تكایه‌ مامۆستایان ته‌ڕاویحه‌كان خه‌فیف كه‌ن

جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ پیرو ئافره‌ت‌و...هتد. به‌شداری له‌ ئه‌نجامدانی ته‌ڕاویح ی ئه‌مساڵ ره‌مه‌زان ده‌كه‌ن له‌ مزگه‌وت‌و ته‌كیه‌و شوێنه‌ ئاماده‌كراوه‌كان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌، وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ ئافره‌ت هه‌یه‌ مناڵی جێهێشتووه‌و په‌له‌یه‌تی زوو بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ماڵ..

جۆره‌ كه‌سانێكیشمان هه‌یه‌ كه‌ رۆژووی خۆیان نافه‌وتێنن‌و له‌سه‌ر عیباده‌ته‌كانیان ڕژدن، هه‌ر بۆیه‌ به‌رۆژ ناچن بۆ كاسبی به‌ڵكو دووابه‌دوای ئه‌نجامدانی نوێژی عیشاو سوننه‌تی ته‌ڕاویح له‌ مزگه‌وت ئینجا ده‌ڕۆن بۆ كاسبی.

كه‌وابی پێویسته‌ مامۆستایانی ئاینی‌و پێشنوێژ ئه‌نجامده‌ره‌ به‌ڕێزه‌كانمان ئاگایان له‌مه‌ هه‌بێت‌و حیساب بۆ هه‌موو ئه‌مانه‌ بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی وانه‌زانن نوێژه‌كان‌و نوێژی ته‌ڕاویح به‌ربه‌سته‌ له‌وه‌ی كه‌ ئه‌وان ده‌یانه‌وێت (واته‌: له‌نێوان ئه‌وان‌و كاره‌كانیان)، بۆ ئه‌وه‌ی سارد نه‌بنه‌وه‌و تا سه‌ری (وه‌ك هاوڕێی به‌رنامه‌) ئه‌و شه‌وق‌و زه‌وق‌و روحیانه‌ته‌ی هه‌یانه‌ به‌رده‌وام بێت‌و نه‌ڕه‌وته‌وه‌‌و هه‌میشه‌ له‌سه‌ری گه‌رم‌و گوڕ بن، پێغه‌مبه‌ریش صلی الله علیه‌وسلم له‌ فه‌مه‌رمووده‌ فه‌رمانی به‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌فه‌رموێ‌: (إذا كان أحدكم إماما ، فليخفف ، فإنه يقوم وراءه الضعيف والكبير وذو الحاجة ، وإذا صلى لنفسه ، فليطول ما شاء ")مسند أحمد بن حنبل، واته‌: ئه‌گه‌ر كه‌سێكتان بووه‌ إمام‌و پێش نوێژی بۆ خه‌ڵكی كرد با نوێژه‌كه‌ خه‌فیف كات (واته‌: زۆر درێژی نه‌كاته‌وه‌) له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بێ تواناو نه‌خۆش‌و (شه‌كه‌ت‌و ماندوو) به‌ساڵاچوو خاوه‌ن كاری تێدایه‌، وه‌ هه‌ركاتێكیش نوێژی بۆخۆی كرد ئه‌وه‌ با به‌ كه‌یفی خۆی درێژی كاته‌وه‌.
لێره‌دا ئه‌وه‌ ماوه‌ بڵێم: كه‌ مامۆستایان پێویسته‌ رای نوێژخوێنان به‌گشتی‌و به‌ساڵاچووه‌كانیش به‌تایبه‌تی وه‌رگرن‌و راكانیش به‌هه‌ند دابنرێ‌و كاری له‌سه‌ر بكه‌ن، چونكه‌ پێشنوێژی بۆ ئه‌و خه‌ڵكه‌ ده‌كات‌و ده‌بێ به‌دڵی ئه‌وان بێت مه‌گه‌ر له‌ سوننه‌ت ده‌رچێت ئه‌وكاته‌ جه‌نابی مامۆستا خۆی باشتر ده‌زانێت چۆن خه‌ڵكه‌كه‌ حاڵی ده‌كات‌و قه‌ناعه‌تیان پێ دێنێت.

نایشارمه‌وه‌ كه‌ هه‌ندێك مامۆستا هه‌ن: وتارو نوێژ درێژ ده‌كه‌ن! ئه‌گه‌ر بیانبه‌یته‌ وتارو نوێژی كه‌سێكی دیكه‌ حه‌ز به‌ كورتیه‌كه‌ی ده‌كه‌ن، كه‌ ئه‌وه‌ واقعێكه‌ له‌ كۆڕو كۆبوونه‌وه‌و مه‌جلیس‌و وتارو نوێژه‌كان‌و سوننه‌تی ته‌ڕاویح‌و...هتد. ئه‌مه‌ هه‌ست پێده‌كرێت، كه‌ خه‌ڵكێك كاتێ‌ به‌خۆیان قسه‌ ده‌كه‌ن‌و یا وتار ده‌ده‌ن‌و یانیش پێش نوێژی ئه‌نجامده‌ده‌ن: به‌لایانه‌وه‌ زۆر ئاساییه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر چه‌نده‌ درێژیشی بكه‌نه‌وه‌!، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بیانبه‌ی بۆ وتاری كه‌سێكی دیكه‌و یا ببێته‌ مه‌ئموم له‌ دوای كه‌سێكی دیكه‌ ئیتر ئاره‌زووی له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كورت‌و پوخت بێت‌و زۆر درێژه‌ی نه‌خایه‌نێت.

كه‌وابی پێویسته‌ به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌وانیش موڕاعات بۆ كه‌سانی تر بكه‌ن كه‌ بۆ وتاری به‌ڕێزیان دانیشتوون‌و یاخود نوێژو سوننه‌تی ته‌ڕاویح ی له‌ دووا ئه‌نجامده‌ده‌ن.
****************