شه‌رم

شه‌رم بریتییه‌ له‌ شه‌رمكردنی كه‌سێك له‌به‌رامبه‌ره‌كه‌ی به‌رامبه‌ر به‌كارێك كه‌ده‌یه‌وێت ئه‌نجامی بدات یان كارێك كه‌پێشتر ئه‌نجامی داوه‌. به‌شێوه‌یه‌كی گشتی شه‌رمكردن ده‌كرێت به‌ دوو به‌شه‌وه‌:

1- شه‌رمكردن له‌هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه‌خواو په‌یامبه‌ره‌كه‌ی به‌شه‌رمیان داناوه‌.

2- شه‌رمكردن له‌ كاروباری ڕۆژانه‌مان و به‌ده‌ستهێنانی پێداویستییه‌كانمان.

ئه‌م دوو جۆره‌ شه‌رم كردنه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌هه‌ندێك كاتدا تێكه‌ڵا به‌یه‌ك ده‌بن له‌به‌رئه‌وه‌ زۆر كه‌س هه‌ر به‌یه‌ك شێوه‌ پێناسه‌ی بۆ ده‌كات و زۆر به‌خراپی ده‌زانێت و به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ڕه‌فسی ده‌كات.

به‌ڵام له‌ڕاستیدا ده‌توانین بیكه‌ین به‌دوو جۆری سه‌ره‌كییه‌وه‌، كه‌جۆری یه‌كه‌م هه‌روه‌ك له‌سه‌ره‌وه‌ باسمان لێوه‌كردووه‌، زۆرگرنگه‌و پێویسته‌ هه‌موو موسوڵمانێك پێوه‌ی پابه‌ند بێت، به‌ڵام جۆری دووه‌م به‌پێچه‌وه‌، ده‌بێت هه‌موو موسوڵمانێك خۆی لێبپارێزێت.

بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ فه‌رمووده‌یه‌كی پێشه‌وای مرۆڤایه‌تی درودوسه‌لامی خوای له‌سه‌ربێت كه‌عبدالله ی كوڕی عومه‌ر ڕه‌زاو ڕه‌حمه‌تی خوایان له‌سه‌ربێت بۆمان ده‌گێڕێته‌وه‌و ده‌فه‌رموێت ڕۆژێك په‌یامبه‌ری خوا درودی خوای له‌سه‌ربێت به‌لای یه‌كێك له‌هاوه‌ڵاندا تێپه‌ڕی كه‌ئامۆژگاری برایه‌كی دینی ده‌كردو پێی ده‌وت تۆ هێنده‌ شه‌رم ده‌كه‌یت كه‌ده‌ترسم زه‌ره‌ر له‌ئیمانت بدات، به‌ڵام په‌یامبه‌ر پێی فه‌رموو وازی لێبێنه‌ به‌ڕاستی شه‌رم له‌ئیمانه‌وه‌یه‌. وه‌هه‌ره‌وه‌ها له‌فه‌رمووده‌یه‌كی تردا پێمان ده‌فه‌رموێت ئیمان حه‌فتاو ئه‌وه‌نده‌ به‌شه‌و شه‌رم به‌شێكه‌ له‌ئیمان، له‌م ڕووه‌وه‌ فه‌رموده‌ زۆره‌ به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی كه‌پێویسته‌ لێی تێبگه‌ین وبیزانین كه‌شه‌رم كردن زۆر پێویسته‌ له‌هه‌موو ئه‌وشتانه‌دا كه‌خواو په‌یامبه‌ره‌كه‌ی درودوسه‌لامی خوای لێبێت بۆیان دیاری كردوین و په‌یوه‌ندی به‌ئیمانمانه‌وه‌ هه‌یه‌.

به‌ڵام جۆری دووه‌میان كه‌بریتییه‌ له‌ شه‌رم كردن له‌كاروباری ڕۆژانه‌مان و به‌ده‌ستهێانی پێداویستییه‌كانمان وه‌ك به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانمان و زانست و گه‌یاندنی حه‌ق ده‌بێت زۆر به‌توانا بین و شه‌رم نه‌كه‌ین چونكه‌ هه‌روه‌ك وتراوه‌ ماف نادرێت به‌ڵكو ده‌سێنرێت، وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر شه‌رمن بین به‌رامبه‌ر خوێندن و پرسیاركردن ده‌رباره‌ی ئه‌و شتانه‌ی كه‌نایزانین، ئه‌وا به‌ڕاستی ماف خوراو ده‌بین، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ژیانی هاوه‌ڵان، كه‌ دایكی ئیمانداران عائیشه‌ ڕه‌زاو ڕه‌حمه‌تی خوای له‌سه‌ربێت ده‌فه‌رموێت ڕه‌حمه‌ت له‌ئافره‌تانی ئه‌نصار كه‌ له‌ پرسیاركردندا شه‌رمیان نه‌ده‌كردو هه‌ر پرسیارێكیان هه‌بووایه‌ له‌په‌یامبه‌ریان ده‌كرد.

وه‌هه‌روه‌ها یه‌كێكی تر له‌زه‌ره‌رو زیانه‌كانی ئه‌م جۆره‌ شه‌رم كردنه‌ بریتییه‌ له‌وه‌ی كه‌كه‌سێكی بانگخواز شه‌رم بكات له‌گه‌یاندنی دینه‌كه‌ی، كه‌ئه‌مه‌ش به‌ڕاستی به‌ڵایه‌ بۆ گیانی ئیمانداران و بانگخوازان، چونكه‌ ئه‌گه‌ر تۆ شه‌رم بكه‌یت له‌گه‌یاندنی ئه‌و بیروباوه‌ڕه‌ی خۆت كه‌ سه‌د له‌سه‌د قه‌ناعه‌تت پێی هه‌یه‌ ئه‌وا به‌رامبه‌ره‌كه‌ت شه‌رم ناكات له‌گه‌یاندنی بیروباوه‌ڕی خۆی بۆ تۆ كه‌تۆ لێی دڵنیای كه‌ ئه‌و بیروبۆچونه‌ی ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌و قه‌ناعتیشت پێی نییه‌، ئه‌مڕۆ ئه‌م جۆره‌ شه‌رم كردنه‌ له‌نێو موسوڵماناندا زۆره‌، كه‌به‌داخه‌وه‌ زه‌ره‌ری زۆریشی لێداوین، له‌به‌رئه‌وه‌ زۆرجار ده‌بینین یان ده‌بیستین كه‌موسوڵمانێكی به‌ڕێز كاتێك ڕووبه‌ڕوو ده‌بێته‌وه‌ له‌گه‌ڵا كه‌سێكی عه‌لمانی یان كه‌سێكی بێ دین هێنده‌ شه‌رم ده‌كات كه‌دووچاری زۆرێك له‌هه‌ڵه‌و پاشه‌كشێ‌ كردن ده‌بێت له‌سه‌ر حسابی دینه‌كه‌ی و بۆیه‌ ساحه‌ بۆ به‌رامبه‌ره‌كه‌ی چۆڵا ده‌كات و بۆشایی خۆی ده‌دات به‌ده‌سته‌وه‌و كه‌سی به‌رامبه‌ریش ئه‌م فرسه‌ته‌ له‌ده‌ست خۆی نادات به‌هه‌لی زێڕینی ده‌زانێت و به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ژه‌هری خۆی ده‌ڕێژێت.

ئاماده‌كردنی// ڕه‌ییان به‌رزنجی
پیاچونه‌وه‌ی// سه‌ركه‌وت جلال