بەرپرسی ناوچەی كەلاری  زانایان كۆچی دوایی كرد

سەر لە بەیانی  رۆژی چوارشەممە  6/4/2016 لە تەمەنی حەفتاو یەك ساڵیدا پاش ململانێیەكی زۆر لەگەڵ نەخۆشی كەسایەتی كۆمەڵایەتی و ئاینی كەلارو گەرمیان مامۆستا مەلا محمد غیدان قادر بەرپرسی ناوچەی كەلاری یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان كۆچی دوایی كرد.


مامۆستا مەلا محمد كەسێتیەكی بوێرو بەئەمەك و كۆمەڵایەتی و ئاینی دەڤەرەكە بوو و ساڵانێكی دورو درێژ لەڕێگەی پێشنوێژو وتارخوێنیەوە خزمەتی ئاینی پیرۆزی ئیسلام و موسوڵمانان و هاوڵاًتیانی سنورەكەی خۆی كردووەو هەرلەسەرەتای دروستبوونی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان پەیوەندی بەڕێكخراوەكەوە كردووەو ئەندامێكی كارای یەكێتی زانایان بووە و پلەكانی ئەندامێتی و بەرپرسی ڕێكخراو و ئەندامی ناوچەو بەرپرسی ناوچەی لەئەستۆ گرتووەو دڵسۆزانەو ماندونەناسانە و بەرپرسیارانە ئەركەكانی راپەراندووە.


هەر هەمان رۆژ لە مەراسیمێكی شایستەدا بەئامادەبوونی لێپرسراوی لقی گەرمیانی یەكێتی زانایان و كارگێڕو ئەندامانی لقی گەرمیان و ناوچەی كەلارو بەشێكی زۆر لە زانایانی ئاینی و كەسایەتیەكانی دەڤەرەكە لە گۆڕستانی بان ئاسیاو لە زێدی خۆی بەخاك سپێردرا .


بەوبۆنەیەوە لقی گەرمیانی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان بەیاننامەی كۆچی دوایی مامۆستای ناوبراوی راگەیاند كە ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی :


                                                   بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان


بەڕەزابوون بەقەدەری پەروەردگار كۆچی دوایی مامۆستا مەلا محمد غیدان قادر بەرپرسی ناوچەی كەلاری یەكێتیەكەمان ڕائەگەیەنین و دواواكارین لەخوای میهرەبان سەبوری زانایانی ئاینی و بنەماڵەو كەسوكاری بدات و جێگای مامۆستاش فیردەوسی ئەعلا بێت.


مامۆستا مەلا محمد مامۆستایەكی ماندونەناس و بەئەمەكی كاروانی خزمەتی رێكخراوەیی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان و كوردپەروەرێكی دڵسۆزو خۆنەویست و كەسایەتیەكی كۆمەڵایەتی كەلارو گەرمیان بوو .


زانایان و براو دۆستانی مامۆستا ئاگادار ئەكەین كەپرسەی مامۆستای كۆچكردوو لە مزگەوتی ئیمامی عباسە لە شاری كەلار .


                                                               انا لله وانا الیە راجعون


                                                                                                                 لقی گەرمیانی


                                                                                          یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان


                                                                                                                   6/4/2016


دانا مەلا حەمەئەمین – گەرمیان.