كردنەوەی مزگەوتەكەی ئاراستەی نوێژخوێنانی مزگەوتەكە كردو لە هەمان كات دەستخۆشی لە كەسی خێرخواز كرد كە لەم كاتە هەستیارەدا بەم كارە هەستاوە.
لە بەشێكی وتارەكەیدا باسی لە ڕۆڵی مزگەوت لە ڕابردوو داو بەتایبەت لە بەرەوپێشچونی شۆڕشەكانی گەلی كورد كردو لە هەمان كات ئاماژەی بە ڕۆڵی مزگەوت لە ئێستادا كرد كە دەبێت ڕۆڵی بەرچاوی خۆی ببینێ لەپاراستنی ئارامی و ئاسایش و گیانی برایەتی لە كوردستان دا، بە هەمان شێوە دەبێت مزگەوت ڕۆڵی تەواوی هەبێت لە بنبركردنی توندڕەوی و برەودان بە بیری میانەڕەوی و خۆشەویستی خاك و نیشتیمان.
لە بەشێكی تری وتارەكەیدا باسی لە ڕابردوی ناوچەكە كرد كە ڕژێمی بەعس كردبوویە خاكی محڕەمە واتە ڕێگا بە هاوڵاتیانی كورد نە دەدرا پێیدا تێپەرن، ئێستا لە سایەی ڕەحمی خواو نیعمەتی ئازادیەوە وا بەم جۆرە زیاتر ئاوەدانی دەكەینەوە .
دواتر بە چەندین وتارو سروودی ئایینی كۆتایی بە مەراسیمەكە هات .