له‌ خه‌ونێکه‌وه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ی زانستی و مسوڵمانبوون

ئۆرتۆر فاغنر یه‌ك له‌ سه‌رکرده‌ هه‌ره‌ دوژمنه‌کانی ئیسلام له‌ ئه‌ڵمانیاو ده‌مارگیرێکی تووندی مه‌سیحی بوو پێشتریش رێچکه‌ی شیوعیه‌تی تاقیکردبووه‌وه‌، که‌ ماوه‌یه‌ك به‌ر له‌ ئێستا مسوڵمانبوونه‌که‌ی خۆی ئاشکرا کرد، له‌ دیمانه‌یه‌کی که‌ناڵی ئه‌لجه‌زیره‌ کۆمه‌ڵه‌ شتێکی تایبه‌ت به‌ مسوڵمانبوونی ئاشکرا ده‌کات، که‌ ده‌ڵێت:


ساڵی 2013 خه‌ونێکم بینی، به‌ گریانه‌وه‌ له‌ خه‌وه‌که‌م به‌ ئاگاهاتمه‌وه‌، هه‌واڵم دا ژنه‌که‌م که‌ من مسوڵمانبوومه‌، دوای ئه‌وه‌ بۆ ماوه‌ دوو ساڵ له‌ ململانێی فیکری دابووم، دواتر له‌ 2015 مسوڵمانبوونی خۆم راگه‌یاند.


ده‌رباره‌ی گرنگترین ئه‌و شتانه‌ی له‌ ئیسلام سه‌رنجی راکێشاوه‌ ده‌ڵێت: روونی و نیزامی ئیسلام سه‌رنجی راکێشام هه‌روه‌ها وه‌ڵامی ته‌واوی ئه‌و پرسیارانه‌شی تێدا بوو که‌ به‌ دڵم داده‌هاتن، هه‌روه‌ها (وێڕای ئه‌وه‌ی ئه‌ندامی لیژنه‌ی کڵێسا بووه‌) به‌ڵام ده‌ڵێت: بڕوام به‌وه‌ نه‌بوو که‌ مه‌سیح خودا بێت وه‌ك ئه‌وه‌ی شوێنکه‌وتووانی کڵێسا باوه‌ڕیان پێی هه‌یه‌.


کۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌ڵمانی موحافیزکاره‌و گرنگی به‌ خێزان و ره‌سه‌نایه‌تی دروست ده‌دا، ئیسلام ئه‌و بۆشاییه‌یان بۆ پڕ ده‌کاته‌وه‌، بۆیه‌ پێم سه‌یره‌ هه‌ڵوێستی نه‌رێنیان ده‌رباره‌ی ئیسلا هه‌یه‌.


دوای مسوڵمانبوون تووشی جوێندان و سووکایه‌تی زۆر بووه‌ له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی حزبه‌که‌ی، به‌ڵام ئه‌و وه‌ك تازه‌ مسوڵمانێك وێڕای سه‌رسامی ده‌ربڕین به‌ حزبه‌که‌ی ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر سه‌رکرده‌کانی ئه‌م حزبه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی زانستیانه‌ بڕواننه‌ ئیسلام بێگومان مسوڵمان ده‌بن، پێشم وایه‌ من دواهه‌مین که‌س نابم له‌ حه‌زبه‌که‌م مسوڵمان ببن.


گرنگی ئه‌م کابرایه‌ له‌وه‌دایه‌ زانستیانه‌و دوای دوو ساڵ لێکۆڵینه‌وه‌ مسوڵمان بووه‌، هه‌روه‌ها پێشتریش شیوعیه‌تی تاقیکردۆته‌وه‌... که‌چی ئێستاش به‌ زمانێك قسه‌ ده‌کات وێڕای رێزی بۆ ئه‌وانه‌ی جوێنیشیان پێداون، ده‌رگای خوێندنه‌وه‌ی ئیسلامیان بۆ ده‌کاته‌وه‌.


جه‌عفه‌ر گوانی