له‌ژێر دروشمى ئایه‌تى ( وقولوا للناس حسنا) و به‌ئاماده‌بوونى رێزدار نیچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و به‌ڕێز (قوباد تاڵه‌بانی) جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و ژماره‌یه‌ك وه‌زیر و كونسڵی سه‌رجه‌م وڵاتان له هه‌ولێر و ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتار و ژماره‌یه‌كى به‌رچاو له ووتاربێژانى كوردستان، له رۆژى 8/11/2016 كۆنفڕانسی رێكخستنی گوتاری ئایینی له‌ژێر دروشمی (بەرەو گوتارێكی ئایینی هاوسەنگ، لەسەر بنەمای مرۆڤدۆستی و ئاشتی كۆمەڵایەتی) له هۆڵی شه‌هید مامۆستا سه‌عد عه‌بدوڵڵا له هه‌ولێری پایته‌خت به‌ڕێوه‌چوو كه ماوه‌ی دوو رۆژ ده‌خایه‌نێت. سەرەتای كۆنفڕانسەكه بەچەند ئایەتێك لەقورئانی پیرۆز دەستیپێكرد، دواتر، به‌ڕێز (د. پشتیوان سادق) وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی بەوەكالەت، پەیڤی بەخێرهێنانی میوانان و ئامادەبووانی كۆنفڕانسەكەی پێشكەشكرد و تیشكی خستەسەر ڕۆڵ و پێگەی مامۆستایانی ئایینی لەكۆمەڵگە و بڵاوكردنەوەی بیری میانڕەوی، ئەو كۆنفڕانسەشی بەپێویست زانی بۆ ڕێكخستنەوە و پێداچوونەوە بە وتاری ئایینی لەسەر ڕێگایەكی شەرعی و زانستی. پاشان، ڕێزدار (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكی ئه‌نجومه‌نی وهزیرانوتارێكی پێشكەشكرد و ئاماژەی بە پێشەنگی مامۆستایانی ئایینی كرد لەهەموو سەردەم و قۆناغێكدا و پێگە و كاریگەری پیاوان و مامۆستانی ئایینی خستەڕوو و ئەنجامدانی ئەو جۆرە كۆنفڕانسەشی له كات و قۆناغێكی باش و گونجاو زانی و ڕێكخستن و پێداچوونەوە بەوتاری ئایینی بەئەركێكی ئەرێنی وه‌سف كرد لەم دۆخە هەستیار و قۆناغە گرنگەدا، هه‌روه‌ها به‌ڕێزیان باسی لەوەشكرد؛ كە ئیسلام ئایینی پێكەوە ژیان و نەرمی و تەباییە و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانیشی لەلا پەسندە بۆ پێكەوبوون و پێكەوەژیانی برایانەی نێوان مرۆڤەكان دوور لەدەمارگیری نەژادی و ڕەگەزی و نەتەوەیی. ئەوەشی خستەڕوو؛ كە ئایینی ئیسلام ئایینی لێبوردە و گیانی برایەتی و یەكتر قبوڵكردنە. داواشی لەمامۆستایانی ئایینی كرد، كە ڕۆڵی بنەڕەتی پۆزەتیڤی خۆیان وەك هەمیشە بگێڕن لەبڵاوكردنەوەی ئیسلامی ڕاستەقینە و گەشەپێدانی میانڕەوی و كپكردن و نەهێشتنی دەنگی توندڕەوی و بیری نامۆ لەدیدی كۆمەڵگەی كوردی و به‌كار نه‌هێنانی مینبه‌ری پیرۆزی مزگه‌وته‌كان بۆ مه‌رامی سیاسی و حزبی. دواتر بەسەرپەرشتی (د. عەبدوڵڵا مەلا سەعید) سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان دوو پانێڵ بەڕێوەچوون، پانێڵی یەكەم بە بەشداری (د. محەمەد شەریف) بابەتی پێشكەشكردنی (ڕوونكردنەوەی چەند چەمكێكی پێویست بۆ وتاربێژان)، (م. ئەنەس دۆسكی) بابەتی پێشكەشكردنی (چۆنیەتی شیاندن و ئامادەكردنی وتاربێژ بۆ ئەم سەردەمە). پانێڵی دووەم بە بەشداری (م. ئەبوبەكر كاروانی) بابەتی پێشكەشكردنی (كەسایەتی وتاربێژی سەركەوتوو)، (د. عیرفان ڕەشید) بابەتی پێشكەشكردنی (خاڵە لاوازەكانی وتاری ئایینی و وتاربێژی ئەمڕۆ). دوای ئەوەی ئەو تەوەرانە خرانەباس، دەرگای گفتوگۆ بۆ تەواوی مامۆستایانی ئایینی و ئامادەبووانی ئەو كۆنفڕانسە كرایەوە و پرسیار و ڕاو پێشنیاز و سەرنجەكانیان خستەڕوو. لەلایەن سەرپەرشتیاری پانێڵ و ئەندامی ئەو پانێڵانە وەڵام و قسەی زیاتری لەسەر كرا. له رۆژى چوارشه‌ممه رێكه‌وتی 9/11/2016 به‌ڕێز (د. به‌شیر خلیل حداد) سه‌رپه‌رشتی دانیشتنه‌كه‌ی كرد، سه‌ره‌تا به‌ڕێز مامۆستا (عبدالرحمن صدیق) بابه‌تێكی پێشكه‌ش كرد له‌ژێر ناوی (وتاری ئایینی و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ییمان) كه تیایدا به‌وردی تیشكی خسته لایه‌نی ئایینی و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كه دوو بابه‌تی لێك دانه‌بڕاون، هه‌روه‌ها دووپاتیشی كرده‌وه كه ریزگرتن له ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ریزگرتنه له ئیراده‌ی خودا و هه‌رگیز نابێت نه‌ته‌ه‌وه‌ی خۆمان به‌جێ بێڵین، چونكه هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ك خوای گه‌وره دروستی كردوون. بۆیه پاراستنی ئه‌و خاكه ئه‌ركی هه‌مووانه بێ جیاوازی و فه‌زلی هیچ زمانێك له‌لای خوای گه‌وره به‌سه‌ر زمانێكی تردا نییه و هه‌مووان وه‌ك یه‌كن. له ته‌وه‌ری دووه‌می پانێڵه‌كه به‌ڕێز (د. مادح مه‌لا محمد) باسی له گرنگی لایه‌نی روحی له وتاردان و ئاماژه‌ی به چڕكردنه‌وه‌ی كاتی وتاردان به‌شێوه‌یه‌ك به‌كاتێكی گونجاو باشترین و زۆرترین سوود بگه‌یه‌نێ و ئاماژه‌شی به‌وه‌دا كه مامۆستایان ده‌بێت په‌یوه‌ندییه‌كی توند و تۆڵیان له‌گه‌ڵ بیرمه‌ندان و رۆشنبیران هه‌بێت بۆ پێشكه‌ش كردنی باشترین بابه‌ت له گوتاری ئایینی‌دا، هه‌روه‌ها ئه‌رشیف كردنی وتاره باش و سه‌ركه‌وتووه‌كان. له ته‌وه‌ری سێیه‌م به‌ڕێز (د. احمد شافعی) بابه‌تێكی له‌ژێر ناوی (به‌ره‌و چاككردنی فرهوتاری) له‌بابه‌ته‌كه‌ی به‌ڕێزیان زانایانی ئایینی هه‌میشه خه‌مخۆری وڵات و خاك و نیشتمان بوونه و هه‌میشه دژی تیرۆر و تۆقاندن و ترس بوون، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به رۆڵی مامۆستایانی ئایینی له خه‌باتی به‌رخودان و شۆڕشه‌كانی گه‌له‌كه‌مان دا و جه‌ختی كرده‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه وتاربێژ ده‌بێت زیاتر ئاشنا بێت به وتاره‌كه‌ی و عه‌وداڵی دۆزینه‌وه‌ی جوانترین ده‌سته‌واژه بێت. هه‌روه‌ها زۆری ژماره‌ی وتار چاره‌سه‌ر بكرێ به‌شێوه‌یه‌ك خزمه‌ت به موسڵمانان بكات. ته‌وه‌ری چواره‌م له‌لایه‌ن به‌ڕێز (د. صباح به‌رزنجی) له‌ژێر ناوی (بنه‌ماو مه‌رجه‌كانی وتاری ئایینی و هه‌ڵسه‌نگاندنی وتاری ئه‌مرۆ) وێڕای گرنگی وتار و مه‌رجه سه‌ره‌كییه‌كانی وتاری ئایینی ئاماژه‌یدا به‌وه‌ی كه چاره‌سه‌ری رێكخستنی گوتاری ئایینی ئه‌ركی هه‌موو لایه‌كه و نه‌ك به‌ته‌نها مامۆستایانی ئایینی، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی دا به بۆچوونی جیاواز له گوتاری ئایینی به‌مه‌رجێك كه نابێت كاریگه‌ری هه‌بێت له‌سه‌ر ترازان و ده‌بێت توند و تیژی به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ره‌ت بكرێته‌وه، هه‌روه‌ها نابێت مامۆستا وه‌ك قازی حوكم بكات و ده‌بێت واقیع وه‌ك خۆی باس بكات و پێویسته وتاربێژ له‌ناو خه‌ڵك بۆ خه‌ڵك بێت و دوور بێت له هه‌ر ئاراسته كردنێك،پاشان به‌سه‌رنج و گفتوگۆی مامۆستایان ته‌وه‌ره‌كان زیاتر ده‌وڵه‌مه‌ند كران. و دواتر ژماره‌یه‌ك راسپارده له لایه‌ن ئاماده‌بووان رێكخران كه گرنگترینیان بریتى بوون له: كردنه‌وه‌ى په‌یمانگایه‌كى شیاندن بو وتاربێژان و رێكخستنى ئه‌و مزگه‌وتانه‌ى كه وتارى هه‌ینیان تێدا ده‌وترێته‌وه له سه‌رجه‌م شاره‌كانى كوردستان به شێوازێكى زانستى و به‌رچاو بنه‌ما شه‌رعیه‌كان و پۆلین كردنى بۆ جامع و مصلى، له گه‌ل دانانى میكانیزمێك بۆ جێگۆركى به وتاربێژان، و خۆ دور خستنه‌وه‌ى وتاربێژ له فه‌توا، و پشت به‌ستن به سه‌رچاوه ئاینى و ئه‌ده‌بیه‌كانى زانا و عارفانى كورد، و ئه‌نجامدانى گه‌شتى زانستى بۆ زانایانى ئاینى بۆ ولاتانى جیهانى ئیسلامى بۆ سوود وه‌رگرتن له ئه‌زموونى ولاتان، و هه‌ولدان بۆ چاكتر كردنى بار و گوزه‌رانى زانایانى ئاینى و رێگه‌نه‌دان به هیچ كه‌س و لایه‌نێك بێ رێزى به‌رامبه‌ر به ئاینه‌كان، وتۆمار كردنى داواى یاسایى له سه‌ریان به هه‌ماهه‌نگى یه‌كێتى زانایان. |