وه‌لاَمی چه‌ند پرسیارێكی شه‌رعی

به‌ناوی خوای گه‌وره‌و میهره‌بانه‌وه‌

سوپاس و ستایش بۆخوای گه‌وره‌، دروود و سلاَو بۆ گیانی پاكی پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویستمان موحه‌ممه‌د(د.خ).
بینه‌ره‌به‌رِێزه‌كانی كه‌ناڵی ئاسمانی زاگرۆز سلاَوی خواتان لێبێت له‌ هه‌ر كوێیه‌ك هه‌ن.

ته‌وه‌ری به‌رنامه‌ی ئه‌مشه‌و، وه‌لاَمی چه‌ند پرسیارێكه‌:

پ1: ئایا پێویسته‌ به‌ر له‌ بانگی به‌یانیان به‌چه‌ند خوله‌كێك، وازله‌ خواردن و خواردنه‌وه‌ی پارشێوان بێنین، كه‌ پێی ده‌گوترێت: ئیمساك، یان كه‌بار، یان ئیحتیرام؟

وه‌لاَم1: ئه‌وه‌ی فه‌رمووده‌ی دروسته‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ پێغه‌مبه‌ر(د.خ)دوو بانگ وێژی هه‌بوو، بیلال و عه‌بدولاَی كورِی ئومومه‌كتوم، ده‌یفه‌رموو: (بیلال له‌شه‌ودا بانگ ده‌دات بخۆن و بخۆنه‌وه‌ تا عه‌بدولاَبانگ ده‌دات)عبد الله پیاوێكی كوێربوو، تا نه‌یان گوتایه‌ به‌یان هه‌ڵهات بانگی نه‌ده‌دا)كه‌وابوو ئیمساك، شتێكی داهێنراو وكولتووره‌ نه‌وه‌ك سوننه‌ت، ده‌ره‌نجام ئه‌وه‌یه‌، كه‌ وابه‌سته‌ بوون به‌ ئیمساكه‌وه‌ پێویست نییه‌.
پ2: قوتابی له‌به‌ر خوێندن ده‌توانێ رۆژوو نه‌گرێت؟

وه‌لاَم2: قوتابیش وه‌ك هه‌ركه‌سێكی خاوه‌ن پێداویستی ئه‌گه‌ر نه‌یتوانی بۆی هه‌یه‌ نه‌یگرێت و دوایی بیگرێته‌وه‌ به‌مه‌رجێك هه‌موو شه‌وێك نییه‌ت بێنێ و پارشێو بكات و سبه‌ینێ له‌كوێدا ناچاربوو بیگرێته‌وه‌.
پ3: پێویستییه‌كانی رۆژوو چین و هۆكاره‌كانی رۆژوو شكاندن و جۆره‌كانی رۆژوو شكاندن له‌ره‌مه‌زاندا كامانه‌ن؟

وه‌لاَم3: ڕ: پێویستییه‌كانی رۆژوو:
1: پێویسته‌ له‌سه‌ر ئه‌وكه‌سه‌ی كه‌ به‌رۆژوو ده‌بێت، له‌ دڵدا برِیاری ئه‌وه‌بدات، كه‌ سبه‌ینێ به‌رۆژوو ده‌بێت، ئه‌مه‌ش زۆر به‌هه‌ند وه‌رده‌گیرێت و پێغه‌مبه‌ر (د.خ) ده‌فه‌رموێت: (هه‌ركه‌س له‌شه‌ودا پێشتر برِیاری رۆژوو بوونه‌كه‌ی نه‌دابێت ئه‌وه‌ رۆژووی بۆنییه‌) به‌لاَم ئه‌م پێویستی نییه‌ته‌، تایبه‌ته‌ به‌ رۆژووی پێویسته‌وه‌، نه‌وه‌ك رۆژووی سونه‌ت.

2: ده‌بێ ئه‌وكه‌سه‌ له‌رۆژدا، خۆی به‌دووربگرێت له‌وشتانه‌ی، كه‌ ده‌بنه‌ هۆكاری رۆژوو شكاندن.
ب: هۆكاره‌كانی رۆژوو شكاندن:

1: هه‌رشتێك له‌رِێگه‌ی ده‌مه‌وه‌ بچێته‌ نێو بۆشایی مرۆڤ و ببێته‌ هۆكاری پێ ژیانی لاشه‌ی مرۆڤ یان سوودیشی نه‌بێت، به‌لاَم ده‌رزی لێدان له‌رێگه‌ی ده‌ماره‌وه‌ یان له‌رێگه‌ی رانه‌وه‌ هیچ زیانێكی نییه‌.
2: به‌زۆرخۆرشاندنه‌وه‌، یه‌كێ تره‌ له‌وهۆكارانه‌ی رۆژوو به‌تاڵ ده‌كه‌نه‌و، به‌لاَم ئه‌گه‌ر رشانه‌وه‌ له‌خۆیه‌وه‌ هات، ئه‌وه‌ هیچ زیانێك به‌رۆژوو ناگه‌یێنێت.

3: به‌زۆر و به‌ده‌ست ئاره‌زووی خۆ شكاندن(خۆ ره‌حه‌ت كردن)ی ئافره‌ت یان پیاو، ده‌بێته‌ هۆكاری شكاندنی رۆژوو، به‌لاَم ئه‌گه‌ر هه‌ربه‌ ته‌ماشاكردنی نامه‌حره‌م، یان به‌خه‌یاڵ لێدان، ئاره‌زوو شكا، ئه‌وه‌ رۆژوووه‌كه‌ ناشكێنێ و به‌تاڵ ناكاته‌وه‌، به‌ته‌نها هه‌ر خۆشۆردنی ده‌وێت و به‌س.

4: سه‌رجێیكردنی ژنومێردله‌كاتی رۆژوودا به‌رۆژ حه‌رامه‌ و ده‌بێته‌ هۆكاری به‌تاڵ كردنه‌وه‌ی رۆژووه‌كه‌ و تۆڵه‌یشیان لێ ده‌سێندرێت، به‌وه‌ی كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ودوانه‌ ده‌بێت، دوای ره‌مه‌زان، یان دوومانگ به‌رۆژوو ببن زیاد له‌ره‌مه‌زان، یان شه‌ست هه‌ژار بۆ ژه‌مێك تێر بكه‌ن، یان هه‌ریه‌كه‌یان به‌نده‌یه‌ك له‌كوێیله‌تی رزگاربكه‌ن، كه‌ ئه‌مه‌یش ئێستا به‌و شێوه‌ نه‌ماوه‌، گه‌رچی زۆربه‌ی هاوولاَتیانی رۆژ هه‌لاَتی، كوێله‌ی به‌رده‌ستی ده‌سته‌لاَتدارانن، به‌لاَم هه‌ریه‌ك له‌م چوار جۆره‌ی باسمان لێكردن، ئه‌گه‌ر به‌هه‌ڵه‌ و له‌بیرچوون روویاندا، ئه‌وه‌نابێته‌ هۆكاری به‌تاڵ بوونه‌وه‌ی رۆژوو، واته‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێك له‌بیری نه‌بوو كه‌ به‌رۆژووه‌ و ئاوی خوارده‌وه‌، یان شتێكی خوارد، یان چووه‌ لای خێزانی، رۆژووه‌كه‌ی به‌تاڵ نابێته‌وه‌.

ج: جۆره‌كانی رۆژووشكاندن له‌ره‌مه‌زاندا:

1: ئه‌و خانمانه‌ی له‌كاتی رۆژی ره‌مه‌زاندا ده‌كه‌ونه‌ سوورِی مانگانه‌وه‌، یان خوێنی دوای منداڵ بوون، له‌وكاته‌دا نابێت به‌رۆژووو ببن و دوااتر ده‌یگێرِنه‌وه‌ له‌دوای ره‌مه‌زان.

2: نه‌خۆش له‌كاتی نه‌خۆشیه‌كه‌یدا بۆی هه‌یه‌ به‌رۆژوونه‌بێت و دواتر بیگرێته‌وه‌، به‌لاَم ئه‌گه‌ر نه‌خۆشیه‌كه‌ له‌و جۆرانه‌ بوو، كه‌ چاك بوونه‌وه‌ی زه‌حمه‌ته‌ و درێژ خایه‌نه‌، رۆژوو ناگرێت و دواتریش نایگرێته‌وه‌، به‌ته‌نها هه‌ر (فیدیه‌) ئه‌دات و بۆهه‌ررۆژێك هه‌ژارێك تێرده‌كات له‌مام ناوه‌ندی ترین خواردنی ماڵ ومنداڵی خۆی.

هه‌روه‌ها ئه‌وكه‌سه‌ی ده‌كه‌وێته‌ نێو سه‌فه‌ره‌وه‌، بۆی هه‌یه‌ له‌كاتی سه‌فه‌ره‌كه‌یدا به‌رۆژوو نه‌بێت و دواتر بیگرێته‌وه‌، به‌لاَم ده‌بێ ئه‌و ماوه‌ی سه‌فه‌ره‌ ئه‌وه‌نده‌بێت، كه‌ نوێژی تێدا كورت ده‌كرێته‌وه‌ و به‌ر له‌ نوێژی به‌یانی ده‌رچێت له‌ماڵ، به‌لاَم ئه‌وئافره‌ته‌ی كه‌ سكی هه‌یه‌، یان منداڵه‌ به‌ره‌، به‌لای عه‌بدوڵلاَی كورِی عومومه‌ره‌وه‌(ر) بۆیان هه‌یه‌، كه‌ به‌ته‌نها(كه‌فاره‌ت) بده‌ن و به‌رۆژوو نه‌بنه‌وه‌، ئه‌مه‌ش جێگه‌ی را و بۆچوونی لێك جودای زانایانه‌، به‌لاَم ئه‌م بۆچوونه‌ زۆرتر له‌گه‌ڵ به‌زه‌یی ئیسلامدا ده‌گونجێت.

3: وه‌ك پێشتر باسمان كرد، دروسته‌ بۆ پیر و نه‌خۆشێك، كه‌هیوای چاك بوونه‌وه‌یان نییه‌، به‌رۆژوو نه‌بن و دواتر به‌ته‌نها هه‌ر قه‌ره‌بوو بده‌نه‌وه‌.

4: ئه‌وكه‌سه‌ی به‌ده‌ستی ئه‌نقه‌ست ئاره‌زووی خۆی بشكێنێ، یان خۆی برِشێنێته‌وه‌، كه‌ ئه‌م ده‌ستی ئه‌نقه‌ست شكاندنه‌، هه‌م رۆژووو به‌تاڵ ده‌كاته‌وه‌ و هه‌م گوناهی گه‌وره‌یشه‌، جگه‌ له‌وه‌ی، كه‌ دواتر ده‌بێت بیگرنه‌وه‌، ده‌بێ ته‌وبه‌یش له‌و گوناهه‌بكه‌ن.
5: ئه‌و پیاو، یان ئافره‌ته‌ی، كه‌ رۆژووه‌ كه‌ی ده‌شكێنێ به‌هۆی جووت بوونی حه‌لاَڵه‌وه‌ له‌رۆژی ره‌مه‌زاندا و به‌ده‌ستی ئه‌نقه‌ست، ده‌بێ دوای جووت بوونه‌كه‌یش هه‌ر به‌رۆژوو بێت و به‌لاَم بۆیشی ناژمێردرێت و دواتریش وه‌ك باسمان كرد جگه‌ له‌گرتنه‌وه‌ی ده‌بێ (كه‌فاره‌ت) بدات.

6: شێت له‌كاتی شێتییه‌كه‌یدا رۆژووی له‌سه‌رنییه‌ و منداڵیش رۆژووی له‌سه‌ر نییه‌، به‌لاَم ئه‌گه‌ر منداڵێك توانای رۆژووی هه‌بوو و كاری نه‌ده‌كرده‌ سه‌ر ته‌ندروستی و خوێندنه‌كه‌ی ده‌توانێ بۆ راهاتن به‌رۆژوو ببێت.

پ4: ئایا قه‌رزدار ده‌توانێ له‌باتی خاوه‌ن قه‌رزه‌كه‌ زه‌كات بدات؟
وه‌لاَم4: خاوه‌ن ماڵه‌كه‌قه‌رزی له‌سه‌ره‌نه‌وه‌ك له‌سه‌ر قه‌رزداره‌كه‌بێت تازه‌كاته‌كه‌ی بۆ بدات! به‌لاَم ئه‌گه‌ر خاوه‌ن ماڵه‌كه‌له‌هه‌ندێك له‌قه‌رزه‌كه‌خۆشببێت له‌بریتی زه‌كات، دروسته‌، ئه‌گه‌ر خاوه‌ن ماڵه‌كه‌بۆخۆی قه‌رزداره‌كه‌بكاته‌بریكار، كه‌زه‌كاته‌كه‌ی بۆده‌ربكات، ئه‌وكاته‌ئه‌وه‌نده‌ی بۆزه‌كات ده‌رده‌چێت، له‌خودی ڵاره‌قه‌رزه‌كه‌بێته‌خواره‌وه‌ئاساییه‌.خوایش له‌هه‌موان زاناتره‌.

پ3: ئایا ته‌ماشاكردنی ئه‌و زنجیره‌ فلیم ودراما ته‌له‌فزیۆنییانه‌ی، له‌ مانگی ره‌مه‌زاندا په‌خشده‌كرێن و هه‌ندێك دیمه‌نی نه‌شیاویان تێدا هه‌یه‌، وه‌ك عه‌رق خواردنه‌وه‌ و بایه‌خدان به‌قومار و ده‌رخستنی جوانییه‌كانی مرۆڤ بۆ ره‌گه‌زی به‌رامبه‌ر و به‌زۆری بیری ئه‌ودیو نووسین و ده‌رهێنانی دراماكان، كه‌ ده‌بنه‌ هۆكاری ته‌ڵخ كردنی رووی برِوادار و كه‌سانی خواپه‌رست، له‌ به‌رامبه‌ریشدا، جوان كردن و جوان نیشاندانی ئه‌وانه‌ی، كه‌ به‌ پێوه‌ری ئایینی لاده‌رن، ده‌بێته‌ هۆكاری به‌تاڵ كردنه‌وه‌ی رۆژوو؟.

وه‌لاَم5: سه‌یركردنی ئه‌و دراماو فلیمانه‌، له‌به‌ر خودی سه‌یركردنه‌كه‌، نابنه‌ هۆكاری به‌تاڵكردنه‌وه‌ی رۆژوو، چونكه‌ سه‌یركردن، نه‌خوارده‌مه‌نی و نه‌خواردنه‌وه‌ و نه‌ ئاره‌زوو شكاندنه‌، به‌لاَم كارده‌كه‌نه‌ سه‌رخودی توانای بینین، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌به‌خششه‌ زۆر گه‌وره‌كانی خوای گه‌وره‌ بۆ مرۆڤ و ئه‌وكاته‌ی، كه‌ مرۆڤێكی برِوادار، له‌ جێی خۆیدا به‌كاری ناهێنێت، تووشی به‌رپرسیارێتی لای خوا ده‌بێ و له‌ رۆژی دواییدا گه‌واهی نه‌رێی له‌سه‌ر ده‌ده‌ن، بۆ جۆری دیمه‌نه‌كانیش، ده‌گه‌رِێته‌وه‌ بۆ راساتڵێتی له‌ دارِشتنه‌كاندا و راستیی و بێ لایه‌نێتی بنووس و ده‌رهێنه‌ره‌كان، به‌لاَم وه‌ك روانگه‌ی شه‌رعی، رۆژوو به‌تاڵ ناكه‌نه‌وه‌.

پ6: ئه‌گه‌ر كه‌سێكی رۆژووان كه‌وته‌ سه‌فه‌ره‌وه‌، كامیانی بۆ باشتره‌، له‌سه‌فه‌ره‌كه‌یدا، به‌رۆژوو ببێت، یان بیشكێنێ؟.

وه‌لاَم6: له‌وه‌لاَمی پرسیارێكی هاوشێوه‌دا، لیژنه‌ی بالاَی فه‌توای شه‌رعی، له‌ سعودییه‌، گوتوویانه‌: (باشتر وه‌هایه‌ بۆ كه‌سێك كه‌ له‌سه‌فه‌ردابێت به‌رۆژوو نه‌بێت، به‌لاَم ئه‌گه‌ر توانی به‌رۆژوو ببێت رۆژووه‌كه‌ی دروسته‌ و هیچ نه‌نگییه‌كی له‌سه‌ر نییه‌، ئه‌گه‌ر هات و وای گومان ده‌برد كه‌ له‌سه‌فه‌ره‌كه‌یدا، تووشی نارِه‌حه‌تی ده‌بێت، ده‌توانێت به‌رۆژوو نه‌بێت و دواتر به‌رله‌وه‌ی ساڵێكی دیكه‌، مانگی ره‌مه‌زان بێته‌وه‌، رۆژووه‌ فه‌وتاوه‌كانی بگرێته‌وه‌.

پ7: كه‌سێك ده‌پرسێت، له‌رۆژی ره‌مه‌زاندا، به‌بێ ئه‌وه‌ی خه‌وتبێت و شه‌یتانی بووبێت، یان به‌بێ ئه‌وه‌ی، خووه‌نهێنییه‌كانی ئه‌نجامدا بێت، هه‌ست ده‌كات ئاوی دێته‌وه‌، ئایا رۆژووه‌كه‌ی به‌تاڵ ده‌بێته‌وه‌؟.
وه‌لاَم7: هه‌مان لیژنه‌ له‌وه‌لاَمی پرسیارێكی هاوشێوه‌دا ده‌ڵێن: ئه‌و ئاوهاتنه‌وه‌یه‌، به‌بێ هیچ هۆكارێك، كارناكاته‌ سه‌رشكاندنی رۆژووه‌كه‌ و گێرِانه‌وه‌یشی له‌سه‌رنییه‌.

پ8: ئه‌وكاته‌ی برِوادار به‌رۆژووه‌ و ده‌ستنوێژ ده‌شۆرێت، پێویستی به‌وه‌هه‌یه‌، كه‌ ئاو له‌ده‌می وه‌ربدات، ئایا بۆی دروسته‌ یان نا؟.

وه‌لاَم8: ئاو له‌ده‌م رادانی كاتی رۆژوو، هیچ جیاوازییه‌كی دیكه‌ی نییه‌ له‌گه‌ل، كاتێكی دیكه‌ی به‌ده‌ر له‌ كاتی رۆژوو، به‌لاَم ده‌بێ رۆژووان زێده‌رِۆیی له‌وكاره‌دا نه‌كات و وشیاری ئه‌وه‌بێت، به‌ گه‌روویدا، هیچ نمه‌یه‌ك ئاو نه‌چێته‌ خواره‌وه‌، له‌قیتی كورِی سه‌بره‌(ر)، ده‌ڵێ: به‌پێغه‌مبه‌رم گوت(د.خ): فێری ئاوله‌ده‌م وه‌ردانم بكه‌، ئه‌ویش له‌وه‌لاَممدا فه‌رمووی: (به‌باشی ده‌ستنوێژه‌كه‌ت بشۆره‌ و نێوان په‌نجه‌كانت ته‌رِببن و په‌نجه‌یان پێدا بهێنه‌ و ئاو زۆر له‌لووتت وه‌ربده‌، مه‌گه‌ر به‌رۆژوو ببیت)، ئه‌م فه‌رمووده‌یه‌یش ئه‌بوداود به‌ژماره‌ (142، 143)هێناوێتی، كه‌ تێبینی ئه‌وه‌ده‌كه‌ین، پێغه‌مبه‌ر(د.خ)رێگه‌ی ئه‌وه‌ی لێنه‌گرت، له‌كاتی رۆژوودا، ئاو له‌ لووتی رابدات، به‌لاَم رێنمایی كرد كه‌ زێده‌رِۆیی تێدا نه‌كات، هه‌روه‌ها له‌ رێگه‌یه‌كی دیكه‌وه‌، باس له‌ئاو ده‌م رادانیش ده‌كات، كه‌ ئه‌ویشیان، ئیمامی زه‌یله‌عی له‌كتێبی (نێب الرایه‌)(1/16)هێناوێتی، خاوه‌نی كتێبی (عون المعبود (6/492))، ده‌ڵێ: (ئاگاداربه‌ كه‌ كه‌راهه‌تی هه‌یه‌ زێده‌رۆییكردن له‌ئاو ده‌م وه‌ردان و ئاو له‌لووت وه‌ردان به‌زمانی به‌رۆژووه‌وه‌، كێبرِكیێه‌كی زۆر هه‌یه‌ له‌لایه‌ن زانایانه‌وه‌، كه‌ ئایا ئه‌گه‌ر به‌هه‌ڵه‌ نمه‌یه‌ك چووه‌ ناوه‌وه‌، رۆژووه‌كه‌ به‌تاڵ ده‌بێتنه‌وه‌ یان نا؟، وه‌لاَم ئه‌وه‌یه‌، كه‌ به‌هێزترین رایان ئه‌وه‌یه‌، كه‌ وه‌ك حوكمی ئه‌وكه‌سه‌ی لێدێت، كه‌ شتێكی خواردبێت، یان خواردبێته‌وه‌ به‌ له‌بیرچوونه‌وه‌ و رۆژووه‌كه‌ به‌تاڵ نابێته‌وه‌).

پ9: ئایا مێش كردنی قژ، یان بۆیاخ كردنی قژ، هیچ كارده‌كاته‌ سه‌ر رۆژوو، به‌مانا به‌تاڵی ده‌كاته‌وه‌ یان نا؟.
وه‌لاَم9: رای كۆی زانایان، له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌، كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك، سه‌ربۆیه‌كردن، یاخود مێشكردن، نابێته‌ هۆی پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ و به‌تاڵ كردنه‌وه‌ی رۆژوو.

پ10: له‌كاتی رۆژوودا، ئه‌وخانمه‌، یان ئه‌وپیاوه‌ی، كه‌ (شیو) دروست ده‌كات و چێشت لێ ده‌نێت، ئایا بۆیان هه‌یه‌، بۆئه‌وه‌ی بزانن خوێی چۆنه‌، چێژی خوارنه‌كه‌ بكه‌ن؟، ئایاحوكمی بنێشت خواردن چییه‌ له‌ كاتی به‌رۆژوو بووندا؟.

وه‌لاَم10: چێشتنی ئه‌و چێژی خواردنه‌ له‌لایه‌ن چێشت لێنه‌ر، یان كابانه‌وه‌، هیچ كاریگه‌رییه‌كی نییه‌ بۆ سه‌ر رۆژووه‌كه‌، به‌مه‌رجێك هیچ شت به‌گه‌روودا نه‌چێته‌ خواره‌وه‌، بۆ بنێشت جاوینه‌كه‌یش، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی به‌لای زۆرینه‌ی زانایانه‌وه‌ كارێكی(مه‌كروه) ناپه‌سه‌نده‌ و رۆژۆوان خۆیی لێ به‌دوور بگرێت باشه‌، ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانین كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، بنێشت له‌سه‌ر دووبه‌ش و دووجۆره‌:

ڕ: جۆرێكیان تامی هه‌یه‌ و له‌كاتی جاوینه‌كه‌یشیدا پارچه‌ی لێده‌بێته‌وه‌ و په‌رت په‌رت ده‌بێت و هه‌ڵده‌وه‌رێ و له‌گه‌رووه‌وه‌ ده‌چێته‌ خواره‌وه‌، جاوینی ئه‌م جۆره‌یان به‌زمانی به‌رۆژووه‌وه‌، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك دروست نییه‌، چونكه‌ لێی ده‌چێته‌ خواره‌وه‌.

ب: جۆری دووم ئه‌وه‌یه‌، كه‌ زۆر پته‌و و جیرِبێت و تامیشی نه‌ بێ و پرتی لێ نه‌بێته‌وه‌ و له‌كاتی جاوینه‌كه‌یدا نه‌چێته‌ خواره‌وه‌ بۆ نێو گه‌روو، ئه‌مه‌یان كه‌راهه‌تی هه‌یه‌، به‌لاَم رۆژوو به‌تاڵ ناكاته‌وه‌.
پ11: شێوازی نییه‌ت هێنانی رۆژوو چۆنه‌ و ئایاده‌كرێ مرۆڤ به‌یه‌ك نییه‌ت بۆ هه‌موو مانگه‌ كۆتایی پێ بهنێت؟.

وه‌لاَم12: نییه‌تی رۆژوو، به‌برِیار و عه‌زیمه‌ ده‌بێت، كه‌ له‌نێو ناخدا مرۆڤ ده‌یهێنێت و برِیارِ ده‌دات، كه‌ به‌رۆژوو ده‌بێت و پێویسته‌ مرۆڤ له‌شه‌ودا برِیاری به‌رۆژوو بوونی رۆژه‌كه‌ی دادێ بدات و هه‌مووو شه‌وێك، هه‌ندێكیش له‌ زانایان، رێگه‌یان به‌وه‌داوه‌، كه‌ هه‌رله‌سه‌ره‌تای مانگه‌وه‌ یه‌ك برِیاری به‌سه‌، چونكه‌ ئه‌وزنجیره‌ رۆژووه‌، هه‌رهه‌مووی یه‌كپه‌رستشه‌.. خوایش له‌هه‌موان زاناتره‌.

پ13: مامۆستای به‌ریز سلاوی خوای كه‌وره‌ت لیبیت . برسیاریكم هه‌یه‌ : كاتیك ده‌ستنویز ده‌شۆم و دوای ئه‌وه‌ جله‌كانت بكۆریت بئ ئه‌وه‌ی ده‌ستت به‌هیج جیكایه‌ك بكه‌ویت كه‌ ببیته‌ هۆی ده‌ستنویز شكاندن ته‌نها خۆ كۆرین و بانتۆر و ده‌ربی كورین و كه‌سیش نه‌تبینئ ده‌ستنویز ده‌شكیت ؟

وه‌لاَم13: ته‌نها به‌ناوی خوا: سلاَوی خوای گه‌وره‌ له‌ ئێوه‌ی به‌رِێزیش، ئه‌وكاره‌ هیچ كاریگه‌رییه‌كی نییه‌ بۆسه‌ر ده‌ستنوێژ و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نایشكێنێت و ده‌ستت به‌ر لاشه‌یشت بكه‌وێ به‌مه‌رجێ پێش و پاش نه‌بێت هه‌ر نایشكێنێ.خوایش له‌هه‌موان زاناتره‌.

پ14:سلاو مامۆستای به‌ریز :من ئه‌مه‌وی ببرسم كه‌من دایكم شیر ده‌ده‌م بار 1 رۆزم لی خوارد نه‌متوانی بیكرمه‌وه‌ئایا قه‌رزارم یا نا برسیاریكی دیكه‌م هه‌یه‌ئه‌كه‌ربه‌ ئه‌رك نه‌بی:ئه‌كه‌ر زنیك تازه‌منالی بوبی هیشتا جله‌ی ده‌رنه‌جوبی واتارۆزوه‌كه‌ی بو ناكیری ئه‌توانی فیدیه‌بدات زۆرسوباس .

وه‌لاَم14: ته‌نها به‌ناوی خوا: به‌رِێز 1: باشتر وه‌هایه‌ دوای ره‌مه‌زان بیگریته‌وه‌ به‌رله‌وه‌ی ره‌مه‌زان بێته‌ وه‌ و له‌سه‌ر دواخستنه‌كه‌یشی بۆ هه‌ر رۆژێك یه‌ك ژه‌م هه‌ژارێك تێر بكه‌ و رای وه‌هایش هه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێ: هه‌ر كه‌فاره‌ته‌كه‌به‌سه‌. 2: ئافره‌تی زه‌یستان رۆژوو ناگرێت و كه‌ی ته‌واو بوو به‌په‌له‌نا، تا ده‌گاته‌ ساڵێكی دیكه‌ ورده‌ورده‌ بیگرێته‌وه‌ انشاالله‌.خوایش له‌هه‌موان زاناتره‌.


رۆشنایی ره‌مه‌زان1431كۆچی
هه‌ینی13/8/2010
كه‌ناڵی زاگرۆس
(3)
ژماره‌ ته‌له‌فوون(0662645794)
هه‌ندێك له‌ سوونه‌ته‌كانی رۆژوو و ئه‌وتیمارانه‌ی رۆژووناشكێنن
به‌ناوی خوای گه‌وره‌و میهره‌بانه‌وه‌
سوپاس و ستایش بۆخوای گه‌وره‌، درود وسلاَو بۆ گیانی پاكی پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویستمان موحه‌ممه‌د(د.خ).
بینه‌ره‌به‌رِێزه‌كانی كه‌ناڵی ئاسمانی زاگرۆز سلاَوی خواتان لێبێت له‌ هه‌ر كوێیه‌ك هه‌ن.
به‌رنامه‌ی ئه‌م شه‌ومان له‌ دوو ته‌وه‌ر ده‌دوێین:
1: هه‌ندێك له‌سوونه‌ته‌كانی رۆژوو.

2: ئه‌وتیمارانه‌ی رۆژووناشكێنن.

1: (هه‌ندێك له‌سوونه‌ته‌كانی رۆژوو)

یه‌كه‌م: ئه‌گه‌ر كه‌سێك، قسه‌ی ناشیرینی به‌رۆژۆ وان گوت، ده‌بێ ئه‌م وه‌ك به‌رامبه‌ره‌كه‌ی نه‌كات و وه‌ك پێغه‌مبه‌ر(د.خ)ده‌فه‌رموێت: (بائه‌م بڵێ: من به‌رۆژووم). بنوارِه‌: بوخاری، ژماره‌ 1894، وموسلیم، ژماره‌، 1151).

دووه‌م: سوننه‌ت وایه‌، بۆ رۆژۆوان، كه‌ هه‌مووشه‌وێك، پارشێو بكات و پێغه‌مبه‌ر(د.خ) ده‌فه‌رموێت: (پارشێو بكه‌ن چونكه‌ پارشێو به‌ره‌كه‌تی تێدایه‌). بنوارِه‌: بوخاری، ژماره‌، 1923وموسلیم، ژماره‌، 1095).

سێیه‌م: باش وایه‌، پارشێو زوونه‌كرێت و دوا بخرێت، چونكه‌ یاره‌كانی پێغه‌مبه‌ر(د.خ) بۆمان ده‌گێرِنه‌وه‌، كه‌ كاتێك له‌خزمه‌تی دابوون، دوای ئه‌وه‌ی پارشێویان كردووه‌ نوێژی بۆكردوون)، كه‌ له‌یارانیان پرسیوه‌، نێوان پارشێو كردن و نوێژه‌كه‌ چه‌ندی پێچووه‌؟، فه‌رموویانه‌: ئه‌وه‌نده‌ی په‌نجا ئایه‌ت بخوێنیته‌وه‌. بنوارِه‌: بوخاری، ژماره‌،1921).
چواره‌م: سوننه‌ته‌ به‌ربانگ زوو بكرێته‌وه‌، چونكه‌ پێغه‌مبه‌ر(د.خ) ده‌فه‌رموێت: (هێنده‌ی خه‌ڵكی به‌ربانگیان زوو بكه‌ن و دوای نه‌خه‌ن و پارشێو دره‌نگ بكه‌ن خێریان پێوه‌یه‌). بنوارِه‌: بوخاری، ژماره‌، 1957 و موسلیم، ژماره‌، 1098 ).

پێنجه‌م: سونه‌ت وایه‌، كه‌ به‌ربانگكردن به‌چه‌ند ده‌نكێك خورمای ته‌رِ و تازه‌ بێت، ده‌نا خورمای وشك، گه‌رنه‌بوو، به‌ئاو، كه‌ یاران باسمان له‌وه‌ بۆ ده‌كه‌ن، كه‌ پێغه‌مبه‌ر(د.خ)وای ده‌كرد. بنوارِه‌: ئه‌بوداود، ژماره‌، 2356، وتورموزی، ژماره‌، 696).

شه‌شه‌م: سوننه‌ته‌ له‌كاتی به‌ربانگدابڵێ: به‌ناوی خوا، پاشان بڵێ: ئه‌ی په‌روه‌ردگارم، من بۆتۆ به‌رِۆژوو بووم و به‌رۆزیی تۆ شكاندم، ئه‌ی په‌روه‌وردگارم لێمی وه‌ربگره‌، به‌راستی تۆ بیسه‌ر و خاوه‌نی ته‌واوی زانستی). هه‌روه‌ها بڵێ: تینوویه‌تیم شكا و ده‌ماره‌كانم ته‌رِبوونه‌وه‌ و پشتیوان به‌خوا پاداشته‌ كه‌یشم چه‌سپی). بازۆر دوعا بكات و بپارِێته‌وه‌ چونكه‌، له‌كاتی به‌ربانگ و رۆژوو شكاندندا، پارانه‌وه‌، گیراده‌بێت. بنوارِه‌: ئه‌بوداود، ژماره‌، 2357 و به‌یهه‌قی 4 / 239 و ئیروائولغه‌لیل).

2: (ئه‌وتیمارانه‌ی رۆژووناشكێنن)
(برِیاری ژماره‌(99/1/د10)، كه‌ له‌ (كۆمكاری فیقهیی ئیسلامی)یه‌وه‌ ده‌رچووه‌، كه‌ له‌ كۆنگره‌ی ده‌یه‌میاندا له‌شاری جیده‌، له‌ولاَتی سعودییه‌، له‌ماوه‌ی 23 - 28سه‌فه‌ر 1418ك، به‌رامبه‌ر به‌ 28 یونیو تا 3 یولیو 1997ز)؛ به‌ستوویانه‌ و گه‌رِاونه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌و باس و بابه‌تانه‌ی خراوه‌ته‌ به‌رده‌ستیان و پێشكه‌شیان كراوه‌ له‌لایه‌نی(نه‌دوه‌ی پزیشكیی ئیسلامیی)، كه‌ له‌ دارولبه‌یزا، له‌وولاَتی مه‌غریب له‌ماوه‌ی 9 - 12سه‌فه‌ر 1418كـ، به‌رامبه‌ر، به‌ 14-17 یونیو 1997ز)، به‌ستراوه‌ و دووای گوێگرتن له‌توێژینه‌وه‌ و تاو وتوێ كردنی بابه‌ته‌كان و وردبوونه‌وه‌ له‌ده‌قه‌كانی قورئان و فه‌رمووده‌ی دروست وبۆچوون ولێكدانه‌وه‌كانی فه‌قیهه‌كانی كۆنمان، ئه‌م برِیاره‌ یانداوه‌:

یه‌كه‌م: ئه‌م شتانه‌ی خواره‌وه‌ دانانرێن به‌رۆژوو شكێن و رۆژوو به‌تاڵ ناكه‌نه‌وه‌:
1: به‌كارهێنانی دڵۆپه‌ ده‌رمان، كه‌ پێی ده‌گوترێت: (قه‌تره‌)، ئیتر بۆهه‌ریه‌ك له‌م شوێنانه‌ به‌كاربهێنرێت:1- چاو. 2- گوێچكه‌. 3- شۆردنی گوێچكه‌.4- لووت. 5-په‌مپی لووت، به‌مه‌رجێك ، هیچ یه‌ك له‌مانه‌، نه‌گه‌نه‌ نێو گه‌روو. 6- ئه‌وحه‌بانه‌ی له‌ژێر زمان به‌كار ده‌هێنرێن، بۆ ئه‌وكه‌سانه‌ی كه‌ نه‌خۆشی دڵیان هه‌یه‌ و پێی ده‌گوتری: (زه‌بحه‌ی ێه‌دری)، به‌مه‌رجێك هیچی لێ نه‌په‌رِێته‌وه‌ نێو گه‌روو.
به‌شی دووه‌م:

(ب)- ئه‌وشتانه‌ی ده‌خرێته‌ نێو كۆئه‌ندامی لاشه‌ی پیاو، یان ئافره‌ت:1- حه‌بی ناوكه‌بسوول (ته‌حامیل). 2- شۆردنی ناوه‌وه‌ی دامه‌ن. 3- نازوری نێو دامه‌ن. 3- په‌نجه‌ی پزیشك بۆ پشكنین(فه‌حس). 4- به‌كارهێنانی نازوور، یان دانانی له‌وله‌ب، بۆ ره‌حه‌می ئافره‌ت.

(ج)- ئه‌وماده‌ وئامێرانه‌ی ده‌چنه‌ نێو میزه‌رِۆی پیاو، یان ئافره‌ت: 1- قه‌سته‌ره‌كردن، (بۆرییه‌كی پزیشكی باریكه‌). 2- نازوور. 3- ده‌رمان بۆ پاككردنه‌وه‌ی میزه‌رۆ.

(د)- ئه‌وشتانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ده‌مودانه‌وه‌هه‌یه‌: 1-دان كۆڵین، بۆپرِكرنه‌وه‌. 2- هه‌ڵكه‌ندنی خرێ. 3-پاككردنه‌وه‌ی ده‌مودان. 4-به‌كارهێنانی سیواك و فڵچه‌ی ده‌مودان و ماجوونی ده‌مودان، به‌مه‌رجێك، خۆ له‌وه‌بپارێزن كه‌ هیچ شت به‌گه‌روو دا بچێته‌ خواره‌وه‌، به‌لاَم تام و چێژ، زیانی نییه‌. 5- ئاو له‌ده‌م رِادان. 6- ئاوله‌گه‌روو رِادان. 7- به‌كارهێنانی په‌مپی ئازارشكاندن، به‌مه‌رجێك ماده‌كه‌ نه‌كه‌وێته‌ نێو گه‌روو.

(ه)ـ- ده‌رزی دان له‌پێست، یاخود، له‌ده‌مار، یاخود، له‌سمت و رِان، ئه‌وجۆره‌ده‌رزییانه‌ نه‌بێت، كه‌خواردنیان تێدایه‌(موغه‌زی).1- دروسته‌ به‌كارهێنانی ئۆكسجین. 2- دروسته‌ به‌كارهێنانی به‌نج، به‌مه‌رجێك هیچ یه‌ك له‌مانه‌ موغه‌زی نه‌بن.

(و)- ئه‌ودرمانانه‌ی، كه‌لاشه‌ له‌رێگه‌ی پێسته‌وه‌، هه‌ڵیان ده‌مژێت: 1- چه‌وراییه‌كان. 2- هه‌رجۆره‌ مه‌ڵهه‌مێك. 3- ئه‌وله‌زگانه‌ی كه‌ ده‌رمانیان پێوه‌یه‌ و ده‌چنه‌ نێو پێست.(ز)- قه‌سته‌ره‌كردنی دڵ، یان بۆهه‌رشوێنێكی دیكه‌ی ئه‌ندام، كه‌ وه‌ك تیشك به‌كار دێت.

(ح)- نازوور ناردنه‌وژووره‌وه‌ بۆ نێو سك، یان نه‌شته‌رگه‌ری.

(گ)- وه‌رگرتنی پارچه‌یه‌ك له‌جگه‌ر، یان هه‌ر شوێنێكی ئه‌ندامی لاشه‌، بۆزه‌رعه‌كردن، به‌مه‌رجێك شله‌مه‌نی له‌گه‌ڵدا نه‌كرێته‌ ژوووره‌وه‌.

(ی)- نازوور كردن بۆگه‌ده‌، به‌مه‌رجێك شله‌مه‌نی له‌گه‌ڵ نه‌نێردرێت.

(ك)- ناردنی هه‌رده‌رمانێك بۆ نوخاعی شه‌وكی، یان ده‌ماغ.

(ل)- رشانه‌وه‌، به‌مه‌رجێك ئه‌وكه‌سه‌ خۆی نه‌رِشێنێته‌وه‌.

دووه‌م: پێویسته‌ له‌سه‌ر پزیشكه‌موسڵمانه‌كان، ئامۆژگاری نه‌خۆشه‌كانیان بكه‌ن، ئه‌گه‌ر بتوانن و خۆیان رابگرن ئه‌م چاره‌سه‌رانه‌ بۆدوای به‌ربانگ دوا بخه‌ن، به‌مه‌رجێك له‌به‌ر دواخستنه‌كه‌ی، زیانیان پێنه‌گات)
تێبینی: وه‌ك له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئاماژه‌م پێكرد، له‌گه‌ڵ رێزم بۆهه‌رمامۆستایه‌كی ئایینی، هیوادارم هه‌موومان بگه‌ینه‌ ئاستی له‌خۆ دارِنینی كه‌وای لاسایی كردنه‌وه‌ی كوێرانه‌ و بزانین كه‌ زانست به‌ به‌دوودا چوون جوانتر ده‌بێت.

رۆشنایی ره‌مه‌زان1431كۆچی
پێنج شه‌ه‌مه‌12/8/2010
كه‌ناڵی زاگرۆس
(2)