سعودیه‌: له‌ فه‌توایه‌كدا ده‌سته‌ی گه‌وره‌ زانایان ته‌كفیری ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كات كه‌ جوێن به‌ هاوه‌ڵانی پێغه‌مبه‌ر ده‌ده‌ن

رۆژی شه‌ممه‌ی رابردوو رێكه‌وتی 9/10/2010 له‌ فه‌توایه‌كدا ده‌سته‌ی گه‌وره‌ زانایانی سعودیه‌ رایگه‌یاند: هه‌ركه‌سێك جوێن به‌هاوه‌ڵانی پێغه‌مبه‌ر بدات -دروودی خوای له‌سه‌ربێت- له‌ موسڵمانیه‌تی ده‌چێته‌ ده‌رو، ده‌كه‌وێته‌ ناو بازنه‌ی كوفره‌وه‌.

له‌ به‌یاننامه‌ی فه‌تواكه‌دا هاتووه‌: یه‌كێك له‌ بنه‌ماكانی بیروباوه‌ڕی ئه‌هلی سوننه‌ت‌و جه‌ماعه‌ت خۆشویستن‌و رێز لێنانی هاوه‌ڵانی پێغه‌مبه‌ره‌ -دروودی خوای له‌سه‌ربێت- به‌تایبه‌تیش خێزانه‌كانی پێغه‌مبه‌ر-دروودی خوای له‌سه‌ربێت- بۆیه‌ موسڵمان له‌سه‌ریه‌تی ته‌واوی رێز‌و حورمه‌ت بنوێنێ‌ به‌رامبه‌ریان -خوای گه‌وره‌ لێیان رازی بێ‌- چونكه‌ ئه‌مان به‌ فه‌رمووده‌ی خوای گه‌وره‌، پاشان پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی چاكترین‌و باشترین كه‌سی هه‌موو سه‌رده‌م‌و زه‌مانێكن.

له‌ درێژه‌ی فه‌تواكه‌دا باس له‌ پاكی‌و بێگه‌ردی عائیشه‌ی خێزانی پێغه‌مبه‌ر ده‌كات -دروودی خوای له‌سه‌ربێت- كه‌ خوای گه‌وره‌ له‌ سه‌رووی حه‌وت ئاسمانه‌وه‌، به‌شایه‌تی ئایه‌ته‌ پیرۆزه‌كانی قوڕئان دووری گرتووه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و درۆو هه‌ڵبه‌ستراوانه‌ی له‌ باره‌یه‌وه‌ ده‌كرێ‌.

جێگه‌ی باسكردنه‌ ئه‌م فه‌توایه‌ به‌ ئاماده‌ بوونی هه‌موو ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی زانایان به‌ كۆ ده‌نگیه‌وه‌و به‌ئاماده‌بوونی موفتی وڵاتی سعودیه‌ شێخ عه‌بدولعه‌زیز ئال شێخ به‌ڕێوه‌چوو.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌و له‌وڵاتی میسڕ، دوای ئه‌وه‌ی سه‌ردانی جێگری سه‌رۆكی ئێرانی حه‌مید به‌قائی بۆ لای شێخی ئه‌زهه‌ر شێخ ئه‌حمه‌د ئه‌لته‌یب له‌ لایه‌ن مه‌شیه‌خه‌ی ئه‌زهه‌ره‌وه‌ دواخرا، ده‌سته‌ی زانایانی ئه‌زهه‌ر خۆشحاڵی خۆیان ده‌ربڕی بۆ پێشوازی نه‌كردن‌و پشتگوێ‌ خستنی هاتنی جێگری سه‌رۆكی ئێران، و داوایان كرد: وه‌ك سه‌رخستنێك بۆ هاوه‌ڵانی پێغه‌مبه‌ر-دروودی خوای له‌سه‌ربێت- و تا گڵكۆی ئه‌بو لوئلوئه‌ی مه‌جوسی تێك نه‌درێت، كه‌ بكوژی پێشه‌وا عومه‌ری كوڕی خه‌تتابه‌ –خوا لێی رازی بێت- به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پێشوازی نه‌كرێت له‌ هه‌ر كه‌سایه‌تی‌و به‌رپرسێكی ئێرانی.


له‌ لایه‌ن خۆیشیه‌وه‌ مه‌شیه‌خه‌ی ئه‌زهه‌ر رایگه‌یاند: هۆی دواخستنی سه‌ردانی جێگری سه‌رۆكی ئێرانی بۆ لای شێخی ئه‌زهه‌ر، زۆری میوان‌و كه‌می كاته‌كانی سه‌ردان كردن بوو، هه‌روه‌ها دواكه‌وتنی شاندی ئێرانی له‌ كاتی دیاریكراوی خۆیان.

شایانی باسه‌ له‌م ماوانه‌ی دوایی به‌هۆی جوێندانی هه‌ندێك كه‌سایه‌تی ناسراوی شیعه‌ به‌كه‌سایه‌تی به‌رزی هاوه‌ڵانی پێغه‌مبه‌ر-دروودی خوای له‌سه‌ربێت- و خێزانه‌كانی –خوا لێیان رازی بێت- له‌سه‌ر كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن، هه‌ڵوێست‌و كاردانه‌وه‌ی جۆراوجۆر دژ به‌شیعه‌كان له‌لایه‌ن تێكڕای موسڵمانی جیهان هه‌ستی پێده‌كرێ‌.
ئه‌زهه‌ری شه‌ریفیش رایگه‌یاند: پێشوازی له‌ هیچ كه‌سایه‌تیه‌كی ئێرانی ناكات، تا گۆڕی ئه‌بو لوئلوئه‌ تێك نه‌دات، كه‌ وه‌ك گۆڕێكی پیرۆز سه‌یر ده‌كرێت له‌ ئێراندا.