وڵاتانی ئیسلامی چاكسازی ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

ئه‌مساڵ له‌سه‌ره‌تای مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆزه‌وه‌ زۆربه‌ی وڵاتانی ئیسلامی و عه‌ره‌بی بریاری قه‌ده‌غه‌كردنی بڵندگۆی ده‌ره‌وه‌ی مزگه‌وته‌كانیان بۆ قورئانخوێندن و وتاری هه‌ینی و نوێژی ته‌راویح و وه‌عزی عه‌سران جێبه‌جێكرد،

هه‌ریه‌كه‌ له‌وڵاتانی سعودیه‌ و ئه‌رده‌ن و به‌حره‌ین ،سه‌ره‌رای بوونی ناره‌زایی چه‌ند حزب و كه‌سایه‌تی ئیسلامی به‌ڵام ئه‌و بڕیاره‌یان زۆر به‌جدی جێبه‌جێكردوه‌ و به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف له‌و وڵاتانه‌دا رایده‌گه‌یه‌نن كه‌وا بریاره‌كه‌ بریارێكی شه‌رعیه‌ و زۆربه‌ی مامۆستایانی ئاینی و هاوڵاتیانی موسڵمانی وڵاته‌ ئیسلامیه‌كان پابه‌ندبوون به‌بریاره‌كه‌ و جێگای ره‌زامه‌ندیه‌،چونكه‌ تێكه‌ڵاوبوونی ده‌نگی قورئانخوێندن یاخود وتاری هه‌ینی یاخود وه‌عزی مزگه‌وته‌كان ناشه‌رعیه‌ و پێچه‌وانه‌ی قورئانی پیرۆزه‌،

شایانی باسه‌ ئێستا له‌زۆربه‌ی وڵاتانی ئیسلامی و عه‌ره‌بی ته‌نها له‌كاتی بانگ و قامه‌تتدا بڵندگۆی ده‌ره‌وه‌ی مزگه‌وته‌كان ده‌كرێنه‌وه‌ و له‌كاتی نوێژ و نوێژی ته‌راویح و قورئانخوێندن و وه‌عزی ئیسلامیدا ته‌نها بڵندگۆی ناو مزگه‌وته‌كان ده‌كرێنه‌وه‌،

له‌هه‌رێمی كوردستانیش سه‌ره‌رای بوونی رێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف بۆ هه‌مان مه‌به‌ست به‌ڵام هێشتا ژماره‌یه‌كی زۆر له‌مزگه‌وته‌كانی كوردستان به‌بریاره‌كه‌ پابه‌ند نه‌بوون و هێشتا بڵندگۆی ده‌ره‌وه‌ی مزگه‌وته‌كان بۆ وه‌عز و قورئانخوێندن و نوێژی ته‌راویح و وتاری هه‌ینی به‌كارده‌هێنرێ‌.

هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی دۆسێی چاكسازیدا ،شێخ محه‌مه‌د ئه‌لمونجید یه‌كێكه‌ له‌بانگخوازه‌ ئیسلامیه‌ ناوداره‌كانی سوریا و چه‌ندین ساڵه‌ له‌وڵاتی عه‌ره‌بستانی سعودیه‌ داده‌نیشێت و له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا له‌رێگای سایتێكی تایبه‌ت به‌خۆی كه‌ناوی(الاسلام سوال و جواب)ه‌،چه‌ندین فه‌توای سه‌یروسه‌مه‌ره‌ و لابه‌لای بڵاوكرده‌وه‌ و به‌هۆی ئه‌م حاڵه‌ته‌ش خه‌ڵكێكی زۆر له‌سعودیه‌ ئه‌م سایته‌ی ده‌كرده‌وه‌ و رۆژانه‌ وه‌ك نوكته‌ و بۆ پێكه‌نین فه‌تواكانی ئه‌م بانگخوازه‌ له‌نێوان مۆبایلی سعودیه‌كاندا ئاڵوگۆڕی پێده‌كرا،به‌شێكی زۆربش له‌موسڵمانه‌ مولته‌زیمه‌كانی سعودیه‌ش نیگه‌رانیان له‌سه‌ر ئه‌م فه‌توا سه‌یرانه‌ ده‌رده‌بڕی و به‌پێی رێنماییه‌كانی عه‌ره‌بستانی سعودیه‌ش جگه‌ له‌لیژنه‌ی باڵای یه‌كێتی زانایانی موسڵمان كه‌موفتی و لیژنه‌ی باڵای فه‌توایان هه‌یه‌ ،نابێ‌ هیچ مامۆستایه‌كی ئاینی فه‌توا بدات،له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ حكومه‌تی سعودیه‌ بریاریدا ئه‌م سایته‌ بخاته‌ ریزی سایته‌ قه‌ده‌غه‌كراوه‌كان و به‌فلته‌ری حكومه‌تی سعودیه‌ داپۆشراوه‌ و هه‌ره‌شه‌ش له‌هه‌ر سایتێكی دیكه‌ ده‌كات كه‌ به‌بێ‌ مۆڵه‌ت فه‌توا بڵاوكاته‌وه‌ یاخود هه‌وڵی بڵاوكردنه‌وه‌ی رۆشنبیری هاندان و توندرۆیی بدات ئه‌وا داده‌خرێت و ئیجرائاتی یاسایی له‌گه‌ڵ خاوه‌نه‌كه‌ی ده‌كرێت.

شایانی باسه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان سه‌دان كه‌سایه‌تی ئیسلامی سایتی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه‌ و هه‌ریه‌كه‌ به‌ئاره‌زی خۆی فه‌توا بڵاوده‌كاته‌وه‌،به‌ڵام هیچ سانسۆرێك له‌سه‌ر ئه‌م سایتانه‌ دانه‌نراون و ته‌نانه‌ت له‌لایه‌ن لیژنه‌ی باڵای فه‌تواشه‌وه‌ چاودێری ناكرێن و هیچ شتێكیان له‌سه‌ر نه‌وتراوه‌،به‌ڵام به‌م دواییه‌ سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایانی كوردستان مامۆستا مه‌لا عه‌بدوڵا مه‌لا سه‌عید له‌لێدوانێكدا بۆ ماڵپه‌ری فه‌رمی زانایانی كوردستان ته‌ئكیدی كرده‌وه‌ كه‌ هیچ فه‌توایه‌ك كاری پێناكرێت ئه‌گه‌ر له‌لیژنه‌ی باڵای فه‌توای كوردستانه‌وه‌ ده‌رنه‌چوبێت و داوای كرد مینبه‌ری مزگه‌وت و سایت و رۆژنامه‌ و گۆڤار و ته‌له‌فزیۆنه‌كان نه‌كرێته‌ مینبه‌ری فه‌توادان.

زانیاریه‌كانی ئه‌م بابه‌ته‌ له‌سایتی(العربیه‌ نت)وه‌رگیراون

naqshbandy@gmail.com