دوا به‌دواى بڵاوبونه‌وه‌ى هه‌واڵێك له سایتى ( وێستگه) كه تیایدا لێدوانێكى له‌سه‌ر زارى به‌رێز د. مه‌لا ئه‌حمه‌دى شافیعی ئه‌ندامى مه‌كته‌بى ته‌نفیزى یه‌كێتیه‌كه‌مان و ئه‌ندامى لێژنه‌ى باڵاى فه‌تواى كوردستان سه‌باره‌ت به‌و بڕه پاره‌یه‌ى كه له مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانه‌وه وه‌ك قه‌رزه لاى حكومه‌ت پاشكه‌وت كراوه و زه‌كاتى تێدایه، له‌م باره‌یه‌وه به‌رێز مه‌لا ئه‌حمه‌دى شافیعی له لێدوانێكى تایبه‌تى بۆ سایتى زانایان گووتى: رۆژى 27/5/ 2016 كه‌سێك له رێگه‌ى ته‌له‌فۆنه‌وه پرسیارى لێكردم گووتى: مامۆستا ئه‌گه‌ر كه‌سێك پاره‌ى قه‌رزى لاى حكومه‌ت بێت ئایا زه‌كاته‌كه‌ى حكومه‌ت ئه‌یدات یا خاوه‌ن پاره‌كه؟
له وه‌ڵامدا وتم: پاره هى كێ بێت ئه‌و كه‌سه زه‌كاتی لێ ده‌دات، ئه‌گه‌ر پاره‌كه‌ى گه‌شتبووه ئه‌ندازه‌ى زه‌كات و ساڵى به‌سه‌ردا هاتبوو .
پاشان وتى: ئه‌م قه‌رزه‌ى موچه‌ى كارمه‌ند و فه‌رمانبه‌ران لاى حكومه‌ت چۆنه؟، ئایا ئه‌بێت كارمه‌نده‌كه زه‌كاته‌كه‌ى بدات یا حكومه‌ت ئه‌گه‌ر چه‌ند ساڵى به‌سه‌ردا چوو پاشان وه‌ریگرت ، یه‌ك زه‌كاتى لێده‌دات یا هى هه‌موو ساڵه‌كان ده‌بیت بدات؟
له وه‌ڵامدا وتم: پرسیارى له‌م شێوه‌یه هاتووەتە لێژنه‌ى فتوا ، هه‌روه‌ها لیژنه‌ى فتواش له‌و باره‌وه هیچ گفتوگۆیه‌كى نه‌كردوه، كه ئایا زه‌كاتى لێ ده‌كه‌وێت یا لێی ناكه‌وێت؟ ئایا هى یه‌ك ساڵ ده‌دا یا هى هه‌موو ساڵه‌كان؟ منیش وه‌ك ئه‌ندامێكى لێژنه‌ى فتوا پێش لیژنه‌ى باڵاى فتوا ناكه‌وم و هیچ قسه‌یه‌كم له‌م باره‌وه نیه.
ئه‌و برایه هه‌رچى هه‌وڵىدا قسه‌یه‌كى بۆ بكه‌م، وتم من هه‌رگیز پێش لیژنه‌ى باڵاى فتوا ناكه‌وم و له‌و باره‌وه هیچ شتێكم نییه.
ئه‌و كه‌سه‌ش وه‌ك هاوڵاتییه‌ك پرسیارى له من كرد نه‌ك وه‌ك راگه‌یاندنكار .
پاره‌ى قه‌رزیش كاتێ زه‌كاتى لێ ده‌كه‌وێ كه وجودو حەقیقهتى هه‌بێت و وه‌همى نه‌بێت!، تا ئێستا ئه‌و پاره به حساب قه‌رزه‌ى لاى حكومه‌ت دیار نییەو هیچ حەقیقهتێكى نییه تا بزانرێت زه‌كاتى لێ ده‌كه‌وێت یان نا!.
گه‌ر خوا كردى بوو به حەقیقه‌ت و راستى پاره‌كه وجودى هه‌بوو به‌و جۆره‌ى كه قه‌رز لاى كه‌سێك هه‌بێت ئه‌و كات فتواى له سه‌ر ده‌ده‌ین.
له كۆتاییدا هه‌رچى له‌وه زیاتر نووسرا بێت و بڵاو كرابێته‌وه ئه‌وه هى من نییه و من ئاگام لێى نییه، ئه‌و برایه‌ش ئه‌و شتانه‌ى بڵاوكردۆته‌وه قسه‌ى خۆیه‌تى و من دوور‌و نزیك ئاگام لێى نییه. |